هەواڵ

بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە سلێمانی گفتوگۆی راستەخۆ دەکەن

زانیار بەهادین
2025-04-16

بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە نۆیەمین دیداری سلێمانی گفتوگۆی راستەوخۆیان کرد، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئێرانی بە پاڵپشتیکردنی رژێمی ئەسەد تۆمەتبار کرد و وتی،" ئەو رژێمە کوشتنی زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی بێ تاوان هەبووە". جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وەک وەڵامێک رایگەیاند، ئێران هەڕەشە نییە بۆ سەر ئەمریکا، ئیسرائیل بە هاوکاری حکومەتی نوێ سوریایی داگیرکردووە.

 

 دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سوریا و روخانی رژێمی بەشار ئەسەد یەکێک بوو لە پانێڵەکانی نۆیەمین دیداری سلێمانی کە لە زانکۆی ئەمریکی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

باربارا لیف یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و سەعید خەتیب زادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دوو لە قسەکەرە سەرەکییەکانی پانێڵەکە بوون.

بەپێی رێکخستنی شوێنی قسەکەرەکان، ئەو دوو بەرپرسەی ئێران و ئەمریکا بە تەنیشتی یەکەوە دانیشتبوون و هەڵسەنگاندیان بۆ دۆخی سوریا کرد. 

باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پانێڵەکەدا رایگەیاند، "لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا هاووڵاتییانی سوریا لە دەست دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد دوای زیاتر لە 50 ساڵ ڕزگاریان بووە، لوبنانییەکانیش لە دەست حزبوڵلا ڕزگاریان بوو،  ئێستا لە هەردوو وڵات دەرفەتێکی زۆر باش بۆ ئاشتی و سەقامگیریی هاتووەتە پێشەوە". 

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە پێویستی زانی وڵاتانی ناوچەکە، هەمووان بێنە پێشەوە و دەستی هاوکاریی بۆ سووریی و لوبنانییەکان درێژ بکەن بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکان، روبەڕوبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکانیان.

بەرپرسە ئەمریکیەکە هەر لە تەنیشتی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە، تارانی بە پشتوانیکردنی رژێمی بەشار ئەسەد تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "ئێران لە ماوەی ڕابردوودا هاوکاریی ڕژێمی بەشار ئەسەدی کردووە کە دەستی لە کوشتنی زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی بێ تاوان هەبووە، بەڵام ئێستا ئەمریکا دەیەوێت هاوکاریی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە بکات و رێگریی لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بکات". 

سەعید خەتیب زادە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەمان پانێڵدا وەک وەڵامێک بۆ یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا  ئیسرائیلی بە داگیرکردنی سوریا تۆمەتبارکرد و وتی،"ئێمە نیگەرانین لەداگیرکردنی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهاوکاریی حکومەتی نوێی سوریا".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ئێمە ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان گرنگترین شتە لامان، له‌هه‌مانكاتیشدا پێمانوایه‌، ئەمریکا تێگەیشتوە ئێران هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ شوێنێک".

خەتیبزادە باسى له‌وه‌شكرد، "ئێستا کاتی ئاشتی‌ و ڕێککردنەوەی ڕێڕەوەکانە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ و پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی دەکەین، هەرکات ئیرادە هەبوو ئەنجامیش دەبێت، ترامپیش بەئێمەی وت، یان بۆمب یان وەرەقەی دانوستان، ئێمەش پێمان وت هەنگاوبنێ‌ و ئێمە ئاسۆی دپلۆماسی‌ و گفتوگۆ هەڵدەبژێرین".

رۆژانی 16 و 17ی نیسانی 2025  نۆیەمین "دیداری سلێمانی" لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەرێوەدەچێت و تیایدا گرینگترین ئاڵنگارییەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهان تاوتوێدەکرێت و بابەتی سەرەکیی دیدارەکەی ئەمساڵیش "ئاشتیی ناوچەکەیە". 

دیدارەکە میوانداریی سەركردە و بیرمەند و بڕیاربەدەستانی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا، ئەمریكا و جیهان دەكات، کە سەرۆكی وڵاتان، دیپلۆماتكاران، لێپرسراوانی باڵا، ئەكادیمی و شیكەرەوەی دامەزراوە سیاسی و هزرییە پێشەنگەكان بەشداریی تیادا دەكەن.

More News

Most Popular

هەواڵ

کێشەی مووچە بە جیهانی دەکرێت و بە بارمتەی دەستی عێراق ناودەبرێت

Mic
2025-07-29


نەوەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بارمتەی دەستی عێراق ناودەبن و دەڵێن، دەبێت دابەشکردنی مووچە بەردەوام بێت.

پرسی مووچە تەنها لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا نەماوەتەوە، بەڵکو ئێستا لە جیهانەوە پشتیوانی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

دابەشکردنی مووچە دوای زیاتر لە 80 رۆژ هۆکاری سەرەکی پشتیوانییەکانن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، دەزانرێت بەردەوامی کێشەکان قەیرانی دارایی قوڵ بەدوای خۆیدا دەهێنیت.

محەمەد ئەلحەسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتى و سه‌رۆکی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عێراق لە سەردانێکدا بۆ هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

سەرۆکی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عێراق لەبارەی مووچەوە رایگەیاند، گرنگە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکرێت.

رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) یەکێکی دیکەیە لەو رێکخراوە جیهانییانەی پشتیوانی بۆ خەرجکردنی مووچە راگەیاندووە و لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوەتە بارمتەی ناکۆکییە سیاسییەکان.

نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) پرسی مووچە و هێرشە درۆنیەکانیان پێکەوە بەستووەتەوە و ئیدانەی هێرشەکانیان کردووە.

ئەوەی وایکردووە، هەردوو پرسەکە پێکەوە ببەسترێنەوە ئەوەیە، هێرشە درۆنییەکان هاوکاتی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بوو لەبارەی مووچە و نەوتەوە.
تەنها لە مانگی تەممووزدا 21 جار بە درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئامانجی زۆربەی هێرشەکانیش کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بوون.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە راپۆرتەکەی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ)دا هاتووە، هێرشەکان بوونەتە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نزیکەی 220 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەوەش کۆی بەرهەمی نەوت 70% کەمی کردووە.

رۆژی 24ـی تەممووزی 2024، حکومەتی عێراق پارەی مووچەی مانگی ئایاری رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوەیش دوای زیاتر لە 80 رۆژ لە دابەشنەکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان.

بەدەنگهاتنی نەوەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لەکاتێکدایە، کە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی شەش و حەوتیان وەرنەگرتووە، تائێستا دیار نییە بەغدا کەی مووچەی ئەو دوو مانگە دەنێرێت.