کلیلی
کردنەوەی گرێکوێرەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، لەدەست هەرێمی
کوردستنادایە نەک بەغدا، هەرێم نەوت بکاتەوە عێراق پارە دەنێرێت.
وەزارەتی
دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران و تەمموز چاوەرێی هەرێمی کوردستانە
ئەو بڕە نەوتەی ڕادەست بکات کە لەسەری ڕێککەوتوون.
بەپێی
زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC نزیکەی مانگێکە هەرێمی
کوردستان لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی بۆ بەغدا ناردووە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی
دارایی عێراق وردبینی لیستەکەی تەواو نەکردوە، تێبینییەکانی لەسەر لیستەکە بۆ
هەرێمی کوردستان نەناردوەتەوە.
ئەم
خاوییە لە کارکردنی وەزارەتی دارایی عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چاوەڕێیە هەرێمی
کوردستان 120 ملیار دینار داهاتی
ناوخۆ و 230 هەزار بەرمیل نەوتی رادەست بکات، ئەوجا مووچە
بنێرێت.
بەشێک
لە کۆمپانیاکانی نەوت بەهۆی هێرشە درۆنییەکان، زیاتر لە دوو هەفتەیە بەرهەمهێنانی
نەوتیان ڕاگرتووە، ئەوەش بووەتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان
هەولێر و بەغداد.
بۆیە پێناچێت عێراق مووچەی مانگی حوزەیران بنێرێت
هەتا هەرێمی کوردستان نەوتەکە نەکاتەوە، حەکومەتی هەرێمی لە ئێستادا سەرقاڵی
کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتە لە کێڵگە نەوتییەکان،
رەنگە چارەسەری گرفتەکە زیاتر بخایەنێت.
بەپێی زانیاریی گەیشتوو بە دیجیتاڵ میدیای MIC وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)-ە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی MIC ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران و دەستپێکردنی
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەوێتە دوای ناوەڕاستی مانگی (8) ئابەوە.
لێرەوە
دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی یارییەکە هێندەی مەسەلەیەکی سیاسییە، نیوهێندە دارایی و
ئابووریی نییە، چونکە هەرێمی کوردستان پێیوایە ملدان بۆ داواکارییەکانی بەغدا
واتە بچوکبوونەوە و بێ ڕۆڵکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
لە 28ـی ئایاری 2025 تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند پشکی
هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2025 کۆتایی هاتووە.
دوای
لێدوانەکەی وەزیری دارایی عێراق، هەولێر و بەغدا دەستیان بە گفتوگۆو دانوستاندنکرد،
بۆ چارەسەری گرفتەکە، لە ناوەڕاستی مانگی تەمموز گەیشتنە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی
هاوبەش.
لە
دواین ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووە، دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار
دینار داهاتی ناوخۆ و ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لەم قۆناغەدا ڕادەستی
کۆمپانیایی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق- سۆمۆ بکات، لە بەرامبەردا بەغداد مووچە
دەنێرت.
بەریتانییەکان بە شاندێکی سەربازی و سیاسییەوە دۆخی ئەمنی و ئابورییان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد و رایانگەیاند، وەڵاتەکەیان ئامادەی هەموو هاوكارىی و پشتيوانييهكە بۆ پاراستنى ئاسايش و سهقامگيريى عێراق و ههرێمى كوردستان.
شاندێکی سەربازی و سیاسی بەریتانیا لە یەک رۆژدا بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە و دۆخی ئەمنی و ئابورییان تاتوێ کرد.
هێرشە درۆنی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، هەڕەشەکانی داعش و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە گرنگترین تەوەرەکانی گفتوگۆ بوون.
شاندەکەی بەریتانیا کە پێکهاتبوون لە جێگرى ئهدميراڵ ئێدوارد ئالگرين، ڕاوێژكارى باڵاى بهريتانيا بۆ ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست و باكورى ئەفریقا و له ژمارهيهك ڕاوێژكار و كونسوڵى گشتيى بهريتانيا له هەولێر، پەیامی پشتیوانی لەندەنیان بۆ هەولێر دووپاتکردەوە.
نێچيرڤان بارزانى لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەکە داعشی وەک مەترسییەکی راستەقینە لە عێراق و سوریا ناوبرد، دهربارهى هێرشه درۆنييهكانيش بۆ سهر ههرێمى كوردستان و به ئامانجگرتنى ژێرخانى وزهى له ههرێمى كوردستان رایگەیاند، هەڕەشەن زيان بە تهواوى ئابووريى عێراق دەگەنن و پێویسته ڕێگرى لهو هێرشانه بكرێت.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان یەکێکی دیکە بوو لەو سەرکردە سیاسییانەی کە لەگەڵ شاندەکەی بەریتانیا کۆبووەوە و ستایشی رۆڵی بەریتانیای لە شەڕی دژی داعش کرد و رایگەیاند، مەترسییەکانی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە.
پەیوەست بە هێرشە درۆنییەکان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی وتی، ئەو هێرشانە مەترسییەکی گەورەن و دەبێت رێگرییان لێبکرێت و نەهێڵرێت ئارامی وڵاتەکە تێکبدەن.
مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستانیش بە شاندەکەی راگەیاندووە، پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگیردرێت و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکرێت.
بارزانی بە پێویستی زانیووە، رێگری لە هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت و کۆتاییان پێبهێنرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەکەدا راگەیاند،پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و هەموو لایەنەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان و بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی سەقامگیری عێراق، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانە مەترسییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراقیش و هیواشی خواست ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.