هەواڵ

کێشەی مووچە بە جیهانی دەکرێت و بە بارمتەی دەستی عێراق ناودەبرێت

Mic
2025-07-29


نەوەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بارمتەی دەستی عێراق ناودەبن و دەڵێن، دەبێت دابەشکردنی مووچە بەردەوام بێت.

پرسی مووچە تەنها لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا نەماوەتەوە، بەڵکو ئێستا لە جیهانەوە پشتیوانی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

دابەشکردنی مووچە دوای زیاتر لە 80 رۆژ هۆکاری سەرەکی پشتیوانییەکانن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، دەزانرێت بەردەوامی کێشەکان قەیرانی دارایی قوڵ بەدوای خۆیدا دەهێنیت.

محەمەد ئەلحەسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتى و سه‌رۆکی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عێراق لە سەردانێکدا بۆ هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

سەرۆکی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان له‌ عێراق لەبارەی مووچەوە رایگەیاند، گرنگە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکرێت.

رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) یەکێکی دیکەیە لەو رێکخراوە جیهانییانەی پشتیوانی بۆ خەرجکردنی مووچە راگەیاندووە و لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوەتە بارمتەی ناکۆکییە سیاسییەکان.

نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) پرسی مووچە و هێرشە درۆنیەکانیان پێکەوە بەستووەتەوە و ئیدانەی هێرشەکانیان کردووە.

ئەوەی وایکردووە، هەردوو پرسەکە پێکەوە ببەسترێنەوە ئەوەیە، هێرشە درۆنییەکان هاوکاتی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بوو لەبارەی مووچە و نەوتەوە.
تەنها لە مانگی تەممووزدا 21 جار بە درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئامانجی زۆربەی هێرشەکانیش کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بوون.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە راپۆرتەکەی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ)دا هاتووە، هێرشەکان بوونەتە هۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی نزیکەی 220 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەوەش کۆی بەرهەمی نەوت 70% کەمی کردووە.

رۆژی 24ـی تەممووزی 2024، حکومەتی عێراق پارەی مووچەی مانگی ئایاری رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوەیش دوای زیاتر لە 80 رۆژ لە دابەشنەکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان.

بەدەنگهاتنی نەوەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لەکاتێکدایە، کە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەکانی شەش و حەوتیان وەرنەگرتووە، تائێستا دیار نییە بەغدا کەی مووچەی ئەو دوو مانگە دەنێرێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

بەریتانییەکان بۆچی لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورد کۆبوونەوە؟

Mic
2025-07-30

بەریتانییەکان بە شاندێکی سەربازی و سیاسییەوە دۆخی ئەمنی و ئابورییان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد و رایانگەیاند، وەڵاتەکەیان ئامادەی هەموو هاوكارىی و پشتيوانييه‌كە بۆ پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

شاندێکی سەربازی و سیاسی بەریتانیا لە یەک رۆژدا بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە و دۆخی ئەمنی و ئابورییان تاتوێ کرد. 

هێرشە درۆنی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، هەڕەشەکانی داعش و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە گرنگترین تەوەرەکانی گفتوگۆ بوون.

شاندەکەی بەریتانیا کە پێکهاتبوون لە جێگرى ئه‌دميراڵ ئێدوارد ئالگرين، ڕاوێژكارى باڵاى به‌ريتانيا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئەفریقا و له‌ ژماره‌يه‌ك ڕاوێژكار و كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هەولێر، پەیامی پشتیوانی لەندەنیان بۆ هەولێر دووپاتکردەوە. 

نێچيرڤان بارزانى لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەکە داعشی وەک مەترسییەکی راستەقینە لە عێراق و سوریا ناوبرد، ده‌رباره‌ى هێرشه‌ درۆنييه‌كانيش بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئامانجگرتنى ژێرخانى وزه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند، هەڕەشەن زيان بە ته‌واوى ئابووريى عێراق دەگەنن و پێویسته‌ ڕێگرى له‌و هێرشانه‌ بكرێت.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان یەکێکی دیکە بوو لەو سەرکردە سیاسییانەی کە لەگەڵ شاندەکەی بەریتانیا کۆبووەوە و ستایشی رۆڵی بەریتانیای لە شەڕی دژی داعش کرد و رایگەیاند، مەترسییەکانی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە.

پەیوەست بە هێرشە درۆنییەکان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی وتی، ئەو هێرشانە مەترسییەکی گەورەن و دەبێت رێگرییان لێبکرێت و نەهێڵرێت ئارامی وڵاتەکە تێکبدەن.

مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستانیش بە شاندەکەی راگەیاندووە، پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگیردرێت و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکرێت.

بارزانی بە پێویستی زانیووە، رێگری لە هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت و کۆتاییان پێبهێنرێت. 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەکەدا راگەیاند،پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و هەموو لایەنەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان و بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی سەقامگیری عێراق، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانە مەترسییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراقیش و هیواشی خواست ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.