نیگەرانییەکانی تورکیا لە
سلێمانی بەرەو رەوینەوە دەڕۆن، بەرپرسانی یەکێتی دەیانەوێت قەدەغەی گەشتەکانی سلێمانی
و تورکیا درێژ نەکرێتەوە و مانگی تەمووز دەستپێبکەنەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجیتاڵ
میدیای Mic لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، دوایین کۆبونەوەی
نێوان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا
ئەرێنی بووە، جیاواز لە رابردوو هەست بە رەوینەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا کراوە.
شاندەکەی تورکیا لە کۆبونەوەکەدا
هیچ نیگەرانییەکیان نیشاندەوە بە تایبەت لەسەر ئەو پرسانەی کە پێشتر جێگەی نیگەرانیان
بوون لە ناویاندا هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە تورکیا وەک "تیرۆر"
دەیناسێنێت.
زۆرینەی کاتی کۆبونەوەکە،
گفتوگۆکردن بووە لەسەر پرس و پێشهاتە نوێییەکان، هەنگاونان بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان.
قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆکی
حکومەت لە پشکی یەکێتی رایگەیاندووە، باس لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا کراوە
و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان کە لە ئێستادا بەرەو
ئاستێکی باشتر دەڕۆن.
نوح یەڵماز جێگری وەزیری
دەرەوەی تورکیا پرۆسەی ئاشتی بە دەرفەتێک بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکان وەسفکردووە
و وتویەتی،" ئەگەر پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت، ئێمە و ئێوەش سودمەند دەبین".
داخستنی ئاسمانی تورکیا بە
ڕوی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بەشێک نەبووە لە گفتوگۆکە، بەڵام وەک ئەو سەرچاوەی قسەی
بۆ Mic کرد، تێگەشتنی دوو لایەنە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانە هەبوون.
لە 3ـی نیسانی 2023ـەوە کۆمپانیای
تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە. لە هەمان کاتدا
تورکیا رێگە نادات ئەو فڕۆکانەی دەچنە سلێمانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە
دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکە، بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕن.
لە دوایین نوێکردنەوەدا
تورکیا بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕوی فڕۆکەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا تا
مانگی تەموزی ئەمساڵ درێژکردوتەوە.
Mic دەزانێت
بەرپرسانی یەکێتی دەیانەوێت، مانگی تەمووز جارێکی دیکە قەدەغەکردنەکە درێژ نەکرێتەوە
بەڵکو گەشتەکان لە نێوان سلێمانی و تورکیا دەست پێ بکەنەوە.
ئەگەرچی یەکێتی ئەو هیوایەی
هەیە و گفتوگۆکانیشیان لەگەڵ تورکیا بەرەو پێشچوون بە خۆیەوە دەبینێ، بەڵام بەرپرسانی
تورکیا لە لێدوانە ئاشكراکانیاندا بەردەوام جەخت لە نیگەرانییەکانیان دەکەنەوە.
رۆژی 8ـی نیسانی 2025،
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەیامێکدا رایگەیاند،''هیوادارین دۆستانی یەکێتیی
نیشتیمانیی کوردستانیشمان لە سلێمانی، هاوشێوەی ئەوانەی هەولێر، خۆیان لە رێکخراوی
تیرۆریستی پاکبکەنەوە و تەنیا بە خزمەتکردنی خەڵکی خۆیان سەرقاڵ بن''.
یەکێتی بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی
تورکیا چەند هەنگاوێکی گرتوەتەبەر لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی دەکات، چالاکییەکانی
ئەو رێکخراوانەشی سنوردار کردووە کە نزیکن لە پارتی کرێکارانی کورستانەوە، یەکێتی
بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ داخستنی سێ پارت لە بەرژوەندی خۆی دەبینێت
کە بارەگای سەرەکی بەشێکیان لە سلێمانی بوو.
دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردن
کە سەر بە ئەنجومەنی دادوەری عێراقە لە دوو نوسراودا کە ڕۆژی 1ـی ئابی 2024 دەرچوون
هەڵوشاندنەوەی پارتەکانی ئازادی دیموکراتی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی و تەڤگەری
ئازادی ڕاگەیاند.
هەڵوەشاندنەوەی پارتەکان
لەسەر سکاڵای قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بووە، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان
ڕاگەیاندووە،" ئەو پارتانە تۆمەتبارن بە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوی قەدەغەکراوی
پەکەکەدا و دەبێت بارەگاکانیان دابخرێت و دەستبەسەر داراییاندا بگیرێت".
"پێکهێنانی حکومەت، پرۆسەی ئاشتی، هەڵبژاردنی داهاتوو، هەناردەکردنەوەی نەوت و کێشەی تورکمانەکان" ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیان بۆ هەرێمی کوردستان.
نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی چەند رۆژە لە عێراق و هەرێمی کوردستانە، ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.
بەرپرسەکەی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت، پارتی، یەکگرتوو، بەرەی تورکمانی و بزوتنەوەی ئیسلامی کۆبوەوە.
پێکهێنانی کابینەی دەیەم
تورکیا لە نزیکەوە چاودێری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش لە هەولێرەوە تاوتوێی پێکهێنانی کابینەکە لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.
پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکانیانی نوح یەڵماز بوو لەگەڵ مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی.
لەو کۆبونەوەنەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسکراون و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دوایین پێشکەوتنەکانیان بۆ شاندەکەی تورکیا رونکردوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسەکەی تورکیای رایگەیاندووە،گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن و نیەتی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز، کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییاندا بێت.
تورکیا گرنگییەکی زۆر بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، پێشتریش چەند لایەنێکی هەرێمی کوردستان لە تورکیا لەگەڵ نوح یەڵماز کۆبونەتەوە.
دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو کەسانە بوو کە چووە تورکیا، وەک خۆی وتی،" پێکهێنانی حکومەتیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێ کردووە".
یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانیش، لەناو ئەو لایەنانەدا بوون کە نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی کردن.
دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتیش لەگەڵ ئەواندا باس کردووە، ئەوان هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرۆسەکە بۆ شاندەکەی تورکیا رونکردوەتەوە.
پرۆسەی ئاشتی
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان کە هەوڵێکی نوێ بۆ بەرپاکردنی هەیە، بەشێکی ئامانجی سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت پشتیوانیی ههرێمی کوردستان و حزبەکانیان بۆ سهرخستنی پرۆسهکه دووپات کردهوه.
هەناردەی نەوت و رێگەی گەشەپێدان
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دوو ساڵ زیاترە راگیراوە، چەند گەرێکی گفتوگۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمپانیان نەوتییەکان بەڕێوەچووە، بەڵام ئەنجامی نەبووە.
مەسرور بارزانی و نوح یەڵماز بە گرنگیان زانیووە، هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەست پێبکاتەوە.
رێگەی گەشەپێدانیش کە لە عێراقەوە بەرەو تورکیا دەڕوات، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان مەسرور بارزانی و نوح یەڵماز بووە، رایانگەیاندووە، گرنگە پرۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین ئەنجام بدرێت
تورکمانەکان
نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا جیاواز لە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی، چاوی بە کەسی یەکەمی حزبەکانی دیکەش کەوت.
"کێشەی تورکمانەکان و هەڵبژاردنی داهاتووی" لەگەڵ بەرەی تورکمانی تاتوێ کرد. جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لە بەرەی تورکمانیدا گۆڕانێک هەیە، وزەیەکی نوێ هەیە، سیاسەتێکی جیاواز و کرانەوەی سیاسیی هەیە.
باسی لەوەشكرد، هەم پشتیوانی لەم کرانەوانە دەکەین، هەمیش هیوادارین ئەم کرانەوانە ببنە مایەی خێر بۆ بەرەی تورکمانی، پشتیوان بە خودا لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەدا توانایەکی باشتر لە جاران نیشان دەدەن و پێمانوایە لێرەدا هێندەی بتوانن باش نوێنەرایەتی تورکمانەکان بکەن".