یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی
تورکیا لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامی و رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی
کۆبووەوە و بارودۆخی ناوچەکە تەوەری کۆبونەوەکانیان بووە.
درەنگانێکی شەوی
رابردوو، نوح یەڵماز، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەفین
دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمەوە پێشوازیی لێکرا.
هەرچەندە، فەرمانگەی
پەیوەندییەکانی دەرەوە بڵاویکردەوە، کە بڕیارە نوح یەڵماز، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی
تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ دیدارەکانی
بە سەردانیکردنی لایەنە ئیسلامییەکان دەستپێکرد.
نوح یەڵماز، لە
شاری هەولێر سەردانی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانی
کرد و وەک نوسینگەی راگەیاندنی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو بڵاویکردووەتەوە، لەدیدارەكەدا بارودۆخی عێراق و توركیا
و ناوچەكە گفتوگۆی لە بارەوە كرا.
ئەوەشخروەتەڕوو،
هەردوولا" یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەمینداری گشتی یەکگرتوو"
جەختیان کردووەتەوە لەوەی، گۆرانكارییە خێراكان لە ناوچەكە پێویستی بە هەڵوەستەكردنە
و دەبێت رەچاوی دۆخەكە بكرێت بۆ ئەوەی بەرگەری گۆرانكاریەكان بگرن.
دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکەی
لەگەڵ ئەمینداری یەکگرتوو، نوح یەڵماز سەردانی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستانی کرد و لە لایەن عیرفان
عەلی عبدالعزیز، رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی
سیاسی و سەرکردایەتی پێشوازی لێکرا.
دوای کۆتاییهاتنی
کۆبونەوەی یاریدەدەری
وەزیری دەرەوەی تورکیا بزوتنەوەی ئیسلامی، عەبدوڵا
وەرتی، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، شاندەکە سەردانی هەموولایەنە سیاسییەکانیان
کردووە، ئامانجیش لە سەردانەیەکەیان ئەوەیە کە وڵاتی تورکیا دەیەوێت لە ناوچەکەدا
سەقامگیری و ئاشتی و ئاسایشی هەبێت، پرۆسەی ئاشتیش کە لە تورکیا سەریهەڵداوە، ئەگەر
سەر بگرێت، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کوردستان و تورکیا و ناوچەکە بە گشتیی.
هەروەها وتیشی: جێگری
وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوە کرد، کە دەیانەوێت ناوچەکە بەگشتیی لە ئاسایش
و سەقامگیریدا بێت و هەموو پێکهاتە و ئایینێک لە عێراق و سووریا بەیەکەوە بە برایەتی
و ئارامی بژین.
سەردانی ئەو بەرپرسە
باڵایەی تورکیا بۆلای دوو لایەنی ئیسلامی، دوای سەردانی ئەمینداری یەکگرتووی
ئیسلامی رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی دێت بۆ تورکیا، سەرەتای ئەمساڵ سەردانی ئەو
وڵاتەیان کرد و لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبونەوە.
سەردانەکەی یاریدەدەری
وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ گفتوگۆکان لەسەر پرۆسەی
ئاشتی لە تورکیا و هەروەها ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی تشرینی
دووەمی ئەمساڵدا، جگە لەوانەش پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
"پێکهێنانی حکومەت، پرۆسەی ئاشتی، هەڵبژاردنی داهاتوو، هەناردەکردنەوەی نەوت و کێشەی تورکمانەکان" ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیان بۆ هەرێمی کوردستان.
نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی چەند رۆژە لە عێراق و هەرێمی کوردستانە، ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.
بەرپرسەکەی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت، پارتی، یەکگرتوو، بەرەی تورکمانی و بزوتنەوەی ئیسلامی کۆبوەوە.
پێکهێنانی کابینەی دەیەم
تورکیا لە نزیکەوە چاودێری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش لە هەولێرەوە تاوتوێی پێکهێنانی کابینەکە لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.
پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکانیانی نوح یەڵماز بوو لەگەڵ مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی.
لەو کۆبونەوەنەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسکراون و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دوایین پێشکەوتنەکانیان بۆ شاندەکەی تورکیا رونکردوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسەکەی تورکیای رایگەیاندووە،گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن و نیەتی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز، کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییاندا بێت.
تورکیا گرنگییەکی زۆر بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، پێشتریش چەند لایەنێکی هەرێمی کوردستان لە تورکیا لەگەڵ نوح یەڵماز کۆبونەتەوە.
دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو کەسانە بوو کە چووە تورکیا، وەک خۆی وتی،" پێکهێنانی حکومەتیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێ کردووە".
یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانیش، لەناو ئەو لایەنانەدا بوون کە نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی کردن.
دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتیش لەگەڵ ئەواندا باس کردووە، ئەوان هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرۆسەکە بۆ شاندەکەی تورکیا رونکردوەتەوە.
پرۆسەی ئاشتی
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان کە هەوڵێکی نوێ بۆ بەرپاکردنی هەیە، بەشێکی ئامانجی سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت پشتیوانیی ههرێمی کوردستان و حزبەکانیان بۆ سهرخستنی پرۆسهکه دووپات کردهوه.
هەناردەی نەوت و رێگەی گەشەپێدان
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دوو ساڵ زیاترە راگیراوە، چەند گەرێکی گفتوگۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمپانیان نەوتییەکان بەڕێوەچووە، بەڵام ئەنجامی نەبووە.
مەسرور بارزانی و نوح یەڵماز بە گرنگیان زانیووە، هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەست پێبکاتەوە.
رێگەی گەشەپێدانیش کە لە عێراقەوە بەرەو تورکیا دەڕوات، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان مەسرور بارزانی و نوح یەڵماز بووە، رایانگەیاندووە، گرنگە پرۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین ئەنجام بدرێت
تورکمانەکان
نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا جیاواز لە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی، چاوی بە کەسی یەکەمی حزبەکانی دیکەش کەوت.
"کێشەی تورکمانەکان و هەڵبژاردنی داهاتووی" لەگەڵ بەرەی تورکمانی تاتوێ کرد. جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لە بەرەی تورکمانیدا گۆڕانێک هەیە، وزەیەکی نوێ هەیە، سیاسەتێکی جیاواز و کرانەوەی سیاسیی هەیە.
باسی لەوەشكرد، هەم پشتیوانی لەم کرانەوانە دەکەین، هەمیش هیوادارین ئەم کرانەوانە ببنە مایەی خێر بۆ بەرەی تورکمانی، پشتیوان بە خودا لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەدا توانایەکی باشتر لە جاران نیشان دەدەن و پێمانوایە لێرەدا هێندەی بتوانن باش نوێنەرایەتی تورکمانەکان بکەن".