هەواڵ

دیموکراسی بە تامی کودەتا… سودانی لە سلێمانییەوە پلانەکەی مالیکی تێکدا

زانیار بەهادین محەمەد
2025-04-17

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سلێمانییەوە خۆکاندیدکرنەوەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاند و دیموکراسی بە تامی کودەتا دژ بە نوری مالیکی هەڵبژارد. زۆرینەی پێشبینیەکان لە بەرژوەندی سودانین، بەڵام ترسی هەیە هەموارکردنەوەی یاسایی هەڵبژاردنی لە دژ بەکاربهێنرێت. 

 محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاشکراکردنی بڕیارەکەی بۆ دووبارە خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پلانەکەی نوری مالیکی تێکدا. 

نوری مالیکی سەرۆکی حزبی دەعوەی عێراقی، لە دوای ساڵی 2014ـەوە ئامادەکاری بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات.

محەمەد شیاع سودانی لە میانی وتاری دەستپێکردنی دیداری سلێکمانی لە زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی رایگەیاند، جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندید دەکاتەوە. 

بەشێک لە لایەنە شیعەکان هەڵوێستە نوێیەکەی سودانی بە کودەتا پێناسە دەکەن، وەک سەرکردەی یەکێک لە لایەنەکان رایگەیاندووە، لێکتگەیشتن کرابوو تا سودانی سەرۆکایەتی هاوپەیمانییەک بکات و خۆی کاندید نەکاتەوە. 

رۆژنامەی مەدا بە پشت بەستن بە چەند زانیاریەکی پشتراستکراوە هۆکاری گۆڕانى هەڵوێستى سودانى بۆ کۆبونەوەکەی لەگەڵ شاندی بازرگانی ئەمریکا گەڕاندوەتەوە.

پێشبینیکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لە عێراق قورسە، بەڵام زۆرینەی پێشبینەکانی ئێستا لە بەرژوەندی محەمەد شیاع سودانین بە تایبەت لە دوای ئەوەی رەوتی سەدر بایکۆتی هەڵبژاردنی داهاتووی کرد.

سودانی لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2022 بووە یەکێک لە سیاسیە کاریگەرەکانی عێراق بە تایبەت کە حکومەتەکەی توانی سەرکەوتووانە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک و شارەکانی دیکەی عێراق ئەنجام بدات.

سەرژمێری یەکێکی دیکەبوو لە دەستکەوتی حکومەتەکەی سودانی، لەگەڵ ئەوانەشدا لە سەردەمی کابینەکەی ئەودا دۆسیەی نەوت لە دەستی هەولێر دەرهێنرا و ئێستاش بەرەو سفرکردنەوەی کێشەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم هەنگاو دەنێت.

ئێستا بە شێوەیەکی فراوان پێشوازیی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەی لە سودانی دەکرێت، ئەوەیش بەهۆی تێپەڕاندنی زۆرینەی ئاڵنگارییەکان. 

گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش لە بەرژوەندی سودانین، ئێران خۆی یەكلایی كردووەتەوە لە عێراقدا هیچ جموجوڵێك لە دژی ئەمریكا ئەنجام نەدات

بەپێی رۆژنامەی عەرەب لە داهاتوویەكی نزیكدا ئێران فشار دەخاتە سەر میلیشیاكانی نزیكی خۆی بچنەوە ژێر باڵی حەشدی شەعبی و چەكەكانیان رادەستی حكومەت بكەن.

ئێران ئەگەر ئەو فشارانە دەست پێ بکات و گروپەکان جێبەجێی بکەن پەنابردنی مالیكی بۆ سەرۆكایەتی، بە خۆكاندیدكردنی سودانی دەبێتە وەرەقەیەكی سوتاو.

هەمواری یاسای هەڵبژاردن دژی سودانی دەجوڵێندرێتەوە؟ 
رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکراوە.

زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن پاڵپشتی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەربڕی بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان بەبێ هیچ هەموارکردنەوە و دەستکاریی و گۆڕینی بڕگەکانی.

جومانە غەلای، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەڵبژاردن بە هەمان یاساکەی پێشووتر بەڕێوەدەچێت. 

هەموارنەکردنەوەی یاسایی هەڵبژاردن لە کاتێکدایە، پێشووتر نوری مالیکی زیاتر لە هەمووان داوای هەموارکردنەوەی یاسایی هەڵبژاردنی دەکرد، تەنانەت پەرلەمانتارانی پارتەکەی هەمواری یاساکەشیان ئامادەکردبوو. 

ئێستا کە سودانی بە ئاشکرا کاندیدبوونی خۆی راگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت کە چوارچێوەی هەماهەنگی دووبارە پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان بکاتەوە.

عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە هەر لە دیداری سلێمانیدا پشتیوانی لە هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ خۆکاندیدکرنەوە کرد و رایگەیاند، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان ویستێکی تاکلایەنەیە کە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەسەر نییە. 

سەرۆکی ڕەوتی حیکمە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی وەک باشترین ئەزموونى هێنایەوە و وتی، "یاساکە هاوسەنگی لە نێوان ژمارەی دەنگەکان و ژمارەی کورسییەکاندا دروستکردووە".

قسەکانی عەممار حەکیم بە ئاڕاستەیەک بوو کە پێدەچێت لەگەڵ سودانی بچنە یەک هاوپەیمانێتییەوە بۆ هەڵبژاردن بەڵام سەرکردەیەکی رەوتی حیکمە بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، هێشتا ئەو لێکتێگەیشتنە یەکلایی نەکراونەتەوە.

هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق
هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکانە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری کرا.

More News

Most Popular

هەواڵ

جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆچی هاتە هەرێمی کوردستان؟

Mic
2025-04-19

"پێکهێنانی حکومەت، پرۆسەی ئاشتی، هەڵبژاردنی داهاتوو، هەناردەکردنەوەی نەوت و کێشەی تورکمانەکان" ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیان بۆ هەرێمی کوردستان. 

نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی چەند رۆژە لە عێراق و هەرێمی کوردستانە، ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان. 

بەرپرسەکەی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت، پارتی، یەکگرتوو، بەرەی تورکمانی و بزوتنەوەی ئیسلامی کۆبوەوە. 

پێکهێنانی کابینەی دەیەم
تورکیا لە نزیکەوە چاودێری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش لە هەولێرەوە تاوتوێی پێکهێنانی کابینەکە لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.

 

پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکانیانی نوح یەڵماز بوو لەگەڵ مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی. 

لەو کۆبونەوەنەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسکراون و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دوایین پێشکەوتنەکانیان بۆ شاندەکەی تورکیا رونکردوەتەوە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسەکەی تورکیای رایگەیاندووە،گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن و نیەتی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز، کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییاندا بێت.

تورکیا گرنگییەکی زۆر بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، پێشتریش چەند لایەنێکی هەرێمی کوردستان لە تورکیا لەگەڵ نوح یەڵماز کۆبونەتەوە. 

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو کەسانە بوو کە چووە تورکیا، وەک خۆی وتی،" پێکهێنانی حکومەتیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێ کردووە". 

یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانیش، لەناو ئەو لایەنانەدا بوون کە نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی کردن.

دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتیش لەگەڵ ئەواندا باس کردووە، ئەوان هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرۆسەکە بۆ شاندەکەی تورکیا رونکردوەتەوە.

پرۆسەی ئاشتی 
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان کە هەوڵێکی نوێ بۆ بەرپاکردنی هەیە، بەشێکی ئامانجی سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت پشتیوانیی هه‌رێمی کوردستان و حزبەکانیان بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌که‌ دووپات کرده‌وه‌.

هەناردەی نەوت و رێگەی گەشەپێدان

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دوو ساڵ زیاترە راگیراوە، چەند گەرێکی گفتوگۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمپانیان نەوتییەکان بەڕێوەچووە، بەڵام ئەنجامی نەبووە. 

مەسرور بارزانی و نوح یەڵماز بە گرنگیان زانیووە، هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەست پێبکاتەوە. 

رێگەی گەشەپێدانیش کە لە عێراقەوە بەرەو تورکیا دەڕوات، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان مەسرور بارزانی و نوح یەڵماز بووە، رایانگەیاندووە، گرنگە پرۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین ئەنجام بدرێت

تورکمانەکان
نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا جیاواز لە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی، چاوی بە کەسی یەکەمی حزبەکانی دیکەش کەوت. 

"کێشەی تورکمانەکان و هەڵبژاردنی داهاتووی" لەگەڵ بەرەی تورکمانی تاتوێ کرد. جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لە بەرەی تورکمانیدا گۆڕانێک هەیە، وزەیەکی نوێ هەیە، سیاسەتێکی جیاواز و کرانەوەی سیاسیی هەیە.

باسی لەوەشكرد، هەم پشتیوانی لەم کرانەوانە دەکەین، هەمیش هیوادارین ئەم کرانەوانە ببنە مایەی خێر بۆ بەرەی تورکمانی، پشتیوان بە خودا لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەدا توانایەکی باشتر لە جاران نیشان دەدەن و پێمانوایە لێرەدا هێندەی بتوانن باش نوێنەرایەتی تورکمانەکان بکەن".