هەواڵ

وەزارەتی دارایی لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دواکەوت

Mic
2025-04-18


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.

هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت بە بەغدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.

دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.

ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت لەدوای 18ـى مانگەوە مووچەی هەرێم دەنێرێت.



More News

Most Popular

هەواڵ

جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆچی هاتە هەرێمی کوردستان؟

Mic
2025-04-19

"پێکهێنانی حکومەت، پرۆسەی ئاشتی، هەڵبژاردنی داهاتوو، هەناردەکردنەوەی نەوت و کێشەی تورکمانەکان" ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیان بۆ هەرێمی کوردستان. 

نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی چەند رۆژە لە عێراق و هەرێمی کوردستانە، ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان. 

بەرپرسەکەی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت، پارتی، یەکگرتوو، بەرەی تورکمانی و بزوتنەوەی ئیسلامی کۆبوەوە. 

پێکهێنانی کابینەی دەیەم
تورکیا لە نزیکەوە چاودێری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش لە هەولێرەوە تاوتوێی پێکهێنانی کابینەکە لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.

 

پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکانیانی نوح یەڵماز بوو لەگەڵ مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی. 

لەو کۆبونەوەنەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسکراون و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دوایین پێشکەوتنەکانیان بۆ شاندەکەی تورکیا رونکردوەتەوە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسەکەی تورکیای رایگەیاندووە،گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن و نیەتی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز، کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییاندا بێت.

تورکیا گرنگییەکی زۆر بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، پێشتریش چەند لایەنێکی هەرێمی کوردستان لە تورکیا لەگەڵ نوح یەڵماز کۆبونەتەوە. 

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو کەسانە بوو کە چووە تورکیا، وەک خۆی وتی،" پێکهێنانی حکومەتیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێ کردووە". 

یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانیش، لەناو ئەو لایەنانەدا بوون کە نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی کردن.

دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتیش لەگەڵ ئەواندا باس کردووە، ئەوان هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرۆسەکە بۆ شاندەکەی تورکیا رونکردوەتەوە.

پرۆسەی ئاشتی 
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان کە هەوڵێکی نوێ بۆ بەرپاکردنی هەیە، بەشێکی ئامانجی سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت پشتیوانیی هه‌رێمی کوردستان و حزبەکانیان بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌که‌ دووپات کرده‌وه‌.

هەناردەی نەوت و رێگەی گەشەپێدان

هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دوو ساڵ زیاترە راگیراوە، چەند گەرێکی گفتوگۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمپانیان نەوتییەکان بەڕێوەچووە، بەڵام ئەنجامی نەبووە. 

مەسرور بارزانی و نوح یەڵماز بە گرنگیان زانیووە، هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەست پێبکاتەوە. 

رێگەی گەشەپێدانیش کە لە عێراقەوە بەرەو تورکیا دەڕوات، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان مەسرور بارزانی و نوح یەڵماز بووە، رایانگەیاندووە، گرنگە پرۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین ئەنجام بدرێت

تورکمانەکان
نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا جیاواز لە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی، چاوی بە کەسی یەکەمی حزبەکانی دیکەش کەوت. 

"کێشەی تورکمانەکان و هەڵبژاردنی داهاتووی" لەگەڵ بەرەی تورکمانی تاتوێ کرد. جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لە بەرەی تورکمانیدا گۆڕانێک هەیە، وزەیەکی نوێ هەیە، سیاسەتێکی جیاواز و کرانەوەی سیاسیی هەیە.

باسی لەوەشكرد، هەم پشتیوانی لەم کرانەوانە دەکەین، هەمیش هیوادارین ئەم کرانەوانە ببنە مایەی خێر بۆ بەرەی تورکمانی، پشتیوان بە خودا لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەدا توانایەکی باشتر لە جاران نیشان دەدەن و پێمانوایە لێرەدا هێندەی بتوانن باش نوێنەرایەتی تورکمانەکان بکەن".