هەواڵ

هێمنی موکریانی.. ئەو شاعیرەی وەک مۆم بۆ گەلەکەی توایەوە

سەرچین ساڵح رۆپیتەن
2025-04-16

محەمەد ئەمین شێخ ئیسلامی موکری ناسراو بە هێمن موکریانی شەوی بەرات لە بەهاری 1921 لە لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەهاباد لەدایکبووە، وەک خۆی دەڵێت" من ئەوەندە سوودەم لە شاعیری کرد ئەو ناوە دوور و درێژەی باپیرانی لە کۆڵ کردمەوە".

شەوی بەرات کۆرپەیەکی دڵ سۆزی بۆ گەلی کورد کرد بە دیاریی و 48 ساڵ وەک مۆم لە پێناو گەلی کورد و نیشتمانی زەوتکراوی کورداندا سوتا.

هێمنی شاعیر لە ڕۆژگارێکدا لەدایکبووە، کە ڕەزا شا جڵەوی دەسەڵاتی ئێرانی گرتووەتە دەست و لە بێ بەختی کوردن لاسایی ئەتاتورکی دەکردەوە.

جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێت و ئەوەندەی لە دەستی هات، سووکایەتی بە کورد دەکرد، هێمن لەو کەشوهەوا نالەبارەی کوردی تێی کەوتبوو گەورە دەبێت.

شیعر نوسینی هێمن لە خانەقاوە سەری هەڵداوە و پێگەیشتووە، لە گوندی کولیجە لە لای سەید عەوڵای سەید مینە کە پیاوێکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام زۆر زانا و تێگەیشتوو دەبێت، ماوەیەک دەرس دەخوێنێت و بە گەورەترین مامۆستای، مامۆستا هێمن ناودەبرێت.

ساڵی 938 و لە تەمەنی 17 ساڵیدا، مامۆستاکەی گوندی کولیجە بە جێ دەهێڵێت و هێمنیش دەگەڕێتەوە بۆ گوندی شیلاناوێ کە ئەوکات ماڵیان چووە ئەوێ و مل لە کار و کاسبی هەڵدەکێشێت و بە ڕۆژ خەریکی کاری کشتوکاڵی دەبێت و شەوانە خەریکی خوێندنەوە و شیعر دانان، باوکی پێی دەزانێت و دەفتەری شیعرەکانی دەسووتێنێت.

ئەو شاعیرە گەورەی کورد لە ناو ئازار و ناسۆری گەلەکەیدا گەورە بووە و هەر ئەوەش ئیلهامبەخشی شاکارە ئەدەبییەکانی بووە، وەک لە چارەی نووسرابێت هەرچی دەردە کورد هەیە چێشتوویتی.

هێمن لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی 1946 لەگەڵ کچی خاڵی خۆی بە ناوی عائیشە زەماوەند دەکات و خێزان پێک دەهێنێت، بەرهەمی ئەو هاوسەرییە کوڕێک دەبێت و ناوی دەنێن سەڵاح.

مانگێک دوای زەماوەندی هێمن، کۆماری کوردستان دەڕووخێت، بەوەش نائومێدی باڵ بەسەر خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی ژێر سایەی کۆماردا بەتایبەتی دەکێشێت

مانگی ئاداری 1947 لە کاتێکدا کە هێمن لە ماڵی خۆی خەریکی کتێب خوێندنەوە دەبێت، هەواڵ لە گوندەکەیاندا بڵاو دەبێتەوە کە قازی محەمەد و سەدری برای و محەمەد حسێن-ی ئامۆزای، لە مەهاباد لە سێدارە دراون، ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە کار لە ناخی هێمن دەکات و ناسۆرێکی گەورە لە دڵیدا دروست دەکات، سێ ڕۆژ دواتر هێمن لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بەرەو شارۆچکەی قەڵادزێ بەڕێ دەکەون.

هێمن ڕۆڵی کارای هەبووە لە ناو حزبی دیموکراتدا لە کۆنگرەی سێیەمی ئەو حزبەدا لە ساڵی 1973 کە لە بەغدا دەبەسترا، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێررێت.

هێمنی موکریانی لە 65 ساڵی تەمەنیدا، 48 ساڵی تەمەنی بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی کرد و ئەدەبیاتی کوردی پڕ وشەی پاراوی کوردی کرد.

ئاواتی هێمن پێشکەوتنی گەلەکەی بوو، لە شیعرەکانیدا بانگ لە گەلەکەی دەکات کە هۆشیارببنەوە و بەتایبەت دژی پەڕگیری و لە ژوورەوە کردنی کچ و ژنی کورد بووە و بۆ سەربەستی کیژی کورد هیچ نەما نەیکات.

شیعرەکانی لە ڕیزی بەرزی شاعیرانی کورددایە و هێندە ڕۆچووەتە خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوەی کوردەوە، بە شاعیری نەتەوەیی ناسراوە، شیعرەکانی لە چارەکی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا خەباتی کوردایەتی لە پارچەکانی کوردستان پێ جۆش دراوەتەوە و لەلایەن هونەرمەندانی گەورەی کوردەوە کراون بە گۆرانی.

 

هێمن بێئاگا لە مەرگی خۆی بە هێزێکی گەنجانەوە، ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی-ئینتیشاراتی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە ورمێ دادەمەزرێنن و گۆڤارێک بە ناوی سروە دەردەکەن، لە گەرمەی کارکردنیاندا شەوی 18 لەسەر 19ی نیسانی 1986 لە شاری ورمێ هێمنی موکریانی کۆچی دوایی دەکات، بەرەبەیانی ڕۆژی 19ی نیسان تەرمە کەی بەرەو مەهاباد بەڕێ دەکرێت و پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لە مەراسیمێکی پڕ شکۆدا و لەنێو ئاپۆرەی جەماوەردا لە گۆڕستانی بوداق سوڵتان بە خاک دەسپێردرێت.

ئەو هەرچەندە 39 ساڵە ژیان ئاوایی لە کوردستانەکەی کردووە، بەڵام شیعرەکانی ناوی هێمنیان لە ئاسمانی ئەدەب و خەباتی کوردیدا بە زیندوویی هێشتووەتەوە

بەرهەمەکان
دیوانی هێمن
بارگەی یاران
تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان). ١٩٧٤
پاشەرۆک (شیعر و پەخشان).
توحفەی موزەففەرییە (فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە و هێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی).
شازادە و گەدا.
قەڵای دمدم.
هەواری خاڵی.
چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز.
ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە هێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی).
ناڵەی جودایی، شیعر ١٩٧٩
پاشەرۆکی مامۆستا هێمن، کۆمەڵە وتار، مەهاباد ١٩٨٣

More News

Most Popular

هەواڵ

شەڕی هیندستان و پاکستان ئاسایشی جیهان دەخاتە مەترسییەوە

Mic
2025-05-07


ئەمڕۆ، چوارشەممە، هەریەک لە سوپای پاکستان و هیندستان بە چڕی دەستیانکردووە بە بۆردومانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکتریی لە هەرێمی کشمیر، پاش ئەوەی شەوی رابردوو هیندستان بۆردومانی چەند پێگەیەکی ئەنجامدا.

شەوی رابردوو، سوپای هیندستان ئاشکرایکرد، 9 مۆڵگەیان بۆردومانکردووە لە کشمیری پاکستان، کە مانگی رابردوو بەکارهێنرابوون لەلایەن چەکدارانەوە بۆ هێرشی تیرۆریستی لەناو خاکی هیندستان.

هەروەها پاکستان ئاشکرایکردووە لەچوارچێوەی بەرگرییکردن لەخۆیان، دەستبەجێ بۆردومانی چەند پێگەیەکی سوپای هیندستانیان کردووە و سێ فڕۆکەیەکی جەنگی هیندستانیان تێکشکاندووە لە جۆرەکانی سوخۆی 30، راڤال و میک 29.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، لە بەرپرسانی پاکستانەوە ئەوەی گواستووەتەوە کە بەهۆی بۆردۆمانکردنی مزگەوتی باهاوالبور 13 کەس کوژراون، لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی هیندستان ئاشکرایکردووە، بەهۆی بۆردومانەکانی پاکستانەوە 10 کەس کوژراون و 48 کەس برینداربوون.

هەروەها ناریندار مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، زنجیرەیەک گەشتی خۆی دواخستووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، پاش ئەوەی گرژییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا چوونەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.

هەریەک لە وڵاتانی چین، روسیا، نیگەرانی خۆیان لەبارەی پەرەسەندنەکانی ناکۆکییەکانی هیندستان و پاکستان دەربڕیوە و داوا دەکەن هەردوو وڵات ددان بەخۆیاندا بگرن، بەوپێیەی هەردوو وڵات خاوەنی چەکی ئەتۆمین و پەرەسەندنی جەنگەکەیان مەترسی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە باڵیۆزی ئیسرائیل لە هیندستان،  دەڵێت: پشتیوانی هیندستان دەکەین بۆ بەرگرییکردن لەخۆی، پێویستە تیرۆریستان بزانن هیچ جێگەیەکیان نەماوە خۆیانی تێدا بشارنەوە.

هەروەها باڵیۆزی تورکیا پەیوەندیی کردووە بە سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان، هاوسۆزیی وڵاتەکە و پشتیوانیی بۆ پاکستان دووبارە کردووەتەوە.