هەواڵ

نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن "خۆر عەبدوڵا" دەخاتە ناو گەڕێکی دیکەی ململانێکانەوە

زانیار بەهادین
2025-04-30

نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن پرسی رێککەوتنی خۆ عەبدوڵا دەگەڕێنێتەوە ناو ململانێ سیاسییەکانەوە، سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایان لە دادگای فیدراڵی کردووە لە بڕیارێکی پێشووتری سەبارەت بە رێککەوتنەکە پاشگەز ببێتەوە. 

 رێککەوتنی خۆر عەبدوڵا کە تایبەتە بە جوڵەی دەریاوانی عێراق و کوەیت، 12 ساڵە پرسێکی جێگەی مشتومڕی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراقە و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن دەورژێنرێت.

رێککەوتنەکە لە سەردەمی کابینەکەی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ساڵی 2013 کراوە، شیعەکان نیگەرانن و پێیان وایە، لە رێككەوتنی خور عەبدوڵا، مافی ئاو لەناوخۆی عێراقدا دراوە بە كوەیت. هەر ئەوکات، نوری مالیکی بەوە تۆمەتبارکرا سازشی لەسەر مافی عێراق لە ڕێڕەوی دەریایی خۆر عەبدوڵا کردووە.

ناکۆکییەکان کاریگەرییان لەسەر بڕیاری جیاوازی دامەزراوەکانی عێراق بۆ کارپێکردن و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە هەبووە، پەرلەمان پەسەندی کردووە و دادگای فیدراڵی پەکیخستووە. 

ئێستا لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوایان لە دادگای فیدراڵی کردووە، لە بڕیارەکەی بۆ راگرتنی کارکردن بە رێککەوتنەکە پاشگەز ببێتەوە.

سکاڵاکاران، سکاڵاکەیان لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمارکردووە و داوایان کردووە دادگاى باڵاى فیدراڵى لە بڕیارێکى  پاشگەزبێتەوە بۆ بە نادەستورى دانانى یاساى ژمارە 42ى ساڵى 2013 کە رێککەوتنامەى نێوان عێراق و کوەیت بۆ رێکخستنى دەریاوانى لە بەندەرى خۆر عەبدوڵای نێوانیان.

ساڵی 2013، بە ئامانجی رێکخستنى جوڵەى دەریاوانى هەردوو حکومەتی عێراق و کوەیت رێککەوتنی خۆر عەبدوڵایان کرد و بەندەرەکە لە نێوانیان دابەشکرا کە لەسەر ئاوى کەنداوە.

ئەگەرچی ساڵی 2013، پەرلەمانی عێراق رێککەوتنەکەی پەسەند کرد، بەڵام ساڵی 2023 دادگای فیدراڵی رێككەوتنی خور عەبدوڵا بە نادەستوری ناوبرد، ئەوەیش  بەپاساوی پێشێلكردنی بڕگەكانی ماددەی (61/ بڕگەی 4)ی دەستور و رایگەیاند،پەسەندكردنی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان بەیاسایەك ڕێكدەخرێت، كە بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەنجوومەنی نوێنەران، پەسەندكرابێت.

ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بە نادەستووریبوونی رێککەوتنەکە، مانای وایە عێراق تاکلایەنە رێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە، هەر بۆیە بڕیارەکە نیگەرانی کوەیتی بە دوای خۆیدا هێنا و رایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق بە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هیچ بەهایەكی نییە، بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە سنوورەكانی نێوانیان یەكلاكەرەوەن.

لە ماوەی رابردوو، فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق سەردانی کوەیتی کرد، هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق لە پەیامێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، سەردانەکە گرنگە و کاریگەریی لەسەر هەموارکردنەوەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبێت.

ناتوانرێت پێشبینی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بکرێت، بەڵام دادگاکە هەر بڕیارێک بدات کاردانەوەی جیاوازی لایەنەکانی عێراقی لێ دەکەوێتەوە، ئەوەیش بەهۆی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق. 

بە گەڕانەوە بۆ رابردوو، دەردەکەوێت زۆرینەی کات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردندا دۆسیەکە جوڵێندراوە وەک ئەوەی لە ساڵی 2017 پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رویدا و دۆسیەکە خرایەوە بەرباس.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار قوتابی سودمەند دەبن لە سیستمی (ئی - هەڵسەنگاندن)

Mic
2025-05-31

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لەمڕۆوە نمرەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم بۆ پۆلە ناکۆتاکان بەردەست دەبێت و زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار قوتابی دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین نمرەکانیان وەربگرنەوە.

ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، قوتابیان بەپێی ئەژماری تایبەتی خۆیان لە سیستمی ( ئی - هەڵسەنگاندن) و بە داخڵکردنی پاسۆرد و یوزەرنەیم، دەتوانن نمرەکانیان وەربگرنەوە، کە ئەوەش ئەپڵیکەیشن و وێبسایتێکی تایبەتە و بەشێکە لە خزمەتگوزاری (ئی-پەروەردە) کە کاروباری کارگێڕیی قوتابخانەکان رێکدەخات.

بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، ئەمساڵ "زیاتر لە یەک ملیۆن و سێسەد هەزار (١،٣٠٠،٠٠٠) قوتابی پۆلە ناکۆتاکان ( پۆلی ٤ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی ) دەتوانن ئەنجامی کۆتایی وەرزی دووەم ( خولی یەکەم) وەربگرنەوە" و چەندین رێنمایی دیکە لەوبارەوە خراوەڕوو.

بەکارهێنەران، دەتوانن ئەپڵیکەیشنی ( ئی - هەڵسەنگاندن) (e-halsangandin) لە مۆبایلەکانیان دابەزێنن و کۆد و ژمارەی نهێنی قوتابییەکە بەکاربهێنن بۆ داخڵبون لە سیستمەکە، کە پێشتر بەسەر قوتابیاندا دابەشکراوە.

دەقی راگەیاندراوەکە:

نمرەی هەموو پۆلە ناکۆتاکان( قوتابخانە حکومییەکان) ئێستا لە ئەپڵیکەیشنی ( ئی - هەڵسەنگاندن) بەردەستە:

زیاتر لە یەک ملیۆن و سێسەد هەزار (١،٣٠٠،٠٠٠) قوتابی پۆلە ناکۆتاکان ( پۆلی ٤ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی ) دەتوانن ئەنجامی کۆتایی وەرزی دووەم ( خولی یەکەم) وەربگرنەوە.

بەسوپاسەوە بەووریایی و دڵنیایی کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی بەکاربهێنە بۆ ئەوەی بتوانی بە دروستی ئەنجامەکانت وەربگریتەوە.

نوسینی ژمارەکان بەنوسینی ژمارەی ئینگلیزی دەبێت بێ سپەیس و هیچ ئاماژەیەک ، لە ئەنجامی پۆلی نۆی بنەڕەتی ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان بە نوسینی ژمارەی کوردی و بەکارهێنانی سپەیس و هەندێک ئاماژە و ژمارەی هەڵەی وشەی نهێنی هەوڵی داخڵ بوونیان دەدا کە ڕاستەوخۆ سیستم هەژمارەی لۆک دەکردن. بۆیە پێویستە دڵنیابیت لە بەکارهێنانی دروست.
بەهیوای سەرکەوتنتان.

وەزارەتی پەروەردە- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تاقیکردنەوەکان.
٣١ ی ٥ ی ٢٠٢٥