پارتی و یەکێتی بەهۆی بڕیاری نەناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، هەڕەشەی راگەیاندنی هەڵوێستی نوێ دژی بەغدا دەکەن، فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستی هاوبەش رادەگەیەنن و محەمەد حاجی مەحمودیش دەڵێت، باشترین کاتە ئێستا دەوڵەتی کوردی رابگەیەنین.
بڕیارەکانی حکومەتی عێراق بۆ نەناردنی پارەی مووچە ناڕەزایەتی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، مەکەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، تا پێش جەژنی قوربان وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، هەڵوێستی جیددییان دەبێت.
پارتی حکومەتی فیدراڵی بە "پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان" تۆمەتبار کردووە، نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقیشی بۆ نەناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان وەک دوا پێشلکاری دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت وەسفکردووە.
بڕیارە رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2025، کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لەسەر پرسەکە کۆبێتەوە تاتوێی پرسەکە بکات، وەک لە راگەیەندراوەکەی پارتیدا هاتووە، ئەگەر ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جدییان دەبێت".
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تا ئێستا بە فەرمی هەڵوێستی خۆی لەسەر بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق رانەگەیاندووە، تەنها هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، بڕیارەكەی تەیف سامی وەزیری دارایی نایاساییە و دژی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵییە.
باسی لەوەشكردووە، هێشتا خشتەی یاسای بودجەی 2025 رەوانەی پەرلەمان نەکراوە و پەسند نەکراوە، ئەم ساڵ مانگی پێنج تەواو نەبووە، بە چ پێوەرێک مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی و شایستەی هەرێمی کوردستان دەبڕێت؟.
رۆژی 21ـی شوباتی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵایەکی یەکگرتوو، دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێکی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان پابەندکردنی بەغدا و هەولێر بوو بە خەرجکردنی مووچە دور لە ملمانێ سیاسییەکان.
دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، هەولێر و بەغدا بە وەلانانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تۆمەتبار کرد و وتی،" نووسراوەکەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە و هۆکارەکەی بێ متمانەیی و پابەند نەبوونە بەبڕیارەکانی دادگای فیدراڵیەوە".
باسی لەوەشکرد، زمانی هەڕەشەی سەرکردە سیاسییەکان خزمەت بە هیچ بوارێک و سەقامگیریی کەرتی ئابوری ناکات، ناکرێت مووچەخۆران باجی هەڵەکانی حکومەت بدەن.
بڕیارە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بۆ رونکردنەوەی نیگەرانییەکان یاداشتێکی ناڕەزایەتیی لە دژی بڕیاری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بدەنە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
پارتی چاکسازیی تورکمان لەگەڵ داواکاری بۆ راگەیاندنی هەڵوێستی توندی هاوبەش دژ بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا راگەیاندووە، " حکومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوامە لە سزادانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ماددەکانی دەستوور پێشێڵ دەکات و پاشگەز دەبێتەوە لە ڕێککەوتنەکان بە بیانوی بێ پاسا و بێ بنەما کە لەسەر مووچە و شایستە داراییەکان ئەنجام درابوون.
باسی لەوەیشکردووە، بەغدا مووچەی کردووەتە کارتێکی سیاسی بۆ لاوازکردن و دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی.
نەوەی نوێ و کۆمەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆکار دەزانن
جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە لەناو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکاندا خاوەنی زۆرترین کورسییە، تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە، بەڵام لە رێگەی میدیاکانییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەک هۆکار دیاریکردووە و بە پابەندنەبوو بە داواکارییەکانی حکومەتی عێراقەوە تۆمەتباری کردووە.
کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئۆباڵی کێشەی مووچە بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، بەڵام بێگومان حکومەتی فیدراڵیش بەشێکی تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆ، بەو پێیەی مووچە وەک کارتی سیاسی بەکار دەهێنێت و دەشزانێت کە خەڵک باجەکەی دەدەن".
باس لەوەیشکراوە، بابەتی مووچە کراوەتە چەکی ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداد و هاوڵاتییانی هەرێمی پێوە گیرۆدە کراوە و دەبێت جارێکی دیکە هاوڵاتیان دەبێت باجی هەڵەی بەرپرسانی هەردوولا بدەن و بە گیرفانی خاڵی جەژن بەڕێ بکەن.
عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست بڵاویکردەوە، ئەوان دەڵێن داهاتی نەوت و ناوخۆ نەگەڕاوەتەوە، لەبری سزای بەرپرسانی هەرێم بدەن و ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر هاتون سزای موچەخۆرێک دەدەن، کە چەندین ساڵە قوربانیە.
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست پێی وایە، عێراقیش بێ خەتا نییە و وەک خۆی نوسیوویەتی،" ئەوان بە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی دەڵێن، لە بازرگانی نەوت و قاچاخی و بردنی پارەی هەرێم بەردەوام بن و نەینێرنەوە بۆ عێراق، ئێمەش سزای موچەخۆران دەدەین".
محەمەدی حاجی مەحمود داوای راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەکات
محەمەد حاجی مەحمود، سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان جارێکی دیکە پرسی ریفراندۆمی ورژاندووە و پێی وایە، ڕیفراندۆم هەیە و دەبێت هەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی بدات، چونکە ڕیفراندۆم دەنگی پێویستی بۆ جیابوونەوەی کورد لە عێراق بەدەستهێناوە.
باسی لەوەشکردووە، ئەوەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت بڕیاری هەموو سیاسییەکانی عێراقە نەک تەنها وەزیری دارایی، ئەوەی عێراق دەیکات کاردانەوەی واژۆکردنی گرێبەستەکانی کوردستانە لە ئەمریکا.
محەمەد حاجی مەحمود بۆچوونی وایە، عێراق زۆر لاوازە و کورد زۆر بەهێزە، بۆیە عێراق بەبێ کورد هەڵبژاردنی بۆ ناکرێت، بەبێ بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسیدا هەموو شتێک لە عیراق تێکدەچێت.
نوسراوەکەی تەیف سامی
تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێ پەڕاندووە
تائێستا تەنها یەک پەرلەمانتاری کورد خۆی بۆ ئەو نیشتنەی
پەرلەمانی عێراق یەکلایی کردووەتەوە کە رێکدەخرێت دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران،
ئەوەش هەمان دۆخە کە هێزە سونییەکانی تێکەوتووە و بەشێک لە شیعەکانیش نایانەوێت عێراق
لەو جەنگە تێوەگلێت.
زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکان بە گومانن و ترسیش
هەیە، تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە ئاسمانی
بەغدا.
زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق تائێستا
خۆیان یەکلایی نەکردوەتەوە کە رۆژی سێشەممە بچنە دانیشتنی پەرلەمانەوە کە
رێکدەخرێت بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی سەروەری
ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
دیجیتاڵ میدیای مایک قسەی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی
پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ و یەکگرتوو کردووە، ئەوان چاودێرن و دەیانەوێت بەپێی
دۆخەکە بڕیارێکی گونجاو بدەن.
بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان خواستی تەواونەبوونی
رێژەیی یاسایی ئامادەبوانیان هەیە، تا لەو رێگەیەوە ئەوانیش خۆیان لە
"شەرمەزاری" رایگشتی بپارێزن.
سۆران عومەر کە تاکە ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی
دادگەرییە، هەروەها تاکە پەرلەمانتاری کوردیشە کە خۆی بۆ بەشداریکردن لە
کۆبونەوەکە یەکلایی کردوەتەوە.
یەکێک لە پاساوەکانی
پەرلەمانتارە کوردەکان ئەوەیە، کە هەتا کێشەی موچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر
نەکرێت، ئەوان ئامادەنابن بەشداریی هیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بکەن.
هاوشێوەی کورد، زۆرینەی سوننەکانیش بە هەستیارییەوە
مامەڵە دەکەن، تائێستا خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق
یەکلایی نەکردەتەوە.
تەنانەت شیعەکانیش یەکدەنگ نین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی
هاتووەتەپيشەوە و موقتەدا سەدر رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند، دۆخی عێراق چیتر
بەرگەی ماڵوێرانییەکی دیکە ناگرێت و داوایکرد هەندێک دەنگی نەشاز لە گۆڕەپانی
سیاسی و سەربازیی عێراق بێدەنگ بکرێن.
دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داخوازیی و
یاداشتی 55 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعییەکانە، کە دژی پێشلکردنی ئاسمانی عێراق
لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووە، لەسەر ئەو بنەمایە
پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 17 ئەم مانگەی بۆ کۆبونەوە دیارییکردووە.
شیعەکان کە هاوسۆزی ئێرانن، پشتیوانی خۆیان بۆ تاران
دوپاتکردووەتەوە، بەڵام تائێستا کورد و سوننە هەوڵی خۆ بە دورگرتنیان لە لایەنگری داوە،
تەنها بەشێک لە لایەنە کوردییەکان لە رێگەی بەیاننامەوە ئیدانەی هێرشەکانی
ئیسرائیلیان کردووە.
هەرچەندە حکومەتی عێراق لەڕێگەی کەناڵە
جیاجیاکانییەوە، هەمو هەوڵێک دەدات بۆ دورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی جەنگی ئیسرائیل
و ئێران، بەڵام بەشێک لە چاودێران ترسییان هەیە تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە
گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە خاکی بەغدا.
ئەوەی وایکردووە، ئەو بۆچوونە زاڵ بێت، نزیکبوونەوەی
کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ
بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان دەکرێت فراکسیۆنە شیعییەکان بە سود وەرگرتن لە کات بۆ
کۆکردنەوەی دەنگ هەوڵی جوڵاندنی سۆزی شەقام بدەن.
خوێندنەوەکان بەو ئاڕاستەیەن هەر جوڵەیەکی راستەوخۆ
بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل رەنگە دەرئەنجامەکەی لە بەرژوەندی عێراق
نەبێت، دەکرێت ئەنجامەکانی کۆبونەوەکەی پەرلەمان لە کاتێکی وا هەستیاردا ئاستی
مەترسییەکان لەسەر عێراق زیاتر بکەن.
ئیسرائیل خواستی پەلهاویشتنی بۆ عێراق هەیە، بەڵام
ئەوەی رێگرە لە بەردەمیدا هەڵوێستی ئەمریکا و بێدەنگی گروپە چەکدارەکانە، بۆیە هەر
کات گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت رەنگە بێ دوو دڵی هێرش بکات.
زۆرن ئەوانەی
پێیانوایە عێراق لەم دۆخەی ئێستادا هیچی پێناکرێت و خۆ بە دورگرتن باشترین بژاردەیە،
چونکە دۆخی ئەمنی، سیاسیی و ئابوریی عێراق لە ئاستێکدا نییە بەرگەی جەنگێکی دیکەی
ماڵوێرانکەر بگرێت و عێراق ئابووریەکی خراپیشی هەیە و ئەگەر کێڵگەکانی نەوت و
ژێرخانی ئابوری بکرێتە ئامانج، هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتی نییە بتوانێت دەوڵەتی
پێ بەڕێوەبەرێت.