هەواڵ

بەغدا لە پلەی یەکەمدایە.. ملیۆنێک 613 هەزار کەس کارتی دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە

Mic
2025-05-28

بەپێی ئامارى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، لە نوێکردنەوە کارتى بایۆمەترى دەنگداندا، پارێزگاى بەغداد لەسەر ئاستى عێراق لە پلەى یەکەمدایە، لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان هەولێر لەپێش پارێزگاکانى دیکەوەیە.

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، تا ئێستا لەسەرتاسەرى عێراق و هەرێمى کوردستان ملیۆنێک و 613 هەزار و 421 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە

بەپێی ئامارەکە، پارێزگاى بەغداد لە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە پلەى یەکەمدایە بە زیاتر لە 346 هەزار دەنگدەر، پاشان نەینەوا دێت بە 237 هەزار و 90 دەنگدەر.

لەسەر ئاستى پرێزگاکانى هەرێمى کوردستان، هەولێر لە پلەى یەکەمدایە بە 116 هەزار و 724 دەنگدەر، پاشان سلێمانى بە 85 هەزار و 464 دەنگدەر، دهۆک بە 60 هەزار و 422 دەنگدەر.

بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان 29 ملیۆن و 118 هەزار کەس مافى دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنى داهاتوو، لەو ژمارەیە، نزیکەى 20 ملیۆنیان خۆیان لە سیستمى بایۆمەترى دەنگدان تۆمارکردووە .

بەپێی بڕیاری کۆمسیۆن، پڕۆسەى نوێکردنەوەى تۆمارى بایۆمەترى دەنگدان، لە 25 ى ئازارەوە دەستیپێکردووە و تا 15 ى حوزەیران بەردەوام دەبێت.

بڕیارە لە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت، حێراق کراوە بە 18 بزنەی هەڵبژاردن و هەر بارێزگایەک بەزنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت.


More News

Most Popular

هەواڵ

داخستنی گەروی هورمز و کاریگەریی لە ڕوی ئابورییەوە

Mic
2025-06-18

یەکێک لە بژاردەکانی ئێران بۆ هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەیە کە گەروی هورمز بەتەواویی دابخات لەبەردەمی هەموو جموجوڵیکی بازرگانیی و هەناردەکردنی نەوت، ئەوەش وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمریکا دوچاری تەنگەژەی ئابوریی جدی دەکات.

لێکەوتەیەکی خراپی داخستنی گەروی هورمز، هەڵاوسانی ئابوریی و تێکچونی پەیوەندی دیپلۆماسی ئێرانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو (عومان، سعودییە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەینە، کوەیت و عێراق) و رەنگە روبەری جەنگەکە فراوانتر بکات.

گەروی ھورمز، پانییەکەی 50 کیلۆمەترە، بەڵام تەنها 40 کیلۆمەتری بۆ جموجوڵی بازرگانیی بەکاردەهێنرێت و ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژییە و کەوتوەتە نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات کە کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان زەریای ھیندی دەبەستێتەوە و پینجیەکی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لەم نۆکەندەوە تێدەپەڕێت.

بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو بە (ئەن کلۆس)، کە لە ساڵانی 1973 تا 1982 هاتوەتە ئاراوە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی تێپەڕبونیان بەم گەروەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە.

جگە لەو ڕێککەوتننامەیە، لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئێران و عومان بۆ بەڕێوەبردنی گەروی هورمز هەیە، هەروەها ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو کە لە ساڵی 1981 دامەزراوە بارەگاکەی لە ڕیازی پایتەختی سعودییە و ئەنجومەنەکە هەریەک لە کوەیت، بەحرەین و عومان، قەتەر، سعودییە، ئیمارات لە خۆدەگرێت هەماهەنگی بۆ سیاسەتی دەریایی و وەزە لە گەروی هورمز دەکەن.

گەرووەکە بەناوی دورگەی هورمزەوە ناونراوە کە دورگەیەکی بچوکە و دەکەوێتی سنوری ئاوی ئێرانەوە و سەر بە پارێزگای هورمزگانە و روبەری دورگەکە 42 کیلۆمەترە و سێ هەزار کەس لێی نیشتەجێن.

شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیکی و چاودێرانی نێودەوڵەتی، پێیان وایە ئێران هەم لە ڕوی سەربازی و هەمیش لە ڕوی جوگرافییەوە توانای داخستنی گەروەکەی هەیە.

لە ئەگەری داخستنی گەروەکە، سعودییە، ئیمارات و عێراق چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداو زیانی گەورەی ئابورییان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەش دەبێتە هۆی بەزربوونەوەی نرخی کاڵا و زیادبونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای وڵاتانی ھاوردەکار.

ئێران دەتوانێت لەڕێگەی، هەردو دورگەی لارک و هێنگامی سەر بە پارێزگای هورمزگان، گەروەکە دابخات، چونکە ئەو دورگانە باڵادەستن بەسەر ڕێڕەوی کەشتیوانیی لە گەروەکەدا.

هەڵکەوتەی جوگرافی دورگەکانی لارک و هێنگامی لە دەیان ساڵی ڕابردودا ڕۆڵی هەبووە لە چاودێرییکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی، بۆیە لەم دوو شوێنەوە ئێران دەتوانێت بە بەکارهێنانی بەلەمی بچوک یان بەکارهێنانی مینی دەریایی، یان هەڵدانی موشەک، ڕێگای هاتوچۆی کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.

هەرچەندە هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا، ژمارەیەک وڵاتی دیکە لە چوار چێوەیەکی هاوپەیمانێتییەکدا هێزیان لە چەند شوێنێکی گەروی هورمز جێگیرکردوە و بۆ چاودێری و دابینکردنی ڕێگایەکی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان دەکەن، بەڵام هێشتا ئێران مەترسییەکی جدییە لەسەر گەروەکە، چونکە لە ڕابردودا وەک کارتی فشار دژی گەمارۆ ئابورییەکانی، تاران بە شێوەی کاتی دەستی بەسەر چەندین کەشتی بازرگانیدا گرتوە.

داخستنی گەروی هورمز کاریگەریی ئابوریی گەورەی دەبێت لەسەر هەناردەکردنی نەوتی، سعودییە، ئیمارات و عێراق و کوەیت، چونکە، هێڵی ترانزێتی نەوتی جیهانە، هاوکات وڵاتانی هاوردەکار، چین، ژاپۆن، کۆریای باشور و ئەوروپاش زیانیان بەردەکەوێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڕێڕەوێکی سەرەکی گواستنەوەی غازی شلی قەتەرە بۆ جیهان، بڕی ئەو نەوتەی ڕۆژانە بە گەروەکەدا تێدەپەڕیت 20 ملیۆن بەرمیلە، لە 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، قەبارەی ساڵانەی بازرگانی گەروی هورمز ساڵانە 687 ملیار دۆلارە.

بەهۆی ئەوەی ئابوریی عێراق بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت زیانمەندی یەکەمی داخستنی گەروی هورمزە و، دەبێت بە ناچاری ڕوبکاتە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری هەرێم بۆ بەندەری جەیهان و توانای بۆرییەکەش سنوردارە و تەنها دەتوانێت ڕۆژانە دەوروبەری ملیۆنێک بەرمیل نەوت بگوازتەوە.

دوای داخستنی گەروەکە، لە یەکەم قۆناغدا بازاڕەکانی بۆرسەی وڵاتان توشی شڵەژان و ناجێگیری دەبنەوە و هەڵاوسان دروست دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخ.

لەم حاڵەتەشدا ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان سودی نەبێت بۆ کردنەوەی گەروەکە، بژاردەی سەربازی و جوڵە پێکردنی هێز دەبێتە بژاردەیەکی ناچاری و دەستوەردانی ئەمریکا و و وڵاتانی ڕۆژئاوا.

گەروی هورمز ڕێگەیەکی هاوبەشی دەریایی ستراتییژییە لە جیهاندا، لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، چەندین جار میدیاکان باسیان لەوەکردوە ئێران هەڕەشەی داخستنی دەکات.