هەواڵ

لە پرۆژەی رووناکیدا چۆن دەتوانیت کارەبای بەردەوامت هەبێ بە نرخێکی کەم؟

Mic
2025-05-14

بەپێی ئەو نرخانەی بۆ کارەبای پرۆژەی رووناکی پەسەندکراوە، هاوڵاتییان لە نێوان دوو بژاردەدان یان کارەبا بەزۆری و بەدەر لە پێویستی بەکاری دێنن و مانگانە پارەی زۆر دەدەن، یان ئەوەتا پابەندن بە بەکارهێنانی بڕی پێویست و خۆیان لە نرخە زۆرەکەی رزگار دەکەن.

نرخەکانی کارەبای پرۆژەی رووناکی:

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران 400 کیلۆوات کارەبای پرۆژەی رووناکی کە نزیکەی دوو ئەمپێر و نیوی بەردەوام دەکات، بە 72 دینار دیاریکرد، 400 تا 800 کیلۆوات کە پێنج ئەمپێری بەردەوام دەکات بە 108 دینار دیاریکرد.

هەروەها، 800 تا 1200 کیلۆوات کە دەکاتە حەوت ئەمپێر و نیوی بەدەوام دەکات، بە 175دینار دیاریکراوە، 1200 تا 1600 کیلۆوات کە 10 ئەمپێری بەردەوام دەکات بە 265 دینار دیاریکراوە، 1600 تا 2000 کیلۆوات بە 350 دینار

چۆن نرخەکان دیاری دەکرێت؟

ئەوەی بەلای هاوڵاتییانەوە گرنگە، شارەزایی هەبێت لە بەکارهێنانی کارەبا، بەشێوەیەک مانگانە پارەی زۆری بۆ نەیەتەوە، لێرەدا نرخەکان روویندەکەینەوە و بڕی بەکاهێنانی کارەبایش لالایەن هاوڵاتییانە دەگەڕێتوە بۆ پێویستی هاوڵاتییان بەکارەبا.

ئەگەر خێزانێک لە وەرزی زستان یان هاوین پێویستیەکانی بە کارەبا بە پێنج ئەمپێر دابینبکات، ئەوا دەبێت 800 کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت، بۆ 400 کیلۆواتی یەکەم نرخەکەی بە 72 دینار دیاریکراوە، واتە 400×72= 28هەزار و 800 دینار، بۆ 400 کیلۆواتی دووەم 108دینار دیاریکراوە، واتە 400×108= 43هەزار و 200دینار.

بە کۆکرددنەوەی پارەی 400 کیلۆواتی یەکەم و 400 کیلۆواتی دووەم، کە دەکاتە 72 هەزار دینار، بەمەش ماڵێک لە مانگێکدا لە بەرامبەر بەکارهێنانی پێنج ئەمپێری 24 کاتژمێریدا دەبێت 72 هەزار دینار بدات.

ئەگەر ماڵێک حەوت ئەمپێر و نیویان مانگانە بەکارهێنا، ئەوا دەبێت 1200 کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنن، کە نرخەکەی 142 هەزار دینارە، ئەگەر 10 ئەمپێریان بەکارهێنا ئەوا نرخەکەی دەبێت بە 248 هەزار دینار.

لە پرۆژەی رووناکیدا هاوڵاتی ناچار دەبێت بەپێی پێویستی کارەبا بەکاربهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا پارەی کارەبا تەنها لەوکاتەدا لەسەر کەسی بەکارهێنەر ئەژمار دەکرێت کە بەکاری دەهێنێت، واتە ئەگەر کەسێک کاتێک لەماڵەوەیە رەنگە پێویستی بە بەکارهێنانی 800 کیلۆوات بێت، بەڵام کە لەماڵ دەچێتەدەرەوە رەنگە تەنها ساردکەرەوەکە بە ئیشپێکراوی جێبهێڵێت کە بە کەمتر لە 200  کیلۆوات کاردەکات.


کەی کارەبای 24 کاتژمێری دەگەیەنرێت بە هەموو هاوڵاتییان؟

رۆژی 17ی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند و وتی، ئامانج لەم پرۆژەیە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و پرۆژەکە تا 2026 لە هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

هەڵبژاردن شەڕی نەوەی نوێ و کۆمەڵ گەرم دەکات

Mic
2025-07-01

شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن گەرمتردەبێت، بەشێکیش وەک هۆکارێک بۆ پەرتبوونی دەنگی ناڕازی پێناسەی دەکەن.

نزیکبونەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر گەرم دەکات.

دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکە بەتەمەنەکەی لە لیستی نەوەی نوێیە، دیسانەوە بووەتە بابەتێکی دیکەی جەنگی میدیایی نێوان نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی.

کۆمەڵی دادگەریی، تاکە هێزی سیاسی هەرێمی کوردستانە کە بەهۆی ناڕازیبوونی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.

نەوەی نوێ ترسی هەیە هەڵوێستەکەی کۆمەڵ کاریگەری لەسەر شەقام هەبێت و بەشێکی دەنگی ناڕازی لە رێگەی ئەو هەڵوێستەوە بۆ خۆی ببات بە تایبەت کە تائێستا پەرلەمان کارا نەبووە. 

ئەوەی وایکردووە ئەو گریمانەیە بەهێزبێت، هێرشی توندی میدیایی نەوەی نوێیە بۆ سەر بڕیارەکەی کۆمەڵ بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان.

 نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری بەوە تۆمەتبارکردووە کە کۆتا هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاریی رۆژی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، کەچی دیسان بەشداریی هەڵبژاردن دەکاتەوە. 

کۆمەڵ لەسەرەتاوە بێدەنگیی هەڵبژارد، بەڵام دواتر وەڵامی هێرشەکەی نەوەی نوێی دایەوە و جوڵانەوەکەی بە "ئاڕاستەکراو" تۆمەتبار کرد.

کۆمەڵی دادگەری بە تایبەت رەخنەی لەو هەڵوێستەی نەوەی نوێ گرتووە کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای "بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و ڕەگەز گۆڕین" نەداوە. 

هاوڵاتییان رای جیاوازییان لەسەر شەڕی میدیایی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری هەیە، بەشێکیان وەک بابەتێکی ئاسایی و هەڵمەتێکی پێشوەختەی هەڵبژاردن لێی دەڕوانن، بەڵام زۆرن ئەوانەشی پێیان وایە شەڕی میدیایی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کاریگەری لەسەر پەرتکردنی دەنگە ناڕازییەکان دەبێت. 

نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری لە کاتێکدا شەڕی میدیایان دژ بە یەکتر گەرمکردووە کە دوو پارتەکە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەدا لە هەوڵی دروستکردنی یەک لیست بوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی هێنا. 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 15 کورسییە و لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی 9 کورسییە، کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی یەک کورسییە، ئەگەرچی لە پەرلەمانی کوردستان 3 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام وەک خۆیان رایانگەیاندووە، بەهۆی " ساختەکاری"یەوە بایکۆتی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.