ئەندامێکی فراکسیۆنی
پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایدەکات، رێکارەکانیان بۆ بە
پارێزگاکردنی قەزای شنگال دەستپێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەیاسایەکیان
ئامادەکردووە.
مەحما خەلیل، ئەندامی
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حزبەکەی
راگەیاندووە، "پاش ئەوەی بڕیار لەسەر بەپاریزگابوونی هەڵەبجە درا، ئێستا
ئامادەکاریی دەکەین دەنگ لەسەر بڕیاری بەپارێزگابوونی شنگالیش بدرێت".
دەشڵێت: پرۆژەی
بەپارێزگابوونی شنگال ئامادەکراوە بۆئەوەی لە پەرلەمان کاری لەسەربکرێت.
جەختی لەوەکردەوە،
بەهەموو پێوەرێک شنگال مەرجەکانی بە پارێزگابوونی تێدایە و ناوچەیەکی بەرفراوانی
هەیە.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: خەڵی
شنگال داوا دەکەن ببنە پارێزگا و سەر بە هەرێمی کوردستان بن.
شنگال دەکەوێتە 126 کیلۆمەتر رۆژئاوای شاری موسڵ، زۆرینەی
دانیشتوانی قەزای شنگال شوێنەکەوتەی ئاینی ئێزیدین و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترە
لە 88 هەزار کەس، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی قەزای تەلەعفەریش بکرێتە پارێزگار
کە دەکەوێتە نزیک شنگال و زۆرینەی دانیشتوانەکەی تورکمانی شوێنکەوتەی ئاینزای
شیعەن.
شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و
کۆمەڵی دادگەریی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن گەرمتردەبێت، بەشێکیش وەک هۆکارێک
بۆ پەرتبوونی دەنگی ناڕازی پێناسەی دەکەن.
نزیکبونەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شەڕی میدیایی
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر گەرم دەکات.
دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکە
بەتەمەنەکەی لە لیستی نەوەی نوێیە، دیسانەوە بووەتە بابەتێکی دیکەی جەنگی میدیایی
نێوان نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی.
کۆمەڵی دادگەریی، تاکە هێزی سیاسی هەرێمی کوردستانە کە بەهۆی
ناڕازیبوونی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.
نەوەی نوێ ترسی هەیە هەڵوێستەکەی کۆمەڵ کاریگەری لەسەر شەقام
هەبێت و بەشێکی دەنگی ناڕازی لە رێگەی ئەو هەڵوێستەوە بۆ خۆی ببات بە تایبەت کە
تائێستا پەرلەمان کارا نەبووە.
ئەوەی وایکردووە ئەو گریمانەیە بەهێزبێت، هێرشی توندی میدیایی
نەوەی نوێیە بۆ سەر بڕیارەکەی کۆمەڵ بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان.
نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری بەوە
تۆمەتبارکردووە کە کۆتا هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاریی رۆژی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی
دەنگەکانەوە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، کەچی دیسان بەشداریی هەڵبژاردن دەکاتەوە.
کۆمەڵ لەسەرەتاوە بێدەنگیی هەڵبژارد، بەڵام دواتر وەڵامی
هێرشەکەی نەوەی نوێی دایەوە و جوڵانەوەکەی بە "ئاڕاستەکراو" تۆمەتبار
کرد.
کۆمەڵی دادگەری بە تایبەت رەخنەی لەو هەڵوێستەی نەوەی نوێ گرتووە
کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای "بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و ڕەگەز
گۆڕین" نەداوە.
هاوڵاتییان رای جیاوازییان لەسەر شەڕی میدیایی نەوەی نوێ و
کۆمەڵی دادگەری هەیە، بەشێکیان وەک بابەتێکی ئاسایی و هەڵمەتێکی پێشوەختەی
هەڵبژاردن لێی دەڕوانن، بەڵام زۆرن ئەوانەشی پێیان وایە شەڕی میدیایی حزبە
ئۆپۆزسیۆنەکان کاریگەری لەسەر پەرتکردنی دەنگە ناڕازییەکان دەبێت.
نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری لە کاتێکدا شەڕی میدیایان دژ بە
یەکتر گەرمکردووە کە دوو پارتەکە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەدا لە هەوڵی
دروستکردنی یەک لیست بوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی
هێنا.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 15 کورسییە و
لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی 9 کورسییە، کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی
یەک کورسییە، ئەگەرچی لە پەرلەمانی کوردستان 3 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام وەک
خۆیان رایانگەیاندووە، بەهۆی " ساختەکاری"یەوە بایکۆتی خولی شەشەمی
پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.