کۆشکی سپی گرێبەستەکانی سەرۆکی ئەمریکا و میری قەتەر بە بەهای ترلیۆنێک و 200 ملیار
دینار دەخەمڵێنێت و ئاماژە بەوەکراوە، گرێبەستەکان زیاتر لە یەک ملیۆن هەلی کار لە
ئەمریکا لە ماوەی بەرهەمهێنانیدا دەڕەخسێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
کە رۆژی 14ـى ئایار گەیشتە قەتەر، گرێبەستێکی لەبوارەکانی ئابوری و وەبەرهێنانی
لەگەڵ تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر ئیمزاکرد.
لە راگەیەندراوێکدا، کۆشکی
سپی بڵاویکردەوە، ئەم رێککەوتنە گرنگانەی ئەمڕۆ دەبنە هۆی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی
بۆ چەندین نەوە، ئەمریکا بەرەو سەردەمێکی زێڕینی نوێ دەبەن.
لە گرنگترین رێککەوتنەکان،
گرێبەستی نێوان کۆمپانیاکانی بۆینگ و جی ئی ئێرۆسپەیس بوو لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی قەتەر
ئێیەر وەیز، رێککەوتنێکی 96 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی نزیکەی 210 فڕۆکەی بۆینگی 787
دریملاینەر و 777 ئێکس کە بە بزوێنەرەکانی جی ئی ئێرۆسپەیس کار دەکەن.
ئەو رێککەتنە، گەورەترین
رێککەوتنە لە مێژووی بۆینگدا و مێژووییە، ساڵانە پشتگیریی 154 هەزار هەلی کاری ئەمریکی
دەکات، کە بەگشتی دەکاتە زیاتر لە یەک ملیۆن کار لە ماوەی بەرهەمهێنان و گەیاندنی
ئەم رێککەوتنەدا.
لە بواری بەرگریشدا، کۆمپانیای
رایتیۆن رێککەوتنێکی بە بەهای یەک ملیار دۆلار بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی دژە- درۆن
لەلایەن قەتەرەوە کرد، کە لەلایەن حکومەتەکانی
ئەمریکا و قەتەرەوە واژۆ کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیای جەنەراڵ ئەتۆمیکس رێککەوتنێکی
نزیکەی دوو ملیار دۆلاری بۆ کڕینی سیستمی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان MQ-9B لەلایەن
قەتەرەوە مسۆگەر کرد.
ئەمریکا و قەتەر گرێبەستێکیان
ئیمزاکرد، کە نیازیان هەیە پەیوەندییە ئەمنییەکانیان زیاتر بەهێز بکەن، کە دەگاتە
زیاتر لە 38 ملیار دۆلار لە وەبەرهێناندا، لەوانەش پشتگیری بۆ بنکەی ئاسمانیی عودەید.
تائێستا تەنها یەک پەرلەمانتاری کورد خۆی بۆ ئەو نیشتنەی
پەرلەمانی عێراق یەکلایی کردووەتەوە کە رێکدەخرێت دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران،
ئەوەش هەمان دۆخە کە هێزە سونییەکانی تێکەوتووە و بەشێک لە شیعەکانیش نایانەوێت عێراق
لەو جەنگە تێوەگلێت.
زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکان بە گومانن و ترسیش
هەیە، تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە ئاسمانی
بەغدا.
زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق تائێستا
خۆیان یەکلایی نەکردوەتەوە کە رۆژی سێشەممە بچنە دانیشتنی پەرلەمانەوە کە
رێکدەخرێت بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی ئێران بەهۆی پێشێلکردنی سەروەری
ئاسمانی عێراق و بەکارهێنانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.
دیجیتاڵ میدیای مایک قسەی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی
پارتی، یەکێتی، نەوەی نوێ و یەکگرتوو کردووە، ئەوان چاودێرن و دەیانەوێت بەپێی
دۆخەکە بڕیارێکی گونجاو بدەن.
بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان خواستی تەواونەبوونی
رێژەیی یاسایی ئامادەبوانیان هەیە، تا لەو رێگەیەوە ئەوانیش خۆیان لە
"شەرمەزاری" رایگشتی بپارێزن.
سۆران عومەر کە تاکە ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی
دادگەرییە، هەروەها تاکە پەرلەمانتاری کوردیشە کە خۆی بۆ بەشداریکردن لە
کۆبونەوەکە یەکلایی کردوەتەوە.
یەکێک لە پاساوەکانی
پەرلەمانتارە کوردەکان ئەوەیە، کە هەتا کێشەی موچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر
نەکرێت، ئەوان ئامادەنابن بەشداریی هیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بکەن.
هاوشێوەی کورد، زۆرینەی سوننەکانیش بە هەستیارییەوە
مامەڵە دەکەن، تائێستا خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق
یەکلایی نەکردەتەوە.
تەنانەت شیعەکانیش یەکدەنگ نین بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەی
هاتووەتەپيشەوە و موقتەدا سەدر رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند، دۆخی عێراق چیتر
بەرگەی ماڵوێرانییەکی دیکە ناگرێت و داوایکرد هەندێک دەنگی نەشاز لە گۆڕەپانی
سیاسی و سەربازیی عێراق بێدەنگ بکرێن.
دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داخوازیی و
یاداشتی 55 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە شیعییەکانە، کە دژی پێشلکردنی ئاسمانی عێراق
لەلایەن ئیسرائیلەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووە، لەسەر ئەو بنەمایە
پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 17 ئەم مانگەی بۆ کۆبونەوە دیارییکردووە.
شیعەکان کە هاوسۆزی ئێرانن، پشتیوانی خۆیان بۆ تاران
دوپاتکردووەتەوە، بەڵام تائێستا کورد و سوننە هەوڵی خۆ بە دورگرتنیان لە لایەنگری داوە،
تەنها بەشێک لە لایەنە کوردییەکان لە رێگەی بەیاننامەوە ئیدانەی هێرشەکانی
ئیسرائیلیان کردووە.
هەرچەندە حکومەتی عێراق لەڕێگەی کەناڵە
جیاجیاکانییەوە، هەمو هەوڵێک دەدات بۆ دورخستنەوەی عێراق لە مەترسییەکانی جەنگی ئیسرائیل
و ئێران، بەڵام بەشێک لە چاودێران ترسییان هەیە تای هەڵبژاردن بازاڕی موزایەدە
گەرم بکات و دووکەڵی شەڕ بگەیەنێتە خاکی بەغدا.
ئەوەی وایکردووە، ئەو بۆچوونە زاڵ بێت، نزیکبوونەوەی
کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ
بەڕێوەبچێت، چاوەڕوان دەکرێت فراکسیۆنە شیعییەکان بە سود وەرگرتن لە کات بۆ
کۆکردنەوەی دەنگ هەوڵی جوڵاندنی سۆزی شەقام بدەن.
خوێندنەوەکان بەو ئاڕاستەیەن هەر جوڵەیەکی راستەوخۆ
بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل رەنگە دەرئەنجامەکەی لە بەرژوەندی عێراق
نەبێت، دەکرێت ئەنجامەکانی کۆبونەوەکەی پەرلەمان لە کاتێکی وا هەستیاردا ئاستی
مەترسییەکان لەسەر عێراق زیاتر بکەن.
ئیسرائیل خواستی پەلهاویشتنی بۆ عێراق هەیە، بەڵام
ئەوەی رێگرە لە بەردەمیدا هەڵوێستی ئەمریکا و بێدەنگی گروپە چەکدارەکانە، بۆیە هەر
کات گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبکرێت رەنگە بێ دوو دڵی هێرش بکات.
زۆرن ئەوانەی
پێیانوایە عێراق لەم دۆخەی ئێستادا هیچی پێناکرێت و خۆ بە دورگرتن باشترین بژاردەیە،
چونکە دۆخی ئەمنی، سیاسیی و ئابوریی عێراق لە ئاستێکدا نییە بەرگەی جەنگێکی دیکەی
ماڵوێرانکەر بگرێت و عێراق ئابووریەکی خراپیشی هەیە و ئەگەر کێڵگەکانی نەوت و
ژێرخانی ئابوری بکرێتە ئامانج، هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتی نییە بتوانێت دەوڵەتی
پێ بەڕێوەبەرێت.