ئەمڕۆ شەممە، 17ی ئایاری 2025، بەغدای پایتەختی عێراق میوانداریی 34ەمین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی کرد، بەڵام ژمارەی سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووە و نوێنەرەکانیان بەشدارییان تێداکردووە.
بەپێی رەشنوسی ئەجێندای کۆبوونەوەی لوتکەی 34ەمینی کۆمکاری عەرەبی، بابەتی دانانی سندوقێک بۆ هاوکاری خەڵکی فەلەستین و رێزگرتن لە گۆڕانکارییەکان لە سوریا، هەروەها داواکردنی راگرتنی جەنگی غەززە دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک... ئەو دۆسیانەن کە تاوتوێ دەکرێن.
دیارترین سەرنج لەسەر کۆبوونەوەی ئەم خولەی کۆمکاری عەرەبی، ئەوەیە تەنها پێنج سەرۆک بەشداربوون لە کۆی 22 سەرۆکی وڵاتان.
دیارترین ئەو سەرکردانەی بەشداریی کۆبوونەوەی بەغداد دەکەن، پێکهاتوون لە شێخ تەمیم بن حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، ئەمیری قەتەر و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و شاندی یاوەری، هەروەها رەشاد محەمەد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و سەرۆکایەتی لە یەمەن و وەزیری دەرەوەی کوەیت.
هەروەها لە لوتکەکاندا ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەحمەد ئەبول غەیس، سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی و سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ئامادەی دەبن.
کۆمکاری عەرەبی هەر ساڵێک لە یەکێک لە وڵاتانی عەرەبی میوانداریی دەکرێت و سەرۆکی ئەو وڵاتە دەبێتە سەرۆکی ئەو خولە، وڵاتی عێراق لەپاش پرۆسەی ئازادی و لە 30 ساڵی رابردوودا دوو جار میوانداریی کۆمکاری عەرەبی کردووە، خولی 23ەمین، لە ساڵی 2012 مام جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق سەرۆکایەتی کرد و لە خولی 34-دا، د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی دەکات.
هەر ئەمڕۆ، نێچیرڤان بەرزان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەیشتە بەغداد بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی و ئەنجامدانی چەندین دیدار لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا.
ئەم خولەی کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لەکاتێکدایە کە دۆسیەکانی کێشە و قەیرانە عەرەبییەکان لە فەلەستین و سودان و لوبنان و سوریا و شوێنەکانی دیکە... لەو دۆسیانەن کە وڵاتانی عەرەبی پێوەی سەرقاڵن.
باڵیۆز حسام زەکی، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی ڕایگەیاند، عێراق پێشنیاری دامەزراندنی سندوقێکی عەرەبی کردووە بۆ پاڵپشتی لە بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتانی عەرەبی کە لە ململانێکان دەردەچن، وەکو سوریا و غەززە و سودان.
چەند سەرکردەیەکی عەرەبی لە لوتکەکەدا ئامادەنەبوون، وەکو ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆککۆماری سوریا. سەرۆکی لوبنان، شا عەبدوڵا، پاشای ئوردن... هتد.
کەمیی بەشداریی سەرکردەکان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، بێ کاردانەوە نەبوو، پاش ئەوەی شەوی رابردوو ئەوە ئاشکراکرا کە شا عەبدوڵا، پاشای ئوردن بەشداریی ناکات لە کۆبوونەوەی لوتکەی بەغداد، هەر بۆیە حکومەتی عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەی لوتکەی سێقۆڵیی (عێراق، ئوردن و میسر) هەڵوەشاتەوە و ئەنجام نادرێت، ئەگەرچی بڕیاربوو لە پەراوێزی لوتکەی عەرەبی ئەنجامبدرایە.
نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە دوو سەردانی جیاواز دەچنە ئەمریکا و تاران، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پرۆسەی ئاشتی، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوت تاوتوێ دەکەن.
ئەم هەفتەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەولێر بەرەو تاران و واشنتن بەجێدەهێڵن.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پرۆسەی ئاشتی، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوت تەوەری سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی دەبێت.
بە وتەی محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە دوو رۆژی داهاتوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک دەچێتە تاران.
ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بەشداریکردنە لە کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران، کە لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە رێکدەخرێت.
کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 18 و 19-5-2025 لە تاران بەڕێوەدەچێت، لە 53 وڵاتی جیهانەوە شاند بە مەبەستی بەشداریکردن لەو کۆڕبەندەدا بانگهێشت کراون.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، نیچیرڤان بارزانی لە پەروێزی گەشتەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆدەبێتەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، پرۆسەی ئاشتی و دۆسیەی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لەگەڵدا تاوتوێ دەکات.
هەرچی تایبەتە بە سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها گەشتەکەی بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic پشتراستکردەوە و هیچ زانیارییەکی لەبارەی سەردانەکەوە ئاشکرا نەکرد.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، یەکخستنەوەی پێشمەرگە، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەوەری کۆبونەوەکانی مەسرور بارزانی دەبن.