کاتێک ئەنجامی کۆنگرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە راگەیاندرا، وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان و 12 سەرکردەی دیکەی کوژراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر دیوارەکەی پشتی سەرپەرشتیاری کۆنگرەکە هەڵواسرابوو، بەڵام لەسەر مێزەکە تەنها وێنەی سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و هاوسەرۆکی (دەم پارتی) هەبوو کە سەرەتای ئەم مانگە کۆچی دواییکرد.
رۆژی 12ی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکان و بزوتنەوە چەکدارییەکەی خۆی راگەیاند و داواکاریی عەبدوڵا ئۆجەلانی لەوبارەیەوە پەسەندکرد، بۆ کۆتایی هێنان بە 52 ساڵ خەباتی چەکداریی دژی سوپای تورکیا.
بڕیارەکەی پەکەکە و ئەو مشتومڕانەی لەپشتی پەردەوە ئەنجام دەدرێن بۆ بەدیهێنانی پرۆسەی ئاشتی و رەنگڕێژکردنی ئاشتی سەرتاسەری لە تورکیا، هێندە نهێنین کە چاودێرانی سەرسامکردووە.
لەناو تورکیادا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، جەختی لەسەر هەوڵەکان بۆ بەدیهاتنی ئاشتیی و نەماتی تیرۆرکرد لە تورکیا و بە ئەندامانی پارتەکەی راگەیاند، خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغی سەختی داهاتوو، بۆئەوەی پرسەکان بەلاڕێدا نەبرێت و بەرپرسیارێتی مێژویی بڕیارەکە هەڵدەگرن.
ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایکردووە، ئەردۆغان، پلانێکی هەیە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی 2028 بۆ جارێکی دیکە پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەدەستبهێنێتەوە و ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبەریەکهەڵوەشێنێت و هێزە کوردییەکان بخاتە بەرەی خۆیەوە.
بەگشتی کوردەکان بەشدارییان نەکرد لە خۆپیشاندانەکانی 19ی ئازاری ئۆپۆزسیۆن دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و سەرکردەی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا، ئەوەش وەکو سەرکەوتنێک بۆ سیاسەت و بڕیاری نوێی ئەردۆغان لێکدرایەوە بۆ نزیکبوونەوە لە کوردەکان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای بانگەوازێکی مێژوویی ڕێبەرەکەی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە زیندانی کراوە، بۆ دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە. ئەمەش زەمینەی بۆ کۆتایی هاتنی ململانێی چل ساڵەی نێوان چەکدارانی کورد و دەوڵەتی تورکیا خۆش کرد.
چاوەڕوانکراوەکان:
چارەنوسی ئۆجەلان: هێشتا چارەنوسی ئۆجەلان بە هەڵپەسێدراوی ماوەتەوە و لێدوانی جیاجیا بەدیدەکرێن، بۆ نمونە، پارتی داد و گەشەپێدان لە رۆژنامەی "تورکیا"ی زمانحاڵی حکومەت، ئاشکرایکردووە کە سیستمی بەندکردنی ئۆجەلان پاش هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، "هێوردەکرێتەوە"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئازادکردنی بدات.
یەکەمجار دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی حیزبی نەتەوەپەرستی تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، دەستپێشخەری ئاشتی کرد، بۆئەوەی لە پەرلەمانەوە بە یاسا گۆڕانکاریی لە بڕیاری سزای سەر ئۆجەلاندا بکرێت و ئاشتی بەرقەراربکرێت و کۆتایی بە تیرۆربهێنرێت.
هەر بۆیە شاندێکی دەم پارتی کە سری سورەیا ئۆندەر سەرپەرشتیی دەکرد، سەردانی دورگە ئیمرالیان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە و پرۆسەی ئاشتییان گەیاندە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو.
شاندی دانوستانکاری ئیمرالی، چەندینجار ئەوەیان راگەیاندووە کە ئیتر تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی تورکیادایە کە هەنگاو هەڵگرێت بۆ دەرکردنی یاسایەک کە کۆتایی بە دۆسیەی تیرۆر بهێنێت لە وڵاتەکەیان و ئۆجەلان ئازادبکرێت.
کوژراو یان شەهید؟
لەو یاسایەدا کە پەرلەمانی تورکیا دەریدەکات، دەبێت ئەو تێڕوانینەش راست بکرێتەوە کە 41 ساڵە هێزی خێر و شەڕی لەیەکتریی جیاکردووەتەوە.
لەمەودوا هەردوو لایەنی ناکۆکیی و بەشەڕهاتوو (پەکەکە و سوپای تورکیا) دەبنەوە یەک هێز و کۆتایی بە خوێنڕشتن دەهێنرێت، هەروەها ئەو خوێنەی کەڕژاوە دەبێت مامەڵەیەکی دیکەی لەگەڵ بکرێت و کەسوکاری شەهیدەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش خۆیان بە هاوبەشی پرۆسەی ئاشتی بزانن و بە چاوی دوژمن لە شەهیدەکان و کەسوکاریان نەڕوانرێت.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاریگەریی لەسەر رێسا جێبەجێکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت، لەمەودوا بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە، نابێت سزای لەسەربێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی تورکیا ئەو سکاڵا و داخوازاییانەی خۆی لە کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا دەکێشێتەوە.
ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، زۆرێک لەو سزایانەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕی ئینتەرنێت، بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سەپێنرابوون بەسەر زاراوە کوردییەکاندا، هەڵدەگیرێن و قۆناغێکی نوێ لەو بوارەدا دەستپێدەکات.
ئەو مەترسیەی مام جەلال ئاماژەی پێکردبوو
لە یەکێک لە چاوپێکەتنەکانی پێشوویدا، مام جەلال تاڵەبانی، سکرتێری کۆچکردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژەی بەوەکردبوو، دۆزی کورد زۆر زیانی پێگەیشتووە بەهۆی تۆمارکردنی پەکەکە لە ریزی گروپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا.
مام جەلال بە خاوەنی یەکەم دەستپێشخەری دەناسرێت کە کاری بۆ ئاشتیی نێوان پەکەکە و تورکیا کرد لە سەردەمی تورکوت ئۆزالی سەرۆکی پێشووتری تورکیا لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، بەڵام گفتوگۆکان نەگەیشتنە قۆناغی دانوستاندن و چارەسەریی بنەڕەتی، هەر بۆیە مام جەلام دەیزانی ئەگەر کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەربەستی زۆر بۆ دیپلۆماسیەت و دۆزی کوردی دروستدەبێت.
لەمەودوا کورد لە تورکیا دەتوانن وەکو هێزێکی سیاسی کاریگەر بەشداریی لە پرۆسەی سیاسییدا بکەن و پەیوەندیی بە گەلانی دونیاوە بکەن.
زیندانییەکان:
بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، لەمەودوا دەبێت بە زیاتر لە 40 هەزار زیندانییکراو و بەندکراو لە تورکیا ئازادبکرێن، ئەوەش ئومێد دەگێڕێتەوە بۆ دەیان هەزار خێزانی کورد لە باکوری کوردستان و کۆتایی بە گۆشەگیرییان دەهێنرێت.
کاتێکیش زیندانییکراوەکان ئازاد دەکرێن، زۆرینەیان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کار و پۆست و پیشەکانی پێشووی خۆیان، کە بەشێکی زۆریان کاربەدەست و سەرۆکی شارەوانی و کەسانی ئیداریی و کارگێڕیی و وەبەرهێنەربوون.
لابردنی قەیومەکان
دەیان شارەوانی لە تورکیا بەهۆی تۆمەتبارکردنی سەرۆکی شارەوانییەکان کە بە هەڵبژاردن دەرچووبوون، لەلارەکانیان لادراون و قەیوم لە جێگایان دانراون، دەبێت ئەم پرۆسەی ئاشتییە ئاسۆیەک لەوبارەیەوە بکاتەوە بۆ گێڕانەوەی بەها بۆ بەشدارییکردنی سیاسی کورد لە تورکیا.
لە بەیاننامەکەی کۆنگرەی پەکەکە، بەهیچ شێوەیەک داوای خۆسەریی، فیدراڵیی و کۆنفیدراڵیی نەکراوە، بەڵکو تەنها نوسراوە "چارەسەری دیموکراتی"، ئەوەش ئەو خاڵەیە کە لە چەقی بەیاننامەکەدا جەختی لێکراوەتەوە.
هەربۆیە گێڕانەوەی بەها بۆ بەشداریی سیاسی و پابەندبوون بە بنەما دیموکراتییەکان، دەبێت لە نەخشەڕێی پرۆسەی ئاشتیدابێت لە تورکیا و کاروباری قەیومەکان بەتەواویی رابگیرێن.
کورد لە ئەوروپا:
تورکیا لەبەرئەوەی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە و گرێدراوە بە ئەوروپا، لەمەودوا کارتی سیاسی کورد لە ئەوروپا بەهێزتر دەبێت، بەوپێیەی زۆرینەی رەهای رەوەندی کوردی خەڵکی باکوری کوردستانن.
هەروەها دەیان هەزار کورد بەهۆی دۆسیەی پەکەکەوە لە تورکیاوە ئاوارەی ئەوروپا و وڵاتانی جیهان بوون، بەڵام دەبێت ئەم پرۆسەیە بەربەستی گەڕانەوەی ئەو کوردانە نەهێڵێت بۆ تورکیا و سودمەندبوون لە ناسنامە و وڵاتینامەی تورکیا.
هەروەها ئەو هەزاران کوردەی بەهۆی سکاڵای تورکیاوە لە ئەوروپا بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆدەرچووە، یان بزنس و سەرمایەکانیان دەستی بەسەرداگیراوە، دەبێت سەرجەمیان چارەسەر بکرێت.
باکوری کوردستان و ئاشتی
بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر و دۆسیەی پەکەکە، دەیان ساڵە ناوچە کوردنشینەکان پشتگوێخراون و جیاوازییەکی زۆر بەدیدەکرێت لەنێوان ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی جوگرافیای تورکیا.
لە ساڵانی داهاتوودا، دەبێت پلانێکی نیشتمانیی هەبێت بۆ دووبارە گێڕانەوەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییە نیشتمانییەکان بۆ باکوری کوردستان، ئەگەرچی لە دوو دەیەی رابردوودا لەو بوارەدا هەوڵی زۆردراوە.
بەدەر لەم خاڵانەی باسکران، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، کاریگەریی لەسەر هەرچوار بەشی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەبێت، لەکاتێکدا کەمترین زانیاریی لەبارەیەوە لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە.
گرفتی موچەی
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە مانگێکەوە کە زۆرترین پشووی فەرمی تێدایە
و پەرلەمان لە پشوی هاوینەدایە و دامەزراوە حکومیی و کارگێڕییەکان لە عێراق بە
گشتیی پەکیاندەکەوێت و دەبێتە بیانوو بۆ بەرپرسە باڵاکان بۆ زیاتر دواخستنی دانوستان
و کۆبوونەوەکان.
بەپێی
بەدواداچوونەکانی مایک نیوز، لەم مانگی حوزەیرانەدا، نزیکەی 15 رۆژ پشوو دەبێت،
بەتایبەت کە جەژنە ئاینییە گەورەکان کەوتوونەتە ئەم مانگەوە و چەندین پرسی
هەڵپەسێردراو لە عێراقدا چاوەڕێی بەلاداخستن و چارەسەرکردن دەکات.
پشوو ناهێڵیت پرسی موچە چارەسەر بکرێت
بۆنمونە لەم
مانگی شەشەدا 8 رۆژ بەر پشوی رۆژانی هەینی و شەممە دەکەوێت، جگە لەوەی پشوی جەژنی
قوربان 5 رۆژی یەکلەدوای یەک بوو کە رۆژی هەینی و شەممەی تێکەوت، هەروەها دوو یاد
و بۆنەی دیکە هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا کە شوێنکەوتوانی ئاینزای شیعە زۆر بە گرنگی
دەزانن و پابەندن پێوەی.
جەژنی غەدیر دەکەوێتە
رۆژی 18ی زیلحەجە، واتە رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیران دەستپێدەکات بۆ سێ رۆژی
یەکلەدوای یەک، واتە پاش کۆتایی هاتنی پشووی رۆژانی هەینی و شەممە، راستەوخۆ پشووی
غەدیر دەستپێدەکات و لە هەفتەکەدا تەنها رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە دەوام
دەکرێت و پشوو دەستپێدەکاتەوە.
هەر لەم مانگەدا
و لە رۆژی پێنجشەممە، 26ی حوزیران دەکرێتە پشوو، لەبەرئەوەی دەبێتە (1ی حەرام) کە
سەرەتای ساڵی کۆچیە بۆ موسڵمانان.
جگە لەوەی
پەرلەمانی عێراق لە پشووی هاوینەی خۆیدایە و تا ناوەڕاستی مانگی (تەموز-7)
کارەکانی دەستپێناکاتەوە.
هەروەها هەرێم پشتی بەوەبەستووە لەپاش کۆتاییهاتنی پشووەکانی جەژن پرسی موچە چارەسەر بکات لە دادگای فیدراڵیی، بەڵام 5 ئەندامی دادگاکە رۆیشتوون بۆ زیارەتی حەج و چاوەڕێ دەکرێت چەند رۆژی داهاتوو بێنەوە.
28ـی ئایاری رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێک حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەوە ئاگادارکردەوە ئیتر ناتوانێت پارە بۆ موچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ بنێرێت، لەبەرئەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم رادەستنەکراوەتەوە و بەشەبودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2025 تەواوبووە.
لە ساڵانی
رابردوودا، کاتێک هەرێمی کوردستان کێشەی موچەی هەبووبێت لەگەڵ عێراق، بەرپرسانی
حکومەتی فیدراڵیی بە پاساوی هەبوونی پشوو یان گەشتکردنی بەرپرسەکان، راییکردن و
جێبەجێکردنی کارەکان بۆ بەلاداخستنی کارەکان دواکەوتوون، هەر بۆیە ئاسۆی گفتوگۆکان
بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەی مانگی ئابی موچەخۆرانی هەرێم بە هەڵپەسێردراوی
دەمێنێتەوە.