هەواڵ

بۆ پرسی موچە سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوونەوە

Mic
2025-06-15

دوێنێ، 14ی حوزەیرانی 2025، سەرۆککۆماری عێراق پێشوازیی کردووە لە سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێراق کە لەئێستادا هەموو چاوەکان لەسەر بڕیاری یەکلاکەرەوەی ئەو دادگایەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆککۆمار ئاشکرایکرد، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق پشێوازیی کردووە لە دادوەر جاسم محەمەد عەبود ئەلعامیری، سەرۆکی دادگای فیدراڵی (کە رۆژی پێشتر لە بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج گەڕابوویەوە بۆ عێراق).

لە کۆبوونەوەکەدا لەتیف رەشید، جەختی لە بەهێزکردنی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کردەوەتەوە، بەو پێیەی زامنی چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکیەکانە، بەتایبەتی ناکۆکیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی لەبارەی پرسی موچە.

سەرۆککۆمار جەختیشی کردەوەتەوە لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ خەرجکردنی پارەی دارایی فەرمانبەرانی هەرێم و چارەسەرکردنی ئەم پرسە مرۆییە بە پێی دەستوور و یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی.

لایە خۆیەوە دادوەر جاسم ئەلعامیری، . جەختی لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کردووەتەوە بەپێی یاسا.

لەسەرەتای مانگی حوزەیرانەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بە بڕیارێک حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە کە پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2025 کۆتایی هاتووە و موچەی 8 مانگی کۆتایی ئەەساڵ نانێردرێت، ئەوەش قەیرانێکی دارایی و سیاسی لەنێوان هەرێم و بەغداد دروستکرد.

بڕیارە رۆژی دووشەممە دادگای فیدراڵی عێراق کۆببێتەوە و فەرمان سالاری دەربکات بۆ وابەستەکردنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پاش ئەوەی موچەخۆران لەو دادگایە سکاڵای یاساییان تۆمارکردبوو.

More News

Most Popular

زانست

بە پشتیوانیکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل حزبەکان داوای "راپەڕین" لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن

Mic
2025-06-15

حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەن و دەیانەوێت بە " یەکگرتوو"ـیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان "راپەرین" بکەن. 

 

 حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێنن، تەنها وەک تەماشاکار لە روداوەکانی ئێرانن دەڕوانن، بەڵام خواستیانە کاریگەری لەسەر شەقامی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکەن.

 

حزبەکان، تەنها لە رێگەی راگەیاندراوەوە هەڵوێستی خۆیان لەسەر روداوەکان دەربریووە، کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان داوای لە حزبەکان رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە،" دوور لە هەر جۆرە کێشە و جیاوازییەک، بە ئەرکی خۆیان هەستنەوەو پلان و بەرنامەی هاوبەش و گونجاویان هەبێ تا بە کۆدەنگی و یەکگرتووانە بزاڤی خەڵکی کوردستان رێبەری بکەن". 

 

کۆمەڵەکە داوای پێکهێنانی "کومیتەی بەرێوەبەریی هاوبەشی" لە نێوان حزبەکان رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، ئەوەیش بە ئامانجی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک و تێپەڕاندنی قۆناغەکە. 

 

پارتی ئازادی کوردستان(پاک) کە راستەوخۆ پشتیوانی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەربڕیووە، داواشی لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، "راپەڕین" بکەن. 

 

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران، خستەوەتە ئەستۆی ئێران و رایگەیاندووە، "بەرپرسیاری هەموو قەیرانەکانی ئێستا و ئەو دۆخەیە بەسەر وڵاتدا سەپاوە".

حیزبی دیموکرات وەک پشتیوانییەک بۆ هێرشەکان باسی لەوەکردوە، ئەمە شەڕی گەلانی ئێران نییە، بەڵکو "شەڕی دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامییە".

 

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) کە خۆی بە بەشێک لە باوەڕی عەبدوڵڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە دەزانێت و تاکە حزبی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە کەمپ نیشین نەبووە، ناڕاستەوخۆ پشتیوانی هێرشەکانی ئیسرائیلی کردووە. 

 

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بە ڕەخنەگرتن لە دۆخی ناوخۆیی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە،" هێرشەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی بەتەواوی مەترسی و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ڕژێمەکە کۆتایی پێدێت.

 

باسی لەوەشکردووە، "دەربڕینی خۆشحاڵی گەلی ئێران بۆ لاوازبوونی ئەو جۆرە دەسەڵاتە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی ئێرانی هەموو هیواکانیان لەسەر ئەنجامی شەڕێکی لەو شێوەیە هەڵچنیوە". 

 

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ئامادەیی خۆی بۆ " بەرگریکردن لە گەل و گەلانی دیکەی ئێران لە بەرامبەر هەر جۆرە سەرکوتکردن و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی" نیشانداوە، داوای دروستکردنی رێکخستنی لەناو هاوڵاتییاندا کردووە. 

 

هەڵوێستی نوێی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خوێندنەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت، هەرێمی کوردستان بخاتە بەر هێرشی ئێرانەوە، هەر بۆیەش بەشێک لە حزبەکان ئەو کەمپانەیان چۆڵکردووە کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەمنی هەولێر، تاران و بەغدا بۆیان دابینکراوە.

 

بەرەبەیانی 13ـی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و چەندین شوێنی کردە ئامانج، هەروەها چەند بەرپرسێکی سەربازی ئێرانی کوشت، لەو کاتەوە پێکدادانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە.

 

ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"ی راگەیاند، بە چەند قۆناخ و بە دەیان مووشەک و درۆن هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل، تا ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن.