هەواڵ

نوێنەری وڵاتان لەگەڵ سودانی باسی کێشەی هەرێمی کوردستانیان کرد

Mic
2025-06-11

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ی حوزەیران، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پرسە ناوخۆییەکان (کێشەی موچە و بودجەی هەرێم) بەپێی دەستور و یاسا یەکلادەکەنەوە و نوێنەری وڵاتانیش پشتیوانی حکومەتی عێراقیانکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزانی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق و باڵیۆزی وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لە چەندین پرسی ناوخۆیی و دەرەکی کرد و وتی: "لەگەڵ دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو هاووڵاتیان".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی عێراق، "باڵیۆزی وڵاتان پشتیوانیان بۆ سیاسەتی حکومەتی عێراق دووپاتکردەوە لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و کێشە ئیدارییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان".

سودانی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق کاردەکات بۆ ئەوەی ڕۆڵی ناوچەیی خۆی لە ڕێگەی چوارچێوەی یاسایی و دیپلۆماسی و مرۆییەوە جێبەجێ بکات، لە هەمان کاتیشدا وریایە نەچێتە ناو هیچ ململانێیەکەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

تەیف سامی: تەوتین بکرێت و هەموو داهاتەکان رادەستبکرێت ئینجا موچەی هەرێم دەنێرم

Mic
2025-06-12



ئەمڕۆ، وەزیری دارایی عێراق، لەگەڵ شاندی مامۆستایانی سلێمانی کۆبوویەوە و هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەگەری ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

وەزارەتی دارایی عێراق، ئاشکرایکردووە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق، بە نوێنەری مامۆستاکانی شاری سلێمانی وتوە: دەبێت هانی حکومەتی هەرێم بدرێت خێرابکات لە (بەجێکردن - بەبانکیکردن) تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان رادەستبکاتەوە، ئینجا ئەوکاتە موچەی فەرمانبەران جاریکی تر دەنێرین.

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە کە تاوتوێی ژمارەیەک پرسی پەیوەست بە دۆخی خوێندنی پارێزگاکە کراوە و گوێی لە ژمارەیەک داواکاریی شاندەکە گرتووە بۆ دانانی ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنیان لەچوارچێوەی بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق.

تەیف سامی بەشاندی مامۆستانی سلێمانی وتووە کە "پەروەردە لە پێشینەی کارەکانی حکومەتدایە لە بەرنامەکانی چاکسازی و گەشەپێدان".

شاندی مامۆستایانی سلێمانی، هێشتا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە نەخستووەتەڕوو، بڕیارە ئەمشە کاتژمێر 9:00 بگەنەوە شاری سلێمانی و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازبکەن و زانیارییەکانی خۆیان بخەنەڕوو.