دەزگای هەواڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی، بە پشتبەستن بە سەرچاوەی تایبەت، ئەوەی
ساغکردووەتەوە کە شەوی رابردوو، موشەکی بالیستی حاجی قاسم سلێمانی لە ئێرانەوە
ئاڕاستەی ئیسرائیل کراوە و ئامانجەکانی پێکاوە.
ئاژانسی هەواڵی فارس-ی ئێران، شەوی رابردوو توانراوە چەند موشەکێکی بالیستی
حاجی قاسم سلێمانی لەگەڵ شەپۆلێک موشەک و درۆنی دیکە ئاڕاستەی شارەکانی ئیسرائیل بکرێت و ئامانجەکەی بپێکێت.
حاجی قاسم سلێمانی، یەکەم سەرکردە و فەرماندەی سوپای قودسی ئێران بوو، کە
یەکێک لە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانە، لە 3/1/2020 لە فڕۆکەخانەی بەغداد
لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرکردەی باڵای حەشدی شەعبی لە هێرشێکی درۆنیی
ئەمریکادا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کوژران.
رۆژی 30ی ئابی 2023، بۆ یەکەمجار ئێران موشەکی حاجی قاسمی ئاشکراکرد، لەوبارەیەوە
رەزا تەڵائی نیک، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاشکرایکرد، وڵاتەکەیان ئەو
موشەکە بالیستییە پێشکەوتووەی بەتایبەت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دروستکردووە.
موشەکی بالیستی حاجی قاسم، لەلایەن ڕێکخراوی پیشەسازی
فڕۆکەوانی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئێران دروستکراوە، توانای پێکانی ئامانجەکانی
هەیە لە دوریی 1400 کیلۆمەتر و کێشی 7 تەنە و توانای هەڵگرتنی 500 کیلۆگرام تەقەمەنی
هەیە. دەتوانێت بە خێرایی 12 ماخ تێپەڕێت و بە خێرایی 6 ماخ ئامانجەکانی بپێکێت،
ئەوەش زۆر بە سەختیی لە سیستمەکانی قەڵغانی موشەکی ئیسرائیلەوە رێگەی لێدەگیرێت.
حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەن و دەیانەوێت بە " یەکگرتوو"ـیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان "راپەرین" بکەن.
حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێنن، تەنها وەک تەماشاکار لە روداوەکانی ئێرانن دەڕوانن، بەڵام خواستیانە کاریگەری لەسەر شەقامی رۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکەن.
حزبەکان، تەنها لە رێگەی راگەیاندراوەوە هەڵوێستی خۆیان لەسەر روداوەکان دەربریووە، کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان داوای لە حزبەکان رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە،" دوور لە هەر جۆرە کێشە و جیاوازییەک، بە ئەرکی خۆیان هەستنەوەو پلان و بەرنامەی هاوبەش و گونجاویان هەبێ تا بە کۆدەنگی و یەکگرتووانە بزاڤی خەڵکی کوردستان رێبەری بکەن".
کۆمەڵەکە داوای پێکهێنانی "کومیتەی بەرێوەبەریی هاوبەشی" لە نێوان حزبەکان رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، ئەوەیش بە ئامانجی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک و تێپەڕاندنی قۆناغەکە.
پارتی ئازادی کوردستان(پاک) کە راستەوخۆ پشتیوانی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەربڕیووە، داواشی لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، "راپەڕین" بکەن.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران، خستەوەتە ئەستۆی ئێران و رایگەیاندووە، "بەرپرسیاری هەموو قەیرانەکانی ئێستا و ئەو دۆخەیە بەسەر وڵاتدا سەپاوە".
حیزبی دیموکرات وەک پشتیوانییەک بۆ هێرشەکان باسی لەوەکردوە، ئەمە شەڕی گەلانی ئێران نییە، بەڵکو "شەڕی دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامییە".
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) کە خۆی بە بەشێک لە باوەڕی عەبدوڵڵا ئۆجالان رێبەری پەکەکە دەزانێت و تاکە حزبی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە کەمپ نیشین نەبووە، ناڕاستەوخۆ پشتیوانی هێرشەکانی ئیسرائیلی کردووە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بە ڕەخنەگرتن لە دۆخی ناوخۆیی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە،" هێرشەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی بەتەواوی مەترسی و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ڕژێمەکە کۆتایی پێدێت.
باسی لەوەشکردووە، "دەربڕینی خۆشحاڵی گەلی ئێران بۆ لاوازبوونی ئەو جۆرە دەسەڵاتە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی ئێرانی هەموو هیواکانیان لەسەر ئەنجامی شەڕێکی لەو شێوەیە هەڵچنیوە".
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ئامادەیی خۆی بۆ " بەرگریکردن لە گەل و گەلانی دیکەی ئێران لە بەرامبەر هەر جۆرە سەرکوتکردن و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی" نیشانداوە، داوای دروستکردنی رێکخستنی لەناو هاوڵاتییاندا کردووە.
بەرەبەیانی 13ـی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و چەندین شوێنی کردە ئامانج، هەروەها چەند بەرپرسێکی سەربازی ئێرانی کوشت، لەو کاتەوە پێکدادانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە.
ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"ی راگەیاند، بە چەند قۆناخ و بە دەیان مووشەک و درۆن هێرشی کردەوە سەر ئیسرائیل، تا ئێستاش پێکدادانەکان بەردەوامن.