هەواڵ

هەرێمی کوردستان کۆتا گوژمەی 120 ملیار دیناری رادەستی بەغدا دەکات

Mic
2025-08-03

هەرێمی کوردستان لەپێناوی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیراندا گوژمەیەکی 120 ملیار دیناری بۆ بەغدا ئامادە کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت پارەکە وەک کۆتا گوژمە بنێرێت و دواتر نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان رادەست بکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دیجیتاڵ میدیای Mic کەوتوون، حکومەتی هەرێمی کوردستان 120 ملیار دیناری دیکەی بۆ بەغدا ئامادەکردووە و تەنها بڕیاری ناردنی ماوە.

ئەو بڕە پارەیە وەک بەشی حکومەتی عێراق لە کۆی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان دیارییکراوە و دەبێت هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران رادەستی بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان پارەکەی بە دەستەوەیە و بۆ ئەم مانگە گرفتێک لە بڕی پارەکەدا نییە.

هەرێمی کوردستان بە قورسی دەزانێت بتوانێت هەموو مانگێک ئەو بڕە بدات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بڕە پارەیە بە بەشی عێراق لە داهاتی نانەوتی نازانێت.

هەرێمی کوردستان تەنها نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان بە بەشی بەغدا دەزانێت، بۆیە دەیەوێت ئەو بڕە پارەیە بکاتە کۆتا گوژمەی 120 ملیار دیناری کە رادەستی حکومەتی عێراقی بکات و چیتر بۆ ناردنی پارە لێکتێگەیشتنەکەی مانگی رابردوو نەکرێتە بنەما.

ئێستا هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر ئەو پرسە لە گفتوگۆدایە، وەک پێشتر دیجیتاڵ میدیای Mic بڵاویکردەوە، هەرێمی کوردستان پێشنیازێکی نوێی داوەتە بەغدا.

پێشنیازەکەی هەرێمی کوردستان گەڕانەوەیە بۆ ئەو شێوازەی لە رابردوو پەیڕەو کراوە کە رادەستکردنی 50%ی ئەو داهاتانەیە کە بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق بە "داهاتی فیدراڵی" هەژمار دەکرێن.

بەپێی مادەی 29ـی یاسای کارگێڕیی دارایی ساڵی2019ـی عێراق، 50%ی داهاتی رسومات و باجی فیدراڵی لەو فەرمانگانەی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ پارێزگاکان دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای mic، هەرێمی کوردستان نیازپاکی خۆی بۆ جێبەجیکردنی ئەو ماددە دەستورییە نیشانداوە و ئامادەیی دەربڕیووە، 50%ی داهاتی باج و گومرگ بۆ حکومەتی عێراقی بگەڕێنێتەوە.

بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی نێوان هەولێر و بەغدا کە ناوەڕاستی مانگی تەممووز ئەنجامیانداوە، دەبێت تیمە هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ماوەی دوو هەفتەدا راپۆرت پێشکەشی حکومەتی عێراق بکەن تا پەسەندی بکات.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان مانگانە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان 300 - 350 ملیار دینارە، بە هەموو پێوەرێک نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان کەمتر دەبێت لەو 120 ملیار دینارەی کە لە لێکتگەیشنی نێوان هەردوو حکومەت لەسەری رێککەوتوون.

More News

Most Popular

هەواڵ

ڕونکردنەوەیەکی هاتوچۆی سلێمانی دەبێتە نوکتە و تەنزی سۆشیاڵ میدیا

Mic
2025-08-05

ڕوونکردنەوەیەکی هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی هەڵگرتنی 'قەرەجەکان' لەسەر شەقامەکان هەرا دەنێتەوە لە چەند خولەکێکدا بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبێتەوە و دەبێتە نوکتە و تەنزی سۆشیاڵ میدیا.

هاتووچۆی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەکەیدا باس لە بڵابوونەوەی نووسراوێک بە ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوان دەکات کە تێیدا، 150 هەزار غەرامە (سزا) بۆ هەر شۆفێرێک نووسراوە کە 'قەرج' لە شەقامەکان هەڵبگرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، نووسراوەکە هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە و فەیکە، هەڵگرتنی 'قەرەج'یش هیچ سزایەکی نییە.

ئەم بابەتە هەرزوو کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە و سەدان هاوڵاتی بەشێوەی تەنز لەسەر ڕوونکردنەوەکەی هاتووچۆی سلێمانی کۆمێنتیان نووسیوە.

مەبەست لە 'قەرەجەکان' ئەو ئافرەتانەن  کە لە ترافیک لایت و فولکەکانی ناوشار دەوستن و لەژێر ناوی کلێنس و بنێشت فرۆشتندا، کاری "بەدڕەوشتی" دەکەن.

هاوڵاتییان بەشێوەیەکی تەنزئامێز لەسەر پۆستەکە ئەم جۆرە کۆمێنتانەیان نووسیوە، "یانی قەرج هەڵگرین سزامان نادەن"، "وەڵا خۆ لەدەستان دێت ئەوەش بکەن بە غەرامە"، "کاکە بڵێن ئێمەین و ڕاستە بەشکەم خەڵک بترسێت و ئەو کارە نەکات" و سەدان کۆمێنیتی دیکەش".