هەواڵ

گومان لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت و مالیکی هۆشداری دەدات

Mic
2025-09-06


گومانەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەو وادەی دیاریکراوە زیاتر دەبێت، هەر بۆیە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداری دەدات و دەڵێت: دواخستنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەروازەیەکە بۆ داڕمانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق.

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام بدرێت، بەڵام لەم چەند هەفتەیەی دواییدا هەندێک لە لایەنەکان گومانیان بۆ دروستبووە، کە رەنگە هەڵبژاردن بە بیانوی جۆراوجۆر لە وادەی خۆیدا نەکرێت.

نوری مالیکی، کە سەرۆکایەتی یەکێک لە گەورەترین پارتەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن لە بەغدا وتی: ئەگەر هەڵبژاردنەکان دوابخرێن پرۆسەی سیاسی لە عێراق تێکدەشکێت، گوێ لە کەس مەگرن کە دەڵێت هەڵبژاردن دوادەخرێت دواناخرێت و لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوە دەچێت.

مالیکی ڕوونیکردەوە، کە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن کردارێکی دووانەیە و مومارەسەکردنی مافە دیموکراسییەکان و شەرعییەتی دەوڵەت دەگرێتەوە و جەختی لەوە کردەوە، نابێت هەڵبژاردن ببێتە قۆناغێک بۆ ئیفلیجکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت کە دەبێت لە سەرووی ململانێی سیاسی و حزبییەوە بمێنێتەوە.

هەروەها هۆشداری توندیدا و وتی: وڵاتێک پابەند نەبێت بە یاسا و دەستوورەوە تووشی ئاژاوە دەبێت و ناتوانێت سەرهەڵبدات و کار بکات، بەداخەوە گوێبیستی پێشێلکاری یاسایی لە دامودەزگا و دامودەزگاکانی حکومەت دەبین.

ئەم لێدوانەی مالیکی لە کاتێکدایە کە وەک چاودێران باسی دەکەن شەڕێکی سارد لە نێوان مالیکی و سودانی دێت کە مالیکی هەوڵ دەدات بۆ خولی دووەم لە پۆستی حکومەتدا بباتەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کاتی ئازادکردنی ئۆجەلانی دیاریکرد

Mic
2025-09-07


دوای 26ساڵ و حەت مانگ لە دەستگیرکردنی، ئێستا عەبدوڵا ئۆجەلان لە دورگەی ئیمراڵییەوە نەخشەی داهاتووی تورکیا دادەڕێژێتەوە، هەرچەندە ئەو پرسی ئازادکردنی خۆی بەستووەتەوە بە پرسی ئازادی گەلی تورکیاوە، بەڵام دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا.

 کاتێک رۆژی 15ـى شوباتی 1999، عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەریئەوکاتی پەکەکە لە کینیا دەستگیرکرد، رەنگە بە خەیاڵی کەسدا نەهاتبێت، کە رۆژێک نەک چارەنوسی دۆزی کورد، بەڵکو چارەنوسی پرۆسەی سیاسی و سیستەمی حکومڕانی لە تورکیا دەکەوێتە دەست ئۆجەلان، کە زیاتر لە سێیەکی تەمەنی لە زیندانی تورکیا بەسەربردووە.

مانگی شوباتی ئەمساڵ کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی بەستەوە بە ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە، ئەو جەختکردنەوەی کەجەکە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناو وایکرد، خودی ئۆجەلان لەسەر ئەو پرسە پەیامێک بڵاوبکاتەوە.

رۆژی 2ـى تەموز، عەبدوڵا ئۆجەلان،  باسی ئازادیی خۆی کرد و وتی: من هیچ کاتێک ئازادیی کەسیی خۆمم بە پرسێکی جیاواز و سەربەخۆ لە ئازدایی کۆمەڵگە نەبینیوە، هەمیشەش بەرگریم لەوە کردووە، بەبێ بنیادنانی ئازادیی کۆمەڵگە، ئازادیی تاکەکەسیی مانای راستەقینەی خۆی نادۆزێتەوە.

لەئێستادا پرسی ئازادکردنی ئۆجەلان هاوکات لەگەڵ هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتیدا چووتە قۆناغێکی نوێوە، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، وادەی کۆتایی ئەم مانگەی بۆ تورکیا دیاریکردوە بۆ جێبەجێکردنی "مافی هیوا" بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، تاکو بتوانێت سەر لەنوێ ژیانی ئاسایی لەدەرەوەی زیندان دەسپێبکاتەوە.

کۆتایی ساڵی رابردوو، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دوایکرد عەبدوڵا ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان و پەکەکە  هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵێنیدا، کە ئەگەر ئۆجەلان پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە، ئەوانیش ئازادی دەکەن، بەڵام تا ئێستا ئۆجەلان ئازاد نەکراوە.

پرسی ئازادکردنی ئۆجەلان لەکاتێکدایە، نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا پێنج كەس لە كۆمیسیۆنی برایەتی و دیموکراسی كە بۆ چارەسەری كێشەی كورد دروستكراو، ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی سەردانی زیندانی ئیمڕاڵی بكەن و لەگەڵ ئۆجەلان كۆببنەوە.

هەرچەندە ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان خواستی کود و ئازادیخوازانە، بەڵام خودی ئۆجەلان پێیوایە، زیندان نەیتوانیوە رێگەبگرێت لە هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و تەنانەت، دڵنیایی بە پەکەکە و گەلی کوردداوە، کە بەرپرسیارێتی قۆناغەکە لە ئەستۆ دەگرێت.