هەواڵ

چارەنوسی پێکهێنانی کابینەی 10 کەوتووەتە دەست قەدەرێکی نادیار

Mic
2025-09-06


نزیکەی 11 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام کابینەی نوێی حکومەت هێشتا لە دایک نەبووە و بەپێی زانیارییەکانیش، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە ئاستێکدا نییە کە بەمزوانە حکومەت پێکبهێنرێت.

مانگی رابردوو وا بڵاوکرایەوە، کە وادەی پێکهێنانی حکومەت ئەم مانگەیە"ئەیلول"ـە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای mic، پارتی و یەکێتی تائێستا ئامادەکارییان نەکردووە بۆ کۆبونەوە لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی پێکهێنانی حکومەت.

بەپێی زانیارییەکان، لەسەر پرسی دابەشکردنی پۆستەکان پاتی و یەکێتی بۆچونیان پێچەوانەی یەکترە و لەئەگەری دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی نێوانیان، ئەوا قورسە بتوانن لەم مانگەدا بگەن بە رێککەوتن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی mic، پارتی و یەکێتی تێگەیشتوون لەوەی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناتوانن کابینەی حکومەتی پێکبێنن، لەئەگەری رێککەوتنیشیاندا، ئەوا رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت دوو مانگی پێویستە.

وابڕارە رۆژی 11ـى 11ـى ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، لە سەرەتای مانگی 10دا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات، بۆیە بە هەموو ئەگەرێکەوە لەو دۆخە نوێیەی کە دێتە پێشەوە زەحمەتە کابینەی 10ـى حکومەتی هەرێم لە دایک ببێت.

لەگەڵ ئەوەی پارتی و یەکێتی هەنگاوی کردەییان نەناوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، رێکارەکانی کۆبونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت زیاتر لە دوو مانگی پێویستە.

دیجیتاڵ میدیای mic، بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە و ئەوەی دەستکەوتووە، کە پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێم دەکەوێتە ساڵی داهاتووەوە و هەروەها، تائێستا یەکێتی سورە لەسەر شەراکەتی راستەقینە و بەروونی ئەو پەیامەی بە پارتی گەیاندووە، کە دەیانەوێت بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن پۆست نوێی حکومەت وەربگرن.



More News

Most Popular

هەواڵ

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کاتی ئازادکردنی ئۆجەلانی دیاریکرد

Mic
2025-09-07


دوای 26ساڵ و حەت مانگ لە دەستگیرکردنی، ئێستا عەبدوڵا ئۆجەلان لە دورگەی ئیمراڵییەوە نەخشەی داهاتووی تورکیا دادەڕێژێتەوە، هەرچەندە ئەو پرسی ئازادکردنی خۆی بەستووەتەوە بە پرسی ئازادی گەلی تورکیاوە، بەڵام دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا.

 کاتێک رۆژی 15ـى شوباتی 1999، عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەریئەوکاتی پەکەکە لە کینیا دەستگیرکرد، رەنگە بە خەیاڵی کەسدا نەهاتبێت، کە رۆژێک نەک چارەنوسی دۆزی کورد، بەڵکو چارەنوسی پرۆسەی سیاسی و سیستەمی حکومڕانی لە تورکیا دەکەوێتە دەست ئۆجەلان، کە زیاتر لە سێیەکی تەمەنی لە زیندانی تورکیا بەسەربردووە.

مانگی شوباتی ئەمساڵ کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی بەستەوە بە ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە، ئەو جەختکردنەوەی کەجەکە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناو وایکرد، خودی ئۆجەلان لەسەر ئەو پرسە پەیامێک بڵاوبکاتەوە.

رۆژی 2ـى تەموز، عەبدوڵا ئۆجەلان،  باسی ئازادیی خۆی کرد و وتی: من هیچ کاتێک ئازادیی کەسیی خۆمم بە پرسێکی جیاواز و سەربەخۆ لە ئازدایی کۆمەڵگە نەبینیوە، هەمیشەش بەرگریم لەوە کردووە، بەبێ بنیادنانی ئازادیی کۆمەڵگە، ئازادیی تاکەکەسیی مانای راستەقینەی خۆی نادۆزێتەوە.

لەئێستادا پرسی ئازادکردنی ئۆجەلان هاوکات لەگەڵ هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتیدا چووتە قۆناغێکی نوێوە، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، وادەی کۆتایی ئەم مانگەی بۆ تورکیا دیاریکردوە بۆ جێبەجێکردنی "مافی هیوا" بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، تاکو بتوانێت سەر لەنوێ ژیانی ئاسایی لەدەرەوەی زیندان دەسپێبکاتەوە.

کۆتایی ساڵی رابردوو، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دوایکرد عەبدوڵا ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان و پەکەکە  هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵێنیدا، کە ئەگەر ئۆجەلان پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە، ئەوانیش ئازادی دەکەن، بەڵام تا ئێستا ئۆجەلان ئازاد نەکراوە.

پرسی ئازادکردنی ئۆجەلان لەکاتێکدایە، نوعمان كورتولموش سەرۆكی پەرلەمانی توركیا پێنج كەس لە كۆمیسیۆنی برایەتی و دیموکراسی كە بۆ چارەسەری كێشەی كورد دروستكراو، ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی سەردانی زیندانی ئیمڕاڵی بكەن و لەگەڵ ئۆجەلان كۆببنەوە.

هەرچەندە ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان خواستی کود و ئازادیخوازانە، بەڵام خودی ئۆجەلان پێیوایە، زیندان نەیتوانیوە رێگەبگرێت لە هەوڵەکانی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و تەنانەت، دڵنیایی بە پەکەکە و گەلی کوردداوە، کە بەرپرسیارێتی قۆناغەکە لە ئەستۆ دەگرێت.