هەواڵ

سزاکەی شاسوار عەبدولواحید وەک خۆی جێبەجێدەکرێ

Mic
2025-09-21

دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی سزای زیندانی پێنج مانگی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی پەسەندکرد.

ئەمڕۆ لەپاش تانەلێدان لە بڕیاری زیندانی زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی سزاکەی سەر شاسوار عەبدولواحیدی پەسەند کرد و سزاکەی وەک خۆی جێبەجێدەکرێت.
پێشتر لە 2ـی 9ی 2025 لە سێیەم دانیشتنی دادگای کردنیدا ، دادگای سلێمانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادا.

دوای ئەوەی پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید پەڵپیان لە فەرمانی دادگا بۆ سزادانەکەی بە شێوەی نائامادەیی گرتبوو، بەو هۆیەوە دادگا لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا سزاکەی لە شەش مانگەوە بۆ پێنج مانگ کەمکردەوە.
بەپێی نووسراوێکی دادگای سلێمانی لە رۆژی 3ـی 8ی 2025، دادگای سلێمانی بە شێوەی نائامادەیی شەش مانگ سزای زیندانی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکردبوو.

ئەوەش بەگوێرەی ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی بوو و لە رۆژی 12ـی هەشت لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ دەستگیرکرا.
رۆژانی 21 و 28ـی 8 لەگەڵ 2ـی 9   ,دانیشتنی یەکەم و دووەم و دانیشتنی سێیەم لەسەر هەمان سکاڵا، کە لەلایەن پەرلەمانتارێکی پێشووی نەوەی نوێوە لە دژی تۆمارکراوە، بەڕێوەچوو.

دوای تانەدان لە بڕیاری دادگا بۆ زیندانیکردنی شاسوار عەبدولواحید، ئەمڕۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی سزای زیندانی پێنج مانگی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێی پەسەندکرد


More News

Most Popular

هەواڵ

سبەی کۆبونەوەی گرنگ ئەنجام دەدرێت.. ئەنجومەنی دەوڵەت تۆپەکەی خستەوە ساحەی هەرێم و بەغدا

Mic
2025-09-21


دوای زیاتر لە 10 رۆژ، ئەنجومەنی دەوڵەت لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداوە لەسەر داهاتی نانەوتی، وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی دایەوە، بەڵام وەڵامەکە زیاتر هاندانی هەردولایە بۆ رێککەوتن و بڕیاری تێدانییە، تەواوی کۆتاییهاتنی کێشەکان لەسەر رێککەوتنی سێقۆڵی هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان وەستاوە.

لە کۆبونەوەی 10ـى ئەیلولی دا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرۆی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدای لەسەر داهاتی نانەوتی ئاراستەی ئەنجومەنی دەوڵەت کرد بۆ بڕیاردان لەسەری و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان.

دوای پێنج کۆبونەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری هەرێم، راپۆرتی خۆی لەسەر چۆنێتی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی هەرێم خستەڕوو.

بەپێی زانیارییەکان، راپۆرتەکەی ئەنجومەنی دەوڵەت لە 17 لاپەڕە پێکهاتووە، هەرچەندە وردەکاری راپۆرتەکە ئاشکرا نەبووە، بەڵام ئەوەی زانراوە، راپۆرتەکە راوێژکارییە و هیچ پابەندییەکی تێدانییە.

ئەنجومەنی دەوڵەت خۆی لە بڕیاردان لەسەر کێشەکان و یەکلاکردنەوەیان بەدوورگرتووە و ئەوەی جێهێشتووە بۆ رێکەوتن و سازانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، دووبارە تۆەکەی خستووەتەوە ساحەی هەرێم و بەغدا.

لەگەڵ ئەوەی شێوازی رادەستکردنی داهاتی نانەوتی بەشێکبووە لە کێشەکانی هەرێم و بەغدا، بەڵام لە بنەڕەتدا رادەستکردن و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کێشەگەورەکەبووە، لە ئێستادا هەرێم و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر ئەو پرسە رێککەوتوون و تەنها رێککەوتنی سێقۆڵی ماوە.

بەپێی زانیارییەکان، رێککەتنی سێقۆڵی رەشنوسەکەی ئامادەیە و هەرسێ لایەنەکە رێککەوتوون ە تەنها ئەوە ماوە ئیمزای لەسەر بکرێت، هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە  سبەینێ دوو شەمە ئیمزا بکرێت، بۆئەوەی لە کۆبونەوەی رۆژی سێ شەمەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا پەسەنبکرێت.

بەوتەی کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر تا سێ شەممە رێککەوتنە سێیقۆڵییەکەی نێوان هەرێم و بەغدا و کۆمپانیاکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئیمزا بکرێت، کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەرکردنی ئاسان دەبێت، چونکە کێشە سەرەکیەکە نەوتە.