هەواڵ

تۆماس بارەک: دیمەشق و تەلئەڤیڤ لە رێککەوتن نزیکن

Mic
2025-09-24

سوریا و ئیسرائیل لە رێککەوتن نزیکن و سەرۆکی راگوزەری سوریاش دەڵێت: رێککەوتنیان لەگەڵ تەلئەڤیڤ ئاشتی بۆ ناوچەکە دەهێنێت.

بەوتەی تۆماس بارەک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا، دیمەشق و تەلئەڤیڤ لە گەیشتن بە رێککەوتن نزیکن و رەنگە لە ماوەیەکی کورتدا بەتەواوی رێکبکەون.

بارەک ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گوێرەی رێککەوتنەکە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سوریا رادەگرێت و لەبەرامبەریشدا سوریا چەکی قورس لە سنورەکانی ئیسرائیل دەکشێنێتەوە و جموجۆڵی سەربازی-ش کەم دەکاتەوە.

بارەک ئەم قسانەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆرک لە ئەمریکا کردووە، دوایین بەرەوپێشچوونی لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سوریای ئاشکراکردووە.

رێککەوتنەکە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ پەیمانێکی ئەمنی کە لەلایەن هەریەکە لە سوریا و ئیسرائیل دانووستانی لەسەر دەکرێت و هەردوو لا لەبارەی رێککەوتنەکە لە گفتوگۆدان.

ئەوە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیویست هەردوو وڵات لەم هەفتەیە بگەنە رێککەوتن، بەڵام بەهۆی سەری ساڵی عیبری، پرۆسەکە خاوبووەتەوە.

پێشتریش ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سوریا رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش هەشتی کانوونی یەکەمی 2024.

شەرع ئاماژەی بەوەشکردبوو، سەرکەوتنی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئیسرائیل رێگە خۆش دەکات بۆ رێککەوتنی دیکە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا.

لەدوای روخانی رژێمی بەعسی سوریا و بەشار ئەسەد، ئیسرائیل بەچڕی پێگە و ناوەندە چەکییەکانی سوریای بۆردومانکرد و خاپوریکردن، چونکە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەی خۆی و تائێستاش لە هێرشی ناوبەناو بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوامە و بەشێک لە باشووری سوریاشی کۆنترۆڵ کردووە.

More News

Most Popular

هەواڵ

مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی بەتەلەفۆن قسەیان کرد

Mic
2025-09-27

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوای لە سوودانی کردووە کێشەی مووچە و شایستە داراییەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت و هیچ مووچەیەکی ئەمساڵیش نەفەوتێت.

نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی پێگەیشت.

لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە دەستکەوتێکی گرنگ ناوبرد کە لە خزمەتی هەموو عێراقییەکاندایە.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە گرنگە و سەرۆکی حکومەتیش دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە.

لایخۆشییەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواست ئەم ڕێککەوتنە ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز.
هاوکات، سەرۆکی حکومەت داواشی کرد کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی کوردستان لە دڵەڕاوکێدا نەبن . وتیشی نابێت مووچەکانی ئەمساڵیش بفەوتێن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و سەرۆکی حکومەت هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2026 ، پێویستە هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی خۆی هەبێت.

باس لەوەشکراوە، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ جەختی کردەوە کە دەرفەتی ئابووری گرنگ لە ئارادان بۆ ئەنجامدانی گەشەپێدانی زیاتر لە هەموو عێراق، لە بەسڕەوە تا هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا هەردوو سەرۆک باسیان لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژی ڕێگەی گەشەپێدان کرا و، کە بۆ ئەم مەبەستە، بەم زووانە لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ نەهێشتنی هەموو ئاستەنگەکان لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گرنگە کە کاریگەرییەکی گەورەی لە سەر گەشەپێدانی ئابووری لە هەموو عێراقدا دەبێت.