سەرچاوەیەک لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد رایگەیاند: بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق 243 ملیار دینارەی تەواوکارە بۆ موچەی مانگی ئاب بنێرێت، بەوەش لەگەڵ 755 ملیارەکەی دیکە کورتهێنانی موچەی مانگی ئاب پڕدەبێتەوە موچەی موچەخۆران دابەش دەکرێت.
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند: لەگەڵ پارەدارکردنەکە و پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە، هەر ئەمڕۆ لیستی موچەی مانگی ئاب رادەگەیەنێت و لە سێ بۆ چوار رۆژیشدا موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
هەر بەپێی زانیارییەکانیش دو رۆژە وردبینیکردن لە موچەی مانگی ئەیلول دەستیپێکردوە و تا 15ی ئەم مانگە لەپێش هەڵبژاردندا موچەیەکی دیکەش دابەش دەکرێت.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ڕایدەگەیەنێت، لەئەگەری رێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق، لە پرۆسەی سیاسی دەکشێنەوە
و بەشداری هەڵبژاردن ناکەن.
پێشەوا ھەورامی، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی
پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە "بڕیاری ٥٥٠ ھەیە، لەم بڕیارە چەند
مەرجێک بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە، عێراق داھاتی نانەوتی و
ھەناردەکردنەوەی نەوتیی ھەرێمی کوردستان دەکەنە مەرجی ناردنی مووچە، ئەوە چارەسەری
کێشەی ناردنی مووچەکانی ئەمساڵ دەکات، چونکە ناکرێت مووچەی چەند مانگێک ڕەوانە
نەکرێت و بەو شێوەیە تەماشا بکەین و بێ دەنگ بین".
ئاماژەی بەوەشکردوە، ھیوایان بە گفتوگۆ ھەیە بۆ رێککەوین، بەڵام ئەگەر نەکرا کۆمەڵێک بژاردەیان لەبەردەمە، وەکو کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن و بەشدارینەکردن لە پرۆسەی سیاسی، بۆیە ئەگەر گەیشتینە ئەو قۆناغە ئەوکات ھیچ گفتوگۆ نامینێت.
دەشڵێت، ئەگەر دۆخەکە بگاتە بن بەست ئەو داھاتەی لەبەردەستی حکومەت دایە بە داپەروەرانە بەسەر خەڵکدا دابەشی دەکات، ئەوە باشترە لەوەی پێشێلی زیاتری مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بکرێت و وەزیرێک بە کەیفی خۆی بیەوێت وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات.
پێشەوا ھەورامی باسی لەوەشکردووە، لە یاسای ئیدارەی مالی لە ماددەی 29 زۆر بەئاشکرا باس لەوە کراوە گومرگ و باج %50ی بۆ عێراق بێت، ڕسومات ئەوانەی بەپێی یاساکانی ھەرێمی کوردستان دیاریکراون 100%ی بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەبن، ئەوانەی بەپێی یاسای عێراق جێبەجێ دەکرێن ئەوان 50%ی بۆ عێراق دەبن، ئێمە لەوە کێشەمان نیە و لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆک وەزیران باسی لەوە کردووە 100%ی ئەو داھاتەمان دەوێت.
ئەنجوومەنی دەوڵەت بڕیار لەسەر ھەرێمی کوردستان نادات، تەنیا ڕایان وەردەگیرێت، ئەویش حکوومەتی عێراق داوای کردووە نەک ئێمە، تەنیا بەرچاوڕوونییە و دەدرێتە حکوومەتی عێراق، پێشتر دادگای فیدراڵی یەکلایی کردەوە، ئێستاش ئەنجوومەنی دەوڵەت، نازانین دواتریش چی لێ دێت، بۆیە دەستی دەستی پێدەکرێت، بەپێی یاسا ھەمووی دیاری کراوە وڕوون وئاشکرایە، هەورامانی وادەڵێت.