تەندروستی

هەوکردنی گوێی ناوەڕاست چییە؟ نیشانەکانی کامانەن؟

Mic
2025-09-09

هەوکردنی گوێی ناوەڕاست کاتێک ڕوو دەدات کە بەکتریا یاخود ڤایرۆس، دەبنە هۆی هەوکردنی بەشی دوایی پەردەی گوێمان. ئەم حاڵەتە بەگشتی لەنێو منداڵاندا زۆرتر باوە،بەپێی هەندێک لە توێژینەوەکان، دەکرێت بە تێکڕای لە ٪٨٠ی منداڵان تووشی هەوکردنی گوێی ناوەڕاست دەبن تاوەکوو دەگەنە تەمەنی سێ ساڵ.

چەندین هۆکاری جیاواز هەن بۆ تووشبوون بە هەوکردنی گوێی ناوەڕاست لە منداڵاندا، بەڵام زۆرینەی هۆکارەکانی تووشبوون بریتین لە گواستنەوەی هەوکردنەکانی ڕێڕەوی هەناسە بۆ گوێیەکان،لە کاتی گیرانی ئەو ڕێڕەوەیە کە گوێی ناوەڕاست بە گەروو دەگەیەنێت،لەم دۆخەدا شلە لەپشتی پەردەی گوێوە کۆ دەبێتەوە و بەکتریا و هۆکارەکانی هەوکردن تێیدا گەشە دەکەن.


باوترین نیشانەکانی هەوکردنی گوێی ناوەڕاست بریتین لە:

٭ ئازاری گوێ
٭ خورانی گوێی و گەروو
٭ بێداری و خەو لێ نەکەوتن
٭ خوراندن و ڕاکێشانی گوێ - بەتایبەتی لە منداڵی ساوادا
٭ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش - تا
٭ دەردرانی شلەیەکی زەرد یان خاوێن، یاخود خوێناوی لە گوێوە
٭ لەدەستدانی هاوسەنگی
٭ دروستبوونی کێشەی بیستن
٭ دڵ تێک هەڵاتن و ڕشانەوە
٭ سکچوون
٭ لەدەستدانی ئارەزووی خواردن
٭ هەڵئاوسان

More News

Most Popular

هەواڵ

بۆ یەکەمجار کێشەکانی هەرێم و بەغدا ئاراستەی ئەنجومەنی دەوڵەت کرا

Mic
2025-09-09


تائەمڕۆیش هەرێم و بەغدا لەسەر داهاتی ناوخۆ و رادەستکردنی نەوت نەگەیشتن بەڕێککەوتن، بۆیە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرۆکی کێشەکانی ئاراستەی ئەنجومەنی دەوڵەت کرد، بەڵام شێوازی ئاراستەکردنی راپۆرتەکە دەسەڵات بە ئەنجومەنەکە دەدات بڕیارەکی راوێژکاری بێت یان پابەندی بێت.

ئەنجوومەنی دەوڵەت کە پێشتر ناوی "ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت" بووە، لەساڵی 1929 دامەزراوە، لەساڵی 1933 یاساکەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، لەو کاتەوە بۆچوون و بڕیاری خۆی لەبارەی بابەتە کارگێڕییەکان لە عێراق دەدات.

ساڵی 2017 یاسای ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت هەموارکرایەوە و ناوەکەی گۆڕدرا بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت، جگە لە گۆڕینی ناوەکەی سەربەخۆی دارایی و کارگێڕیی بە ئەنجومەنەکە بەخشرا و وەک ئەنجومەنێکی سەربەخۆ دەسەڵاتی پێدرا.

پێشتر ئەنجومەنەکە بەشێک بوو لە وەزارەتی دادی عێراق، بەڵام دوای هەموارکردنەوەی یاساکەی وەکو دەستەیەکی سەربەخۆ ناسێندرا کە ئەرکی دادگای کارگێڕی و فەتوا و داڕشتنە یاساییەکان دەبێت، ئەنجوومەنەکە بە مەرجەعی بڕیار و دادگا کارگێڕییەکان لە عێراق هەژمار دەکرێت.

دادگای کارگێڕی، دادگەی فەرمانبەران، دادگەی باڵای کارگێڕی، سێ لە دیارترین دادگەکانی سەر بەو ئەنجوومەنەن.

دادگاکە بەپێی ئەرکەکانی بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو بابەتانەوە دەدات، کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان دەخرێتە بەردەستی، نێوبژیوانی لەو کێشانەدا دەکات لەنێوان وەزارەت و لایەنە ناپەیوەستەکان بە وەزارەتەوە روودەدەن، روونکردنەوەی لە دەقە ناڕوونەکان بەکاردەهێنرێت.

بەپێی یاسا، سەرۆکی ئەنجومەنی دەوڵەت دەسەڵاتی وەزیری دەبێت و هەروەها، بودجەیەکی سەربەخۆی هەیە کە لە بودجەی گشتی دەوڵەت دابین دەکرێت.

هەرکاتێک وەزارەت و دەستەکان داوای یەکلاییکردنەوەی دۆسیەیەک لە ئەنجومەنەکە بکات، ئەو کاتە بڕیاری ئەنجومەنەکە دەبێت جێبەجێبکرێت.

بەپێی یاسا، بڕیاەکانی ئەنجومەنی دەوڵەت بۆ سێ سەرۆکایەتییەکی عێراق راوێژکارییە و لە رووی یاساییەوە هیچ پابەندییەکی تێدانییە.

ئەمڕۆ، محەمەد شیاع سودان، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرۆکی ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدای لە راپۆرتێکدا ئاراستەی ئەنجەمەنەکە کرد، ئەگەر نوسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاراستە کرابێت ئەو بڕیارەکەی راوێژکارییە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر شێواز و بڕی رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ ناکۆکی قویان هەیە، هەروەها تائێستا پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەمەش کێشەی بۆ ناردنی مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە دروتکردووە.

هەفەتەی رابردوو، سودانی بە بەرپرسانی هەرێمی راگەیاندبوو، ئەگەر شاندی هەرێم و بەغدا نەگەن بە رێککەوتن، ئەوا ناوەڕۆکی راپۆرتەکان ئاراستەی دادگای فیدراڵی یان ئەنجومەنی دەوڵەت دەکات، بۆ ئەوەی لەوێ یەکلایی بکرێنەوە.