فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەیی بۆ "ئاگربەستی هەمیشەیی" لە ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕێت تا بە نێوەندگیری ئەمەریکا ناوچەکانیان لە هێرشی تورکیا بپارێزن.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە لە نوێترین لێدوانیدا ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لەگەڵ تورکیا دەربڕی و ڕایگەیاند، بۆ دەستبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری سوریا گرنگە "ئاگربەستی هەمیشەیی" لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بکرێت.
عەبدی لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ مایکڵ کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا - سێنتکۆم، جەنەڕاڵ لایهی کیڤن، فەرماندە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، جەنەڕاڵ مایکڵ برۆکس، فەرماندەی هێزە هاوبەشەکان و ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە سوریا جەختیکردوەتەوە، ڕۆڵی ئەمەریکا لە ئەنجامدانی ئەو ئاگربەستەدا گرنگە.
پەیامەکەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە دوای ڕۆژێک دێت لە کۆبونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەنجامدانی ئاگربەست تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکەیان بووە.
کەناڵی العەرەبیە لە زاری فەرماندەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات بڵاویکردەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پشتیوانی ئەمەریکا دەیەوێت بێتە نێوەندگیری تورکیا و رۆژئاوای کوردستان و تا کۆتایی بە هێرشانە بێت کە ماوەیەکە لەلایەن تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە وڵاتەکەوە دەکرێنە سەر ناوچەکانى باکور و رۆژهەڵاتی سوریا".
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵەکە، ئەگەر بارزانی سەرکەوتوو بێت لە نێوەندگیری لە نێوان تورکیا و هێزەکانی هەسەدە، ئەگەری زۆرە 3 دەروازەی سنووری لە نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و تورکیادا بکرێنەوە و ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان بکرێتەوە.
ڕۆژی 16ـی کانونی دووەمی 2025 مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات بە بانگهێشتی فەرمی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی ، لەم دیدارەدا بارودۆخی سوریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سوریا، هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سوریا تاوتوێ کرا.
حکومەتی تورکیا بێ دەنگە
حکومەتی تورکیا تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەسەر هەوڵە نوێیەکان بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە نێوان وڵاتەکەی و هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەرنەبڕیووە، بەڵام بە شێوەیەکی هەمیشەی جەختی لە چونەدەرەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە.
بەپێی ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی، مەسعود بارزانی لە کاتی کۆبونەوەی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی پەکەکەی وەک "گروپێکی چەکداری جوداخواز” ناوبردووە کە لەلایەن تورکیاوە وەک ڕێکخراوێکی "تیرۆریست”ـی دەستنیشان کراوە و ئاماژەی بەوە کردووە، چونەدەرەوەی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانێت دەرگا بۆ پشتیوانیی نێودەوڵەتی فراوانتر بکاتەوە، بەتایبەتی لەڕێگەی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا و تورکیا.
ترەمپ لە یەکەمین بڕیارەکانی دەستبەکاربوونیدا وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کشاندەوە، بە کشاندنەوەی ئەمەریکا ساڵانە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کەمدەبێتەوە و چاوەڕوانیش دەکرێت بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە لەسەرانسەری جیهان بخاتە مەترسییەوە.
ڕۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەکاربوونی واژۆی لەسەر فەرمانی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد.
بەپێی ئەو فەرمانەی ترەمپ واژۆی لەسەر کردووە، دەبێت لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا ئەمەریکا ماڵئاوای لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بکات و ڕێگەیەکی نوێ بۆ جێگرتنەوەی ڕێکخراوەکە بدۆزێتەوە.
سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لەسەر کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و قەیرانە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکانی تردا کردووە.
بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە. ناوبراو لە ساڵی 2020 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، هەنگاوەکانی وازهێنانی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستپێکرد و بە هاوکاریکردنی هەوڵەکانی چین بۆ "بەلاڕێدابردنی جیهان" سەبارەت بە سەرچاوەی کۆڤید تۆمەتبار کردن.
ترەمپ لە پەیامە نوێیەکەیدا تۆمەتەکانی ڕابردووی بە بیرهێنایەوە و خەختیکردەوە، ڕێکخراوەکە نەیتوانیووە سەربەخۆیانە لەگەڵ کاریگەریییە سیاسی نەگونجاوەکانی وڵاتانی ئەندام مامەڵە بکات و داوای "پارەیەکی نادادپەروەرانە"ی لە ئەمریکاوە کردووە کە ناڕێژەیی بێت لەگەڵ ئەو بڕە پارانەی کە وڵاتانی دیکە و گەورەتر وەک چین دابینیان کردووە.
لە ماوەی ڕابردوو، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە توندی سەرجەمی ئەو تۆمەتانەی ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن دۆناڵ ترامپ و ئیدارەکەیەوە ڕوبەرویانکراوەتەوە و ڕایگەیاندووە، فشارەکانیان دژ بە چین بەردەوامە تا بزانن هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا بەهۆی بەرکەوتەی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵی توشبوو سەریهەڵداوە یان بەهۆی لێکۆڵینەوە لە ڤایرۆسە هاوشێوەکان لە تاقیگەیەکی ناوخۆییدا.
ئەمەریکا گەورەترین پاڵپشتیکاری دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
ئەمەریکا گەورەترین پشتیوانی دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییە و نزیکەی 18%ـی کۆی بودجەکانی ڕێکخراوەکە دابین دەکات، بەشێوەیەک تەنها لە ساڵانی 2024 و 20205 وڵاتەکە 6.8 ملیار دۆلاری بە ڕێکخراوەکە داوە.
بەپێی داتاکان، لە ساڵی 1948ـەوە تا ئێستا ئەمەریکا بە تێکڕا ساڵانە 400 بۆ 500 ملیۆن دۆلاری بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دابین کردووە و گەورەترین پشتیوانی دارایی بووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند پسپۆرێكی لە ناوەوە و دەرەوەی ڕێکخراوەکە دروستبوونی مەترسی لەسەر کارەکانی ڕێکخراوەکە وروژاندووە و پێشبینی کردووە، بەهۆی کشانەوەی ئەمەریکاوە کارەکانی ڕێکخراوەکە بکەوێتە مەرترسییەوە، بە تایبەت لە پرسی ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشی سیل کە یەکێکە لە نەخۆشییە درمییە بکوژەکان لە جیهاندا.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی ( World Health Organization- WHO)، دەزگایەکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە وەک دەزگایەک هاوکارە لەسەر تەندروستیی گشتیی نێودەوڵەتی کار دەکات. لە ڕێکەوتی 7ـی نیسانی 1948 دامەزراوە و نووسینگەی سەرەکی لە شاری جنێڤە لە سویسرا.