هەواڵ

"دادوەرانی مەرگ" لە ئێران کوژران.."مێژوویەکی درێژ"یان لە سزادانی ئەو کەسانەدا هەبووە کە ئێران بە مەترسییان دەزانێت

Mic
2025-01-18

ئێران کوژرانی ئەو دوو دادوەرەی ڕاگەیاند کە "نازناوی مەرگ"یان پێدراوە و دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکە دەڵێت، ئەو دادوەرانە "مێژوویەکی درێژ"یان لە سزادانی ئەو کەسانەدا هەبووە کە ئێران بە مەترسی سەر ئاسایشی نیشتمانیان  دەزانێت، لەناویاندا ئەندامانی پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 ڕۆژی 18ـی کانوونی دووەمی 2025، دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕایگەیاند، چەکدارێک چووەتە ناو دادگای باڵای وڵاتەکە لە تاران و دوو دادوەری کوشتووە و دواتر خۆشی کوشتووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەسەڵاتی دادوەری لە هێرشەکدا هەریەکە لە عەلی رازینی بەرپرسی لقی 39 و محەمەد موقیسە بەرپرسی لقی 53ـی "دادگای باڵای شوڕشی ئیسلامی" کوژران.

ئەو دادوەرانەی کە کوژران نازناوی "دادوەرانی مەرگ"یان پێدراوە ئەوەیش بەهۆی ئەوەی سزایەکی زۆری لە سێدارەدانیان دژ بە هاوڵاتییان دەرکردووە بە تایبەت بەشداریکردنیان لە دەرکردنی سزای لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ لە ساڵی 1998 دژ بە چالاکوانانی سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی. 

ئێران نکۆڵی ناکات و کوژرانیان بە تۆڵەکردنەوە دەزانێت و پێی وایە، دەرئەنجامی ئەو سزایانە بووە کە لە ماوەی کارەکانیاندا دەرییان کردووە و ڕایگەیاندووە،" ئەو دوو دادوەرە مێژوویەکی دوور و درێژیان لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی و سیخوڕ و تیرۆردا هەبووە".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە بێت، ئەو کەسانەی لەلایەن ئەم دادوەرانەوە سزادراون هاوڵاتییانی کورد و ئەندامانی پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە کە سزای بەشێکیان لەسێدارەدان بووە. 
تا ئێستا هیچ زانیارییەکەی فەرمی لەبارەی ناسنامەی هێرشکارەکەوە ئاشکرانەکراوە و هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، تەنها دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، هێرشکارەکە هیچ دۆسیە و مامەڵەیەکی لە دادگای باڵادا نەبووە و دوای ڕوداوەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. 

ئێران لە دوای ڕوداوەکەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی کردوەتەوە و دەیەوێت زانیاری زیاتر لەبارەی هۆکار و پاڵنەری هێرشەکەوە بزانێت و وەک دەسەڵاتی دادوەری جەختی لێکردوەتەوە، ئامانجیانە تۆمەتباران دەستگیر بکەن.

More News

Most Popular

هەواڵ

واژۆکەی ترامپ ساڵانە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی WHO کەمدەکاتەوە

Mic
2025-01-21

ترەمپ لە یەکەمین بڕیارەکانی دەستبەکاربوونیدا وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کشاندەوە، بە کشاندنەوەی ئەمەریکا ساڵانە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کەمدەبێتەوە و چاوەڕوانیش دەکرێت بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە لەسەرانسەری جیهان بخاتە مەترسییەوە. 

 ڕۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەکاربوونی واژۆی لەسەر فەرمانی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد. 

بەپێی ئەو فەرمانەی ترەمپ واژۆی لەسەر کردووە، دەبێت لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا ئەمەریکا ماڵئاوای لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بکات و ڕێگەیەکی نوێ بۆ جێگرتنەوەی ڕێکخراوەکە بدۆزێتەوە. 

سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لەسەر کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و قەیرانە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکانی تردا کردووە.

بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە. ناوبراو لە ساڵی 2020 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، هەنگاوەکانی وازهێنانی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستپێکرد و بە هاوکاریکردنی هەوڵەکانی چین بۆ "بەلاڕێدابردنی جیهان" سەبارەت بە سەرچاوەی کۆڤید تۆمەتبار کردن.

ترەمپ لە پەیامە نوێیەکەیدا تۆمەتەکانی ڕابردووی بە بیرهێنایەوە و خەختیکردەوە، ڕێکخراوەکە نەیتوانیووە سەربەخۆیانە لەگەڵ کاریگەریییە سیاسی نەگونجاوەکانی وڵاتانی ئەندام مامەڵە بکات و داوای "پارەیەکی نادادپەروەرانە"ی لە ئەمریکاوە کردووە کە ناڕێژەیی بێت لەگەڵ ئەو بڕە پارانەی کە وڵاتانی دیکە و گەورەتر وەک چین دابینیان کردووە.

لە ماوەی ڕابردوو، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە توندی سەرجەمی ئەو تۆمەتانەی ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن دۆناڵ ترامپ و ئیدارەکەیەوە ڕوبەرویانکراوەتەوە و ڕایگەیاندووە، فشارەکانیان دژ بە چین بەردەوامە تا بزانن هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا بەهۆی بەرکەوتەی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵی توشبوو سەریهەڵداوە یان بەهۆی لێکۆڵینەوە لە ڤایرۆسە هاوشێوەکان لە تاقیگەیەکی ناوخۆییدا.

ئەمەریکا گەورەترین پاڵپشتیکاری دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
ئەمەریکا گەورەترین پشتیوانی دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییە و نزیکەی 18%ـی کۆی بودجەکانی ڕێکخراوەکە دابین دەکات، بەشێوەیەک تەنها لە ساڵانی 2024 و 20205 وڵاتەکە 6.8 ملیار دۆلاری بە ڕێکخراوەکە داوە. 

بەپێی داتاکان، لە ساڵی 1948ـەوە تا ئێستا ئەمەریکا بە تێکڕا ساڵانە 400 بۆ 500 ملیۆن دۆلاری بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دابین کردووە و گەورەترین پشتیوانی دارایی بووە. 

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند پسپۆرێكی لە ناوەوە و دەرەوەی ڕێکخراوەکە دروستبوونی مەترسی لەسەر کارەکانی ڕێکخراوەکە وروژاندووە و پێشبینی کردووە، بەهۆی کشانەوەی ئەمەریکاوە کارەکانی ڕێکخراوەکە بکەوێتە مەرترسییەوە، بە تایبەت لە پرسی ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشی سیل کە یەکێکە لە نەخۆشییە درمییە بکوژەکان لە جیهاندا. 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی ( World Health Organization- WHO)، دەزگایەکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە وەک دەزگایەک هاوکارە لەسەر تەندروستیی گشتیی نێودەوڵەتی کار دەکات. لە ڕێکەوتی 7ـی نیسانی 1948 دامەزراوە و نووسینگەی سەرەکی لە شاری جنێڤە لە سویسرا.