ساڵی ڕابردوو 182 پێشلکاری بەرامبەر بە 176 دامەزراوەیی میدیای کراوە و سێ ڕۆژنامەنوسیش بە درۆن کوژراون، سەنتەری میترۆ دەڵێت، بەراورد بە ساڵی 2023 پێشلکارییەکان بە ڕێژەی لە 22٪ کەمی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ ساڵی 2024، پێشلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان تا ئێستاش بەردەوامن، ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ڕوبەڕوی ڕێگری و پێشلکاریی دەبنەوە لەلایەن دۆرنیشەوە دەکرێنە ئامانج.
ڕاپۆرتەکەی میترۆ کە بە ناونیشانی "یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە؛ یاساکانمان گۆڕی، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە" بڵاوکراوەتەوە و پێشلکارییەکانی بەسەر حەوت جۆردا دابەشکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ساڵی 2024، ساڵی ڕابردوو 182 پێشلکاری بەرامبەر بە 176 دامەزراوەیی میدیای کراوە، بەشێوەیەک 3 ڕۆژنامەنوس بە درۆن کوژران، 27 جار هێرش، لێدان و هەڕەش بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان تۆمارکراوە، 24 جار دەستبەسەرکردن ڕۆژنامەنوسان
بە بێ بڕیاری دادگا هەبووە، 103 جار ڕێگری لە ڕوماڵی میدیایی ڕۆژنامەنوسان کراوە، 17 جار کەلوپەلی ڕۆژنامەنوسان زەوتکراوە، 6 جار هێرشی ئەلکترۆنی کراوەتە سەر میدیاکان و 2 جار کەلوپەلی ڕۆژنامەنوسان شکێندراون.
ڕۆژنامەنوسانی نێرینە زۆرترین پێشلکارییانە بەرامبەر کراوە کە ڕێژەی لە 90٪ـی پێشلکارییەکانە، ژنانیش ڕێژەی 10٪ـی پێشلکارییەکانیان بەرکەوتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی 2023 هەمان سەنتەر، 231 پێشێلکاری بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان هەبووە و لە ساڵی 2024 ژمارەی پێشلکارییەکان بۆ 182 پێشلکار کەمبونەتەوە، واتە ڕێژەی پێشێلکارییەکان بە ڕێژەی 22٪ کەمی کردووە.
ڕاپۆرتەکە تەنها ئەو پێشلکارییانەی لە خۆگرتووە کە سەنتەرەکەی لێ ئاگادارکراونەتەوە و بۆیان نێردراوە و مەرج نییە هەموو ئەو پێشلکارییانە تۆمارکرابێتن کە بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان کراوە، بۆیە ژمارەی پێشلکارییەکان بە زیاتر مەزەندە دەکرێن.
لە ڕێگری و پێشلکارییەوە بۆ کوشتن بە درۆن
ڕاپۆرتەکانی ڕابردووی میترۆ زۆرینەی کات پێشلکارییەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان لە ڕێگری و زەوتکردن و لە هەندێک حاڵەتیشدا کوشتنی ڕۆژنامەنوسانی بە چەک لە خۆگرتووە، بەڵام لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی 2024دا ئاستی پێشێلکارییەکان گەیشتونەتە کوشتنی ڕۆژنامەنوسان بە درۆن.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی سەنتەری میترۆ، لە ساڵی 2024 سێ ڕۆژنامەنوسی هەرێمی کوردستان بە درۆن کوژراون، کە دوو ڕۆژنامەنوسییان ژن بوون.
ڕۆژی 8ـی تەموزی 2024، درۆنی تورکی چەند ڕۆژنامەنوسێکی کەناڵی چرا تیڤی سەر بە خۆبەڕێوەبەری شەنگال کردە ئامانج، بەهۆیەوە ڕۆژنامەنوسێک بە ناوی موراد میرزا گیانی لەدەستدا، هەروەها ڕۆژی 23ـی ئابی 2024، درۆنێکی تورکی ئۆتۆمبێلێکی لە سەیدسادق کردە ئامانج بەهۆیەوە ڕۆژنامەنوس هێرۆ بەهادین کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ هاوکارێکی ڕۆژنامەنوسی بە ناوی گوڵستان تارا کە خەڵکی باکوری کوردستان بوو گیانی لەدەستدا کە هەردووکیان کارمەندی کۆمپانیای چەتر بوون کە کۆمپانیاکە کار بۆ کەناڵەکانی ستێرک تیڤی و ئاریەن تیڤی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات.
سەنتەری میترۆ
سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2009 دامەزراوە، بە هاوکاریی رێکخراوی پەیمانگەی رۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی، بە ئامانجی چاودێری رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان.
ترەمپ لە یەکەمین بڕیارەکانی دەستبەکاربوونیدا وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کشاندەوە، بە کشاندنەوەی ئەمەریکا ساڵانە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کەمدەبێتەوە و چاوەڕوانیش دەکرێت بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە لەسەرانسەری جیهان بخاتە مەترسییەوە.
ڕۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەکاربوونی واژۆی لەسەر فەرمانی کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کرد.
بەپێی ئەو فەرمانەی ترەمپ واژۆی لەسەر کردووە، دەبێت لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا ئەمەریکا ماڵئاوای لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بکات و ڕێگەیەکی نوێ بۆ جێگرتنەوەی ڕێکخراوەکە بدۆزێتەوە.
سەرۆکی نوێی ئەمەریکا لەسەر کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و قەیرانە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکانی تردا کردووە.
بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی شتێکی چاوەڕواننەکراو نییە. ناوبراو لە ساڵی 2020 لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، هەنگاوەکانی وازهێنانی لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەستپێکرد و بە هاوکاریکردنی هەوڵەکانی چین بۆ "بەلاڕێدابردنی جیهان" سەبارەت بە سەرچاوەی کۆڤید تۆمەتبار کردن.
ترەمپ لە پەیامە نوێیەکەیدا تۆمەتەکانی ڕابردووی بە بیرهێنایەوە و خەختیکردەوە، ڕێکخراوەکە نەیتوانیووە سەربەخۆیانە لەگەڵ کاریگەریییە سیاسی نەگونجاوەکانی وڵاتانی ئەندام مامەڵە بکات و داوای "پارەیەکی نادادپەروەرانە"ی لە ئەمریکاوە کردووە کە ناڕێژەیی بێت لەگەڵ ئەو بڕە پارانەی کە وڵاتانی دیکە و گەورەتر وەک چین دابینیان کردووە.
لە ماوەی ڕابردوو، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بە توندی سەرجەمی ئەو تۆمەتانەی ڕەتدەکاتەوە کە لەلایەن دۆناڵ ترامپ و ئیدارەکەیەوە ڕوبەرویانکراوەتەوە و ڕایگەیاندووە، فشارەکانیان دژ بە چین بەردەوامە تا بزانن هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا بەهۆی بەرکەوتەی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵی توشبوو سەریهەڵداوە یان بەهۆی لێکۆڵینەوە لە ڤایرۆسە هاوشێوەکان لە تاقیگەیەکی ناوخۆییدا.
ئەمەریکا گەورەترین پاڵپشتیکاری دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
ئەمەریکا گەورەترین پشتیوانی دارایی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییە و نزیکەی 18%ـی کۆی بودجەکانی ڕێکخراوەکە دابین دەکات، بەشێوەیەک تەنها لە ساڵانی 2024 و 20205 وڵاتەکە 6.8 ملیار دۆلاری بە ڕێکخراوەکە داوە.
بەپێی داتاکان، لە ساڵی 1948ـەوە تا ئێستا ئەمەریکا بە تێکڕا ساڵانە 400 بۆ 500 ملیۆن دۆلاری بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دابین کردووە و گەورەترین پشتیوانی دارایی بووە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند پسپۆرێكی لە ناوەوە و دەرەوەی ڕێکخراوەکە دروستبوونی مەترسی لەسەر کارەکانی ڕێکخراوەکە وروژاندووە و پێشبینی کردووە، بەهۆی کشانەوەی ئەمەریکاوە کارەکانی ڕێکخراوەکە بکەوێتە مەرترسییەوە، بە تایبەت لە پرسی ڕوبەڕوبوونەوەی نەخۆشی سیل کە یەکێکە لە نەخۆشییە درمییە بکوژەکان لە جیهاندا.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی
ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی ( World Health Organization- WHO)، دەزگایەکی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە وەک دەزگایەک هاوکارە لەسەر تەندروستیی گشتیی نێودەوڵەتی کار دەکات. لە ڕێکەوتی 7ـی نیسانی 1948 دامەزراوە و نووسینگەی سەرەکی لە شاری جنێڤە لە سویسرا.