بەپێی رۆژنامەیەکی عەرەبی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە و پۆستەکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکەنەوە.
رۆژنامەی (العربي الجدید) بڵاویکردەوە، کە کۆبونەوەکانی یەکێتی و پارتی لەبارەی بەرنامەی داهاتوی حکومەت و میکانیزمی دابەشکردنی پۆستە حكومیەكان، هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتوەتەوە.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، یەکێتی پێداگرە لە بەدەستهێنانی یەکێک لە سەرۆکایەتییەکان سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆک وەزیران وەک بەشێک لە شایستەی هەڵبژاردن، بەڵام پارتی ئەمە رەتدەکاتەوە، دەیەوێت دەست بەسەر سەرۆکایەتییەکان بگرێت و دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک.
هەرچەندە یەکێتی وەزارەت و پۆستی دیکەی لە حکومەتی هەرێمدا پێشکەشکراوە لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە سەرۆکایەتییەکان، بەڵام رەتیكردووەتەوە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا کۆبونەوەی نوێی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، بە بەشداری لیژنە تەکنیکیەکانی دانوستاندن ئەنجامدەدرێت، بۆ یەکلایكردنەوەی ئەو دۆسیەیە.
ڕۆنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ڕایگەیاندووە، بەم نزیکانە کۆبونەوەیەکی گرنگ لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ئەنجام دەدرێت، پێشبینی دەکرێت رێککەوتنی دواین هەنگاوەكانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تیادا ئەنجامبدرێت، لەگەڵ چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان هەردوو لایەن.
لیژنەیەکی تەکنیکی لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنراوە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کابینەی نوێی حکومەت. لیژنەکە دوای پێنج کۆبوونەوە، رەشنووسێکیان ئامادەکرد بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لیژنەی تەکنیکیی پارتی بەسەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و ئەندامیێتیی دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح بوو. شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامیێتی هەریەک لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیم بوو.
نزیکەی پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە سێ مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.
رۆژنامەنوس کاوە شێخ عەبدوڵا لە وتارێکدا ڕێککەوتنی
ئەحمەد و شەرع و مەزڵوم عەبدی بە 11ی ئازارەکەی
ڕۆژئاوای کوردستان ناودەبات، بەو پێیەی ئەمڕۆ ٥٥ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر رێککەوتنی 11ی ئازار کە لە
نێوان مەلا مستەفا بارزانی و سەدام حسێندا ئیمزاکرا.
کاوە شێخ عەبدوڵا
نوسیویەتی: بەپێی بڵاوکردنەوەی تەنیا خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع
و مەزڵوم عەبدی، دوو خاڵی زۆر لێکچووی تێدایە لەگەڵ رێککەوتننامەی ۱۱ی ئازار لەنێوان سەدام حسێن و مەلا مستەفادا.
یەکەم: ئیعترافکردن
بە هەبوونی کورد وەک بەشێکی گرنگ و کاریگەر لە عێراق و سوریادا لەناو دوو ڕێککەوتنی
دەوڵەت و لایەنی کورددا.
دووەم: تێکەڵکردنی
هێزی چەکداری کورد لەناو سیستمی سەربازیی و بەرگریی عێراق و سوریادا، تێکەڵکردن نەک
حەلکردن، کە پێشتر هەردوو دەوڵەتەکە بەو هێزانەیان
دەوت یاخی و هەڵگەڕاوە و خراپەکار.
خاڵی تری لێکچوون
هەیە بەڵام بەلاوازی، بۆ نموونە: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکان بە ماوەیەکی درێژ، لە
عێراق دانرا لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێ، بەڵام لە سوریا نزیکەی 10 مانگ.
خاڵی جیاوازی نێوانیان
ئەوەیە، حکومەتی ئەوسای عێراق لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەدا بەهێزبوو، پێشتریش
لە دەستووری عێراق لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا جێگیرکرابوو، کە کورد لەگەڵ عەرەب هاوبەشە لە پێکهێنانی
عێراق.
بەڵام لە سوریا
ئێستا حکومەت نەک بەهێز نییە بەڵکو گیرۆدەیە بە دنیایەک کێشەی سیاسیی و و سەربازیی
و ئابوورییەوە، هەروەها پێشتر نەک ئیعتراف نەبوو بە هەبوونی کورد وەک پێکهاتە بەڵکو
ڕەتکردنەوەو بێمافکردنیش هەبوو.
جیاوازییەکی تر
ئەوەیە: لەم رێککەوتنەی رۆژئاوا و دیمەشق، ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا ڕاستەوخۆ
ئاگادارن و ڕۆڵیان هەیە لە گەیشتن بەم ئەنجامە لەنێوان شەرع و جەنەڕاڵ مەزڵومدا، بەڵام
لەوەی نێوان مەلا مستەفا و سەدامدا ئێرانی شا بەئاشکرا پێیناخۆشبوو ئەمریکاش دڵی
شای لا مەبەست بوو، بەڵام ڕوسیا پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە کرد.
لێکچوونێکی سادە
و ناگرنگی ئەو دوو ڕێککەوتنە ئەوەیە، ئەوەی باشوور لە 11ی ئازاری 1970 ئیمزاکرا، ئەوەی ڕۆژئاوا 10ی ئازاری 2025 واتا 55 ساڵی پڕ لە ڕووداو و جیاوازی
تەمەنیانە.