هەواڵ

دانیال میتران .. ئەو ژنەی ئازاری ئاوارەیی کورد گەیاندییە کوردستان

Mic
2025-03-08

ڕاپەڕین دەروازەی کۆتاییهاتنی نەهامەتییەکانی کورد نەبوون، بەڵکو لە دوای ڕاپەڕینیشەوە دەرگای چەندین نەهامەتی بەسەر کورد لە هەرێمی کوردستان کرایەوە. 
تەنها چەند ڕۆژێک دوای ڕاپەڕین، کورد کۆڕەوی ملیۆنی بۆ ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی بەعس ئەنجامدا، لەو کاتەدا کورد رۆژانی بێکەسی بەڕێ دەکرد. 
لە ڕۆژانەدا کە تورکیا وەک وڵاتی دروسێ سەرەتا ئامادەنەبوو سنورەکانی باکوری وڵات بە روی خەڵکی باشوری کوردستان بکاتەوە، ژنێک لە ئەوروپەوە بووە فریاد ڕەس. 
دانیال میتران.. هاوسەری سەرۆکی پێشوتری فەڕەنسا گەیشتە کوردستان و لە نزیکەوە ئازاری هەزاران خەڵکی ئاوارەی بینی و ئەم سەردانە ڕۆڵی هەبوو فەڕەنسا بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا هانی وڵاتانی جیهان بدەن لە ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری 688 دەربچێت و ناوچەی دژەفڕین لە سنوری باشووری کوردستان جێبەجێ بکرێت، دەرچوونی بڕیارەکە ئاواربوونی خەڵی کوردستانی ڕاگرت و بووە هۆکاری گەڕانەوەی هەزاران خێزان لەسەر سنوورەکان.
سەردان و هاوخەمییەکانی دانیال میتەران کۆتاییان نەهات، ساڵی 1992 جارێکی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، مانگی تەموزی ئەو ساڵە بۆ هاوسۆزی قوربانیانی کیمابارانی هەڵەبجە لەگەڵ شاندێک بەڕێکەوت بۆ ئەو شارە، بەڵام لەڕێگا ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی دانیال میتران تەقییەوە و سێ پێشمەرگە کە پاسەوانیان دەکرد، شەهید بوون
دانیال میتران ساڵی 1986 ئەو کاتەی خانمی یەکەمی فەرەنسا بوو، ڕێکخراوی فرانس لێبەرتی دامەزراند، هاوکارییە مرۆییەکانی لەڕێگەی ئەم ڕێکخراوەوە گەیاندە ئەو ناوچانەی گرفتاری دەستی چەوسانەوە بوون. 
دانیال میتران لە 22ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2011 لە تەمەنی 87 ساڵی کۆچی دوایی کرد. ئەمڕۆ وەک وەفایەک لە کوردستان چەندین قوتابخانە و باخچە و شەقامی بەناو کراوە.

کۆڕەوی ملیۆنی 
ڕۆژی 31ـی ئازاری ساڵی 1991، نزیکەی 10 رۆژ دوای راپەڕین و ئازادکردنی زۆربەی شارەکانی باشووری کوردستان لە دەستی رژێمی بەعس، سوپای ئەو کاتی عێراق هێرشێکی زەویی و ئاسمانی بەرفراوانی کردە سەر باشووری کوردستان و لە ئەنجامدا نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کورد لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەنفال و کیمیاباران، ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و بە رێگا سەختەکاندا خۆیان گەیاندە سنوورەکانی ئێران و تورکیا.  
لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆری کەمپی کاتی لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە دروستکران. بە گوێرەی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، تاوەکو 6ـی نیسانی 1991، 750 هەزار کورد گەیشتنە نێو سنووری ئێران، 280 هەزاریان گەیشتنە نێو سنووری تورکیا و 300 هەزاری دیکەیان لەسەر سنووری ئەو وڵاتە مانەوە. 
ئێران هەر زوو سنوورەکانی بەڕووی کورددا کردەوە، بەڵام تورکیا سەرەتا رەتیکردەوە سنوورەکەی بەڕووی پەنابەراندا بکاتەوە، دوای گوشاری نێودەوڵەتی و وەرگرتنی هاوکاریی دارایی، ئینجا دەرگەی بە رووی پەنابەراندا کردەوە. 
بەهۆی برسێتی و نەبوونی دەرمانەوە، زۆربەیان، بەتایبەتیش منداڵان تووش سکچوون، هەوکردنی سییەکان و بەدخۆراکی بوون. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر سنووری تورکیا رۆژانە 500 تاوەکو هەزار کەس گیانیان لەدەستدەدا.

More News

Most Popular

هەواڵ

11ی ئازارەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، خاڵە لێکچوو جیاوازەکانی لەگەڵ 11ی ئازارەکەی بارزانی و سەدام

Mic
2025-03-11

رۆژنامەنوس کاوە شێخ عەبدوڵا لە وتارێکدا ڕێککەوتنی ئەحمەد و شەرع و مەزڵوم عەبدی بە 11ی ئازارەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ناودەبات، بەو پێیەی ئەمڕۆ ٥٥ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر رێککەوتنی 11ی ئازار کە لە نێوان مەلا مستەفا بارزانی و سەدام حسێندا ئیمزاکرا.
کاوە شێخ عەبدوڵا نوسیویەتی: بەپێی بڵاوکردنەوەی تەنیا خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، دوو خاڵی زۆر لێکچووی تێدایە لەگەڵ رێککەوتننامەی ۱۱ی ئازار لەنێوان سەدام حسێن و مەلا مستەفادا.
یەکەم: ئیعترافکردن بە هەبوونی کورد وەک بەشێکی گرنگ و کاریگەر لە عێراق و سوریادا لەناو دوو ڕێککەوتنی دەوڵەت و لایەنی کورددا.
دووەم: تێکەڵکردنی هێزی چەکداری کورد لەناو سیستمی سەربازیی و بەرگریی عێراق و سوریادا، تێکەڵکردن نەک حەلکردن، کە پێشتر هەردوو دەوڵەتەکە بەو  هێزانەیان دەوت یاخی و هەڵگەڕاوە و خراپەکار.
خاڵی تری لێکچوون هەیە بەڵام بەلاوازی، بۆ نموونە: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکان بە ماوەیەکی درێژ، لە عێراق دانرا لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێ، بەڵام لە سوریا نزیکەی 10 مانگ.
خاڵی جیاوازی نێوانیان ئەوەیە، حکومەتی ئەوسای عێراق لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەدا بەهێزبوو، پێشتریش لە دەستووری عێراق لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا جێگیرکرابوو، کە کورد لەگەڵ عەرەب هاوبەشە لە پێکهێنانی عێراق.
بەڵام لە سوریا ئێستا حکومەت نەک بەهێز نییە بەڵکو گیرۆدەیە بە دنیایەک کێشەی سیاسیی و و سەربازیی و ئابوورییەوە، هەروەها پێشتر نەک ئیعتراف نەبوو بە هەبوونی کورد وەک پێکهاتە بەڵکو ڕەتکردنەوەو بێمافکردنیش هەبوو.
جیاوازییەکی تر ئەوەیە: لەم رێککەوتنەی رۆژئاوا و دیمەشق، ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا ڕاستەوخۆ ئاگادارن و ڕۆڵیان هەیە لە گەیشتن بەم ئەنجامە لەنێوان شەرع و جەنەڕاڵ مەزڵومدا، بەڵام لەوەی نێوان مەلا مستەفا و سەدامدا ئێرانی شا بەئاشکرا پێیناخۆشبوو ئەمریکاش دڵی شای لا مەبەست بوو، بەڵام ڕوسیا پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە کرد.
لێکچوونێکی سادە و ناگرنگی ئەو دوو ڕێککەوتنە ئەوەیە، ئەوەی باشوور لە 11ی ئازاری 1970 ئیمزاکرا، ئەوەی ڕۆژئاوا 10ی ئازاری 2025 ‌واتا 55 ساڵی پڕ لە ڕووداو و جیاوازی تەمەنیانە.