ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و راگرتنی هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە فشاری نوێ لە حکومەتی عێراق دەکات و دەڵێت، با ستراتیژی "ئەوپەڕی فشار" کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری عێراق نەبێت.
لە ماوەی کەمتر لە 15 رۆژدا دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە پەیوەندییان بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە.
مایکل واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دوایین بەرپرسی ئەمریکایە کە داوای لە محەمەد شياع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە،" لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گرێبەستەکانی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە بکەن کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن و قەرزەکانیان بدەنەوە".
رۆژی 25ـی شوباتی 2025، مارک رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سودانی داوای هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد.
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ساڵە بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە، ئەگەرچی ئێستا هەولێر و بەغدا بەشێوەیەکی گشتی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێکەوتوون، بەڵام هێشتا دەنگی ناڕەزایی لەلایەن هەردوولایەنەوە دەبینرێت بە تایبەت بەرامبەر ئەرکی ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەی لە هەمواری یاسای بودجەدا ئاماژەی پێکراوە.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کە نوێنەرایەتیی 8 کۆمپانیای نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، لە نەبوونی گەرەنتی و رێککەوتنی فەرمی لە بارەی پارە کۆمپانیاکانی نیگەرانە و داوای کردووە، میکانزمێک بۆ دانەوەی قەرزەکان و پارەدارکردنیان لە داهاتودا دابنرێت، دەستکاری نەکردنی گرێبەستەکانیشیان یەکێکی دیکەیە لە مەرجەکان.
ئەمریکا لە کاتێکدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت فشار لە حکومەتی عێراق کە خۆی دەیەوێت کەرتی نەوتی ئێران پەکبخات. ئەمەریکا ئامانجیەتی بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، قەرەبووی هەر دابەزینێکی هەناردەی نەوتی ئێران بکاتەوە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمریکا لە چورچێوەی فشارەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت هەڕەشەی لە بەرپرسانی باڵای عێراق کردووە، وەک ئێران سزایان بدات.
سزاکانی نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە چوارچێوەی ستراتیژێکی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکایە بە ناوی" ئەو پەڕی فشار" هەر بۆیە واڵتز جەختی لە کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی کارەبا لە ئێران کردەوە کە گرنگیی هەماهەنگیی دوولایەنەیە بۆ خۆلادان لە هەر کاریگەرییەکی نەرێنی پێشبینیکراو لەسەر سەقامگیری عێراق.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، لەبارەی بڕیاری نوێنەکردنەوەی هەڵپەساردنی سزاکان لەسەر هەناردەکردنی کارەبای ئێران بۆ عێراق رایگەیاند، ئەم بڕیارە لەگەڵ ستراتیژی "ئەوپەڕی فشار"ـی سەرۆک ترەمپ بەرامبەر تاران دەگونجێت و گوشارەکان لەسەر ئێران زیاتر دەبن، ئەگەر "ئەو وڵاتە بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی توانای چەکی ئەتۆمی و پشتگیریی تیرۆریزم لە ناوچەکە، بە عێراقیشەوە".
8ـی ئازاری 2025، ئەو مۆڵەتە 120 رۆژییە کۆتاییهات کە ئیدارەى پێشووى ئەمریکا بۆ عێراقى دانابوو بۆ هاوردەکردنى غاز لە ئێرانەوە بۆ خستنەکارى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.
عێراق 17 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەهۆى راگرتنى هاوردەکردنى غازى ئێران 10 هەزار مێگاوات کارەباى لەدەستداوە، لەکاتێکدا لە وەرزى هاویندا عێراق پێویستیی بە زیاتر لە 35 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەو پێیە بەبێ هاوردەکردنى غاز، نیوەى کارەباى پێویست بەرهەمدەهێنێت.
رۆژنامەنوس کاوە شێخ عەبدوڵا لە وتارێکدا ڕێککەوتنی
ئەحمەد و شەرع و مەزڵوم عەبدی بە 11ی ئازارەکەی
ڕۆژئاوای کوردستان ناودەبات، بەو پێیەی ئەمڕۆ ٥٥ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر رێککەوتنی 11ی ئازار کە لە
نێوان مەلا مستەفا بارزانی و سەدام حسێندا ئیمزاکرا.
کاوە شێخ عەبدوڵا
نوسیویەتی: بەپێی بڵاوکردنەوەی تەنیا خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع
و مەزڵوم عەبدی، دوو خاڵی زۆر لێکچووی تێدایە لەگەڵ رێککەوتننامەی ۱۱ی ئازار لەنێوان سەدام حسێن و مەلا مستەفادا.
یەکەم: ئیعترافکردن
بە هەبوونی کورد وەک بەشێکی گرنگ و کاریگەر لە عێراق و سوریادا لەناو دوو ڕێککەوتنی
دەوڵەت و لایەنی کورددا.
دووەم: تێکەڵکردنی
هێزی چەکداری کورد لەناو سیستمی سەربازیی و بەرگریی عێراق و سوریادا، تێکەڵکردن نەک
حەلکردن، کە پێشتر هەردوو دەوڵەتەکە بەو هێزانەیان
دەوت یاخی و هەڵگەڕاوە و خراپەکار.
خاڵی تری لێکچوون
هەیە بەڵام بەلاوازی، بۆ نموونە: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکان بە ماوەیەکی درێژ، لە
عێراق دانرا لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێ، بەڵام لە سوریا نزیکەی 10 مانگ.
خاڵی جیاوازی نێوانیان
ئەوەیە، حکومەتی ئەوسای عێراق لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەدا بەهێزبوو، پێشتریش
لە دەستووری عێراق لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا جێگیرکرابوو، کە کورد لەگەڵ عەرەب هاوبەشە لە پێکهێنانی
عێراق.
بەڵام لە سوریا
ئێستا حکومەت نەک بەهێز نییە بەڵکو گیرۆدەیە بە دنیایەک کێشەی سیاسیی و و سەربازیی
و ئابوورییەوە، هەروەها پێشتر نەک ئیعتراف نەبوو بە هەبوونی کورد وەک پێکهاتە بەڵکو
ڕەتکردنەوەو بێمافکردنیش هەبوو.
جیاوازییەکی تر
ئەوەیە: لەم رێککەوتنەی رۆژئاوا و دیمەشق، ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا ڕاستەوخۆ
ئاگادارن و ڕۆڵیان هەیە لە گەیشتن بەم ئەنجامە لەنێوان شەرع و جەنەڕاڵ مەزڵومدا، بەڵام
لەوەی نێوان مەلا مستەفا و سەدامدا ئێرانی شا بەئاشکرا پێیناخۆشبوو ئەمریکاش دڵی
شای لا مەبەست بوو، بەڵام ڕوسیا پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە کرد.
لێکچوونێکی سادە
و ناگرنگی ئەو دوو ڕێککەوتنە ئەوەیە، ئەوەی باشوور لە 11ی ئازاری 1970 ئیمزاکرا، ئەوەی ڕۆژئاوا 10ی ئازاری 2025 واتا 55 ساڵی پڕ لە ڕووداو و جیاوازی
تەمەنیانە.