هەواڵ

دوو ژن لە قۆناغی سەختدا پارتی و یەکێتیان ئاشت کردەوە

Mic
2025-03-08

پارتی و یەکێتی هەمیشە پیاوان کەسی یەکەمیان بوون بەڵام ژنان بوونەتە ئەندازیاری ئاشتکردنەوەیان، لە 27 ساڵی ڕابردودا لە دوو قۆناغی سەختدا ژنان توانیویانە دوو حزبەکە ئاشت بکەنەوە.
ئایاری 1994 پارتی و یەکێتی وەک دوو حزبی دەسەڵاتدار تەنها دوای سێ ساڵ لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کورستان چەکەکانیان ڕوو لە یەکتر کرد. 
شەڕی براکوژی دوو حزبەکە لەگەڵ دروستکردنی قەیرانی سەقامگیری، سیاسی و ئابوری، بووە هۆی کوژران و بێسەروشوێن بوونی هەزاران کەس. 
چەندین هەوڵی ناوخۆیی و دەرکی بۆ نێودەنگیری و ڕوەستاندنی شەڕی پارتی و یەکێتی دران، بەڵام هەموو هەوڵەکان شکستیان هێنا تا مادلین ئۆلبرایت وەزیری پێشووتری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ساڵی 1998 بووە ئه‌ندازیاری رێككه‌وتنی واشنتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان.
مادلین ئۆلبرایت ساڵی 1938 لە وڵاتی چیك لە بنەماڵەیەك جوولەكە لەدایكبووە، بەڵام خۆی مەسیحی بوو. مامۆستا بووە لە زانكۆی جۆرج تاون و دەرچووی بەشی یاسا بوو لە زانكۆی كۆلۆمبیا.دوای ئەوەی وڵاتەكەیان لەلایەن ئەڵمانەوە لە جەنگی جیهانی دووەم داگیر دەكرێت ناچار وەك پەنابەر ڕوو دەكاتە ئەمریكا و لە ساڵی 1957 دەبێتە هاوڵاتی ئەمریكی. 
ئەم ژنە لەساڵی 1996 بووە یەکەم ژن لە مێژوی ئەمریکا کە پۆستی وەزیری دەرەوەی وەرگرت بێت. دوای دوو ساڵ لە وەرگرتنی ئەو پۆستە توانی لە ئاستی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە ناوێکی دیار دوای ئەوەی کۆتایی بە شەڕی یەکێتی و پارتی هێنا و لە ساڵی 1998 ڕێککەوتنی واشنتنی بە جەلال تاڵەبانی (مام جەلال)سکرتێری یەکێتی و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی واژۆ کرد. 
بە واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنە شەڕی براکوژی لە هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و ساڵی 2005 کابینە دابەشبوەکانی سلێمانی و هەولێر لە ژێر یەک ناو کۆکرانەوە. 
ئاشتبوونەوەی یەکێتی  و پارتی لەسەر دەستی ژنێکی ئەمریکی لە کاتێکدا بوو، لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆ تا کۆتایی هاتنی ژنان لە ئاستی تاک و ڕێکخراوەکان هەوڵی گرنگیان دا بۆ بەرقەرار بوونی ئاشتی بەڵام دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە گوێیان لێ نەگرتن.
ژنێک یەکێتی گەڕاندوە کابینەی نۆیەم
کۆتاییەکانی ساڵی 2022 کێشە و ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی گەیشتنە لوتکە و  تیمی یەکێتی بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد. ئەگەرچی لەسەر ئاستی ناوخۆ چەند هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی تیمی یەکێتی خرانەگەڕ بەڵام سەرکەوت نەبوون.
ڕۆژی 3ـی ئایاری 2023، بەسەرپەرشتی باربارا لیڤ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، شاندێکی پارتی و یەکێتی لە هوتێل ڕۆتانای شاری هەولێر کۆبونەوە. ئەم کۆبونەوەیە بووە هەوێنی ئاشت بوونەوەی یەکێتی و پارتی و دوای حەوت مانگ یەکێتی ڕۆژی 13ـی ئایار بڕیاریدا بگەڕێتەوە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران.
تا ئێستا هیچ ژنێک سەرۆکایەتی دوو پارتەکەی نەکردووە
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1946 لە مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن مستەفا بارزانییەوە دامەزراوە، مەلا مستەفا بارزانی یەکەم سەرۆکی حزبەکە بووە لە دوای ئەویشەوە مەسعود بارزانی کوڕی پۆستەکەی وەرگرتووە. 
یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش لە ساڵی 1975 دامەزراوە، مام جەلال یەکەم سکرتێری حزبەکە بووە، دوای کۆچیی دوایی هەر یەک لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەک هاوسەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردران.
دوای ناکۆکییەکان لاهور شێخ جەنگی لە یەکێتی دورخرایەوە و بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەی مام جەلال وەک سەرۆکی حزبەکە دیارییکرا. 

More News

Most Popular

هەواڵ

11ی ئازارەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، خاڵە لێکچوو جیاوازەکانی لەگەڵ 11ی ئازارەکەی بارزانی و سەدام

Mic
2025-03-11

رۆژنامەنوس کاوە شێخ عەبدوڵا لە وتارێکدا ڕێککەوتنی ئەحمەد و شەرع و مەزڵوم عەبدی بە 11ی ئازارەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ناودەبات، بەو پێیەی ئەمڕۆ ٥٥ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر رێککەوتنی 11ی ئازار کە لە نێوان مەلا مستەفا بارزانی و سەدام حسێندا ئیمزاکرا.
کاوە شێخ عەبدوڵا نوسیویەتی: بەپێی بڵاوکردنەوەی تەنیا خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، دوو خاڵی زۆر لێکچووی تێدایە لەگەڵ رێککەوتننامەی ۱۱ی ئازار لەنێوان سەدام حسێن و مەلا مستەفادا.
یەکەم: ئیعترافکردن بە هەبوونی کورد وەک بەشێکی گرنگ و کاریگەر لە عێراق و سوریادا لەناو دوو ڕێککەوتنی دەوڵەت و لایەنی کورددا.
دووەم: تێکەڵکردنی هێزی چەکداری کورد لەناو سیستمی سەربازیی و بەرگریی عێراق و سوریادا، تێکەڵکردن نەک حەلکردن، کە پێشتر هەردوو دەوڵەتەکە بەو  هێزانەیان دەوت یاخی و هەڵگەڕاوە و خراپەکار.
خاڵی تری لێکچوون هەیە بەڵام بەلاوازی، بۆ نموونە: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکان بە ماوەیەکی درێژ، لە عێراق دانرا لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێ، بەڵام لە سوریا نزیکەی 10 مانگ.
خاڵی جیاوازی نێوانیان ئەوەیە، حکومەتی ئەوسای عێراق لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەدا بەهێزبوو، پێشتریش لە دەستووری عێراق لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا جێگیرکرابوو، کە کورد لەگەڵ عەرەب هاوبەشە لە پێکهێنانی عێراق.
بەڵام لە سوریا ئێستا حکومەت نەک بەهێز نییە بەڵکو گیرۆدەیە بە دنیایەک کێشەی سیاسیی و و سەربازیی و ئابوورییەوە، هەروەها پێشتر نەک ئیعتراف نەبوو بە هەبوونی کورد وەک پێکهاتە بەڵکو ڕەتکردنەوەو بێمافکردنیش هەبوو.
جیاوازییەکی تر ئەوەیە: لەم رێککەوتنەی رۆژئاوا و دیمەشق، ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا ڕاستەوخۆ ئاگادارن و ڕۆڵیان هەیە لە گەیشتن بەم ئەنجامە لەنێوان شەرع و جەنەڕاڵ مەزڵومدا، بەڵام لەوەی نێوان مەلا مستەفا و سەدامدا ئێرانی شا بەئاشکرا پێیناخۆشبوو ئەمریکاش دڵی شای لا مەبەست بوو، بەڵام ڕوسیا پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە کرد.
لێکچوونێکی سادە و ناگرنگی ئەو دوو ڕێککەوتنە ئەوەیە، ئەوەی باشوور لە 11ی ئازاری 1970 ئیمزاکرا، ئەوەی ڕۆژئاوا 10ی ئازاری 2025 ‌واتا 55 ساڵی پڕ لە ڕووداو و جیاوازی تەمەنیانە.