رۆژنامەنوس کاوە شێخ عەبدوڵا لە وتارێکدا ڕێککەوتنی
ئەحمەد و شەرع و مەزڵوم عەبدی بە 11ی ئازارەکەی
ڕۆژئاوای کوردستان ناودەبات، بەو پێیەی ئەمڕۆ ٥٥ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر رێککەوتنی 11ی ئازار کە لە
نێوان مەلا مستەفا بارزانی و سەدام حسێندا ئیمزاکرا.
کاوە شێخ عەبدوڵا
نوسیویەتی: بەپێی بڵاوکردنەوەی تەنیا خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع
و مەزڵوم عەبدی، دوو خاڵی زۆر لێکچووی تێدایە لەگەڵ رێککەوتننامەی ۱۱ی ئازار لەنێوان سەدام حسێن و مەلا مستەفادا.
یەکەم: ئیعترافکردن
بە هەبوونی کورد وەک بەشێکی گرنگ و کاریگەر لە عێراق و سوریادا لەناو دوو ڕێککەوتنی
دەوڵەت و لایەنی کورددا.
دووەم: تێکەڵکردنی
هێزی چەکداری کورد لەناو سیستمی سەربازیی و بەرگریی عێراق و سوریادا، تێکەڵکردن نەک
حەلکردن، کە پێشتر هەردوو دەوڵەتەکە بەو هێزانەیان
دەوت یاخی و هەڵگەڕاوە و خراپەکار.
خاڵی تری لێکچوون
هەیە بەڵام بەلاوازی، بۆ نموونە: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکان بە ماوەیەکی درێژ، لە
عێراق دانرا لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێ، بەڵام لە سوریا نزیکەی 10 مانگ.
خاڵی جیاوازی نێوانیان
ئەوەیە، حکومەتی ئەوسای عێراق لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەدا بەهێزبوو، پێشتریش
لە دەستووری عێراق لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا جێگیرکرابوو، کە کورد لەگەڵ عەرەب هاوبەشە لە پێکهێنانی
عێراق.
بەڵام لە سوریا
ئێستا حکومەت نەک بەهێز نییە بەڵکو گیرۆدەیە بە دنیایەک کێشەی سیاسیی و و سەربازیی
و ئابوورییەوە، هەروەها پێشتر نەک ئیعتراف نەبوو بە هەبوونی کورد وەک پێکهاتە بەڵکو
ڕەتکردنەوەو بێمافکردنیش هەبوو.
جیاوازییەکی تر
ئەوەیە: لەم رێککەوتنەی رۆژئاوا و دیمەشق، ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا ڕاستەوخۆ
ئاگادارن و ڕۆڵیان هەیە لە گەیشتن بەم ئەنجامە لەنێوان شەرع و جەنەڕاڵ مەزڵومدا، بەڵام
لەوەی نێوان مەلا مستەفا و سەدامدا ئێرانی شا بەئاشکرا پێیناخۆشبوو ئەمریکاش دڵی
شای لا مەبەست بوو، بەڵام ڕوسیا پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە کرد.
لێکچوونێکی سادە
و ناگرنگی ئەو دوو ڕێککەوتنە ئەوەیە، ئەوەی باشوور لە 11ی ئازاری 1970 ئیمزاکرا، ئەوەی ڕۆژئاوا 10ی ئازاری 2025 واتا 55 ساڵی پڕ لە ڕووداو و جیاوازی
تەمەنیانە.
رێککەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریا، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رانەگرتووە. دوای پێشوازییەکانی ئەردۆغان لە ڕێککەوتنەکەش، سوپای تورکیا لە چەند ناوچەیەکی لەو بەشەی کوردستان بۆردومان کردووە.
میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، لە چەند کاتژمێری ڕابردودا تورکیا سەنتەری شاری جەزیرەیان بۆردومان کردووە، لە ئاکامدا سێ گولـلە تۆپ لە گەڕەکی تەل ئەحمەر کەوتەوەتە خوارەوە، سوپای وڵاتەکە دامەزراوەیەکی ئاژەڵداریشی لە شاری تەل تەمر لە پارێزگای جەزیرە کردوەتە ئامانج.
تا ئێستا زەرەر و زیانەکانی بۆردومانەکە ئاشكرانەکراوە و هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە هیچ رونکردنەوەیەکیان بڵاونەکردوتەوە.
ڕۆژی 11ـی ئازاری 2025، روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بەنداوى تشرین و پردى قەرەقۆزاق و دەوروبەرى شارۆچکەى سڕینیان لە سنوورى کۆبانێ بۆردوومانکردووە.
هێرشەکەی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دوای ئەوەدێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لە رێککەوتنی ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری راگوزەری سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە کرد و رایگەیاند،" جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان کورد و دیمەشقدا لە سوریا هاتەئاراوە، خزمەتی ئاسایش و سەقامگیری ئەو وڵاتە دەکات و هەموو سورییەکان تێیدا براوە دەبن، بۆیە پێویستە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
شەوی 10ـی ئازاری 2025، رێککەوتننامەیەکی 8 خاڵی لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا واژۆ کرا.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.
فەرهاد شامی وتەبێژی هەسەدە سەبارەت بە ئامانجی کورد لە رێککەوتنەکەدا رایگەیاند،"ئێستا تورکەکان چەند رۆژێکە هێزی گەورەیان هێناوەتە دەوروبەی قەرەقۆزاق، چەند رۆژێکیشە لە شێخ مەقسود کێشەی زۆر دروست بوون، ئامانجی سەرەکیمان وەستانی ئەو شەڕانەیە و گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی بۆ شوێنی خۆیان".
لە خاڵی شەشەمی ڕێککەوتنەکەدا جەختکراوتەوە لەسەر "پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی سوریا لە شەڕی دژی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و یەکڕیزی وڵاتەکە".