هەواڵ

نەجیبە مەحمود : سەربەخۆ نەبوونی دادگاکان بووەتە هۆی زیادبوونی کوشتن و توندوتیژی

Mic
2025-03-28


نەجیبە مەحموود ـ چالاکی ژنان

لە ساڵانی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین کێشە و ئاستەنگی گەورە بۆەتەوە، یەکێک لە گرنگترینیان نەمانی متمانەی گشتییە بە سیستەمی دادوەری و دادگاکان. ئەم مەسەلەیە، بەتایبەتی بەهۆی سەربەخۆ نەبوونی دادگاکان و ماندووبوونی دەروونی خەڵک، بۆتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی و مەیلی چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێگەی کوشتن و کردەوەی توندوتیژییەوە.

سەربەخۆیی نەبوونی دادگاکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە متمانەی گشتی بە سیستەمی دادوەری لە کوردستان لاواز دەکات. زۆر کەس پێیان وایە دادگاکان لە ژێر کاریگەری دامودەزگا سیاسییەکان و دەسەڵاتە ناوخۆییەکاندان، ئەمەش وا دەکات دادپەروەری بە شێوەیەکی دروست بەڕێوەنەچێت. دیارە لە ساڵانی ڕابردووە دەیان نموونەی زیندوو هەن کە ئەم راستیە پشت راستدەکەنەوە ، هەر لە کوشتن و توندوتیژییە( سیاسی و کۆمەلایەتی و سەربازی و هەتا مەدەنی و رۆژنامەنووسان ،وخەڵکانی نارازی و رەخنەگر لە چین و توێژە جیاوازەکان ) کە هەمیشە کەیسەکان بەلارێدا دەبرێن یاخود دادەخرێن و بەبێ چارەسەر دەمێنەوە، لەم هەلومەرجەدا خەڵک هەست دەکەن ناتوانن متمانە بە دادگاکان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، هەربۆیە بەدوای چارەسەری نایاساییدا دەگەڕێن.

هەروەها ماندوێتی دەروونی کە بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە دروست بووە، بەشێکە لەم بابەتەدا. خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی ئابووری و بێکاری بوونەتەوە و ئەم فشارانەش دەبێتە هۆی فشار و نائومێدی لە کۆمەڵگادا. لەم جۆرە هەلومەرجەدا هەندێک کەس لەبری ئەوەی بچنە سەر سیستمی داد پەنا بۆ توندوتیژی و کوشتن دەبەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

نەبوونی متمانە بە سیستەمی دادوەری و ماندووبوونی دەروونی خەڵک بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی لە کۆمەڵگادا. ئامارەکان دەریدەخەن کە لەم ساڵانەی دواییدا حاڵەتەکانی کوشتن و توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان بەڕادەیەکی زۆر زیادی کردووە. زۆرێک لەم دۆسیانە لە ناکۆکی کەسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرن کە لەبری ئەوەی لە ڕێگەی دادگاکانەوە چارەسەر بکرێن، بەرەو توندوتیژی و کوشتن پەرەدەسەنن.

لەدەستدانی متمانەی گشتی بە دادگاکانی کوردستان و سەربەخۆنەبوونیان لەگەڵ ماندوێتی دەروونی خەڵک، دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی و مەیلی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی کوشتن و کردەوەی نایاسایی. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە و گرفتانە پێویستە چاکسازیی جددی لە سیستەمی دادوەریدا جێبەجێ بکرێت و متمانەی گشتی بۆ دادگاکان بگەڕێنرێتەوە. ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژی و باشترکردنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان.

More News

Most Popular

هەواڵ

هەسەدە لە دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب کشایەوە

سەرچین ساڵح رۆپیتەن
2025-04-04


ئەمڕۆ خاڵیکی تر رێککەوتنی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا و ئەنجومەنەکانی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب، جێبەجێکرا و هێزەکانی هەسەدە لە گەڕەکەکان کشانەوە.

رۆژی دووی نیسان، حکومەتی راگوزەری سوریا و ئەنجومەنەکانی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود لە حەلەب، رێککەونێکیان بۆ ئیدارەدان و پاراستنی ئەو دوو گەڕەکە ئیمزاکرد.

رێککەوتنەکە لە 14 خاڵ پێکهاتووە و گرنگترین خاڵەکانی، ئازادکردنی زیندانییەکانی یەکتری و کشانەی هێزە سەربازییەکان لە گەڕەکەکان و بەشداری کورد لە پێکهاتەی ئاسایشی پاراستنی گەڕەکەکان.

دوێنێ ئەو خاڵەی تایبەتبوو بە ئازادکردنی زیندانییانی هەردوولا جێبەجێکرا، هەروەها 146 بارمتە لە ئەنجومەنی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و 97 کەسی سەر بە حکومەت ئازاد کران.

ئەمڕۆ چواری نیسان، خاڵی شەشەمی رێککەتنەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە و هێزە سەربازییەکان لەو دوو گەڕەکە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات کشانەوە.

وەک لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، ژمارەیەک شەڕڤانانی هەسەدە لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆ لە ژێر ناوی هێزی ئاسایشی ناوخۆ یەک دەخرێن تاوەکو لە رووی ئەمنییەوە گەڕەکە کوردنیشنەکان بپارێزن.

گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، دوو گەڕەکی کوردنشینی پارێزگای حەلەبن لە سوریا و نزیکەی 300 هەزار کورد تێیاندا دەژین.