هەواڵ

پارتی و یەکێتی رێککەوتوون هەموو مووچەخۆران لە "هەژماری من" مووچە وەربگرن

Mic
2025-04-20

پارتی و یەکێتی لەسەر پڕۆژەی " هەژماری من" گەیشتونەتە رێککەوتن، بە واژۆکردنی پڕۆژەکە دەبێتە سەرتاسەری و دەبێت هەموو مووچەخۆران لە " هەژماری من" مووچەوەربگرن.

 

 پڕۆژەی "هەژماری من" بەشێکە لە رێککەوتنی  پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. 

بە بەرەو پێشچوونی گفتوگۆکان، ناکۆکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەسەر پڕۆژەی "هەژماری من" کۆتایی هاتووە و لەسەر پڕۆژەکە گەیشتوونەتە رێککەوتن.

رێککەوتنەکە بەشێکە لە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نێوان پارتی و یەکێتی بۆیە تا ئێستا واژۆیان نەکردووە، دیجیتاڵ میدیای Mic پشتراستی ئەو زانیارییانەی کردووتەوە کە تایبەتن بە رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی لەسەر " هەژماری من" و لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێ پڕۆژەکە دەکرێتە سەرتاسەری.

پارتی و یەکێتی تا ئێستا بە فەرمی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەیان ئاشكرا نەکردووە، بەڵام بەپێی وتەی ئەندامانی لیژنەی دانوستانکاری دوو حزبەکە کە Mic قسەی لەگەڵ کردوون، دەبێت پڕۆژەکە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەبێ گرفت جێبەجێ بکرێت و سەرجەم مووچەخۆران لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە مووچە وەربگرن. 

ئێستا پڕۆژەی "هەژماری من" بەشێکە لە نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیمێکی تایبەتی نوسینگەکە سەرپەرشتی دەکەن، لە کابینەی داهاتوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی " هەژماری من" دروست دەکرێت کە دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی دارایی. 
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە دیدارێکی تەلەفیزۆنیدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی، پشتراستی رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی کردەوە.

سەرۆکی یەکێتی  رایگەیاند، پارتی رازی بووە، ئەو تێبیانەی یەکێتی جێبەجێ بکات کە لەسەر پڕۆژەی " هەژماری من" هەیەتی، هەر بۆیە خاڵە ئەرێنییەکانی "تەوتین" و " هەژماری من" لێکدەدرێن تا مووچەی مووچەخۆران بە بانکی بکرێت. 
باسی لەوەشکرد، هەندێک هەڵە لە "تەوتین" تێگەیشتوون، پڕۆژەکە بەو شێوەیە نییە راستەوخۆ پارە لە بەغداوە بکرێتە سەر هەژمارەکان.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکە وەک دەستکەوتی خۆی و کابینەی نۆ دەبینێت، هەر بۆیە هیچ کاتێک ئامادەنەبووە سازشی لەسەر بکات.

مەسرور بارزانی دوای بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هەرکەسێک دژایەتیی پڕۆژەی هەژماری من بکات، بۆ مەرامی سیاسی خۆی دژایەتیی دەکات". 

پەیامەکەی مەسرور بارزانی وەک ئاماژەیەک بوو بۆ بەردەوامی " هەژماری من" لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە حکومەت ناوی ناوە بە دیجیتاڵکردنی مووچە.

رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر " هەژماری من" دوای ململانێیەکی توند دێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، پارتی بەردەوام جەختی لە جێبەجێکردنی دەکردەوە و یەکێتی رەتی دەکردەوە.

سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2024، یەکێتی زۆرینەی نوسینگەکانی "هەژماری من"یان لە سنوری سلێمانی داخست، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت لە نێوان پارتی و یەکێتی نوسینگەکان کرانەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

بارزانی بەشداری دەکات؟ …بافڵ تاڵەبانی بەشداری کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوا دەکات

Mic
2025-04-25

سبەینێ کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، بافڵ تاڵەبانی بەشداری دەکات، بەڵام بارزانی نوێنەر دەنێرێت. 

بڕیارە رۆژی 26ـی نیسان کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرێوەبچێت. 

ئامانجی کۆنفرانسەکە، یەکخستنی هەڵوێستی کوردە بە تایبەت هاوهەڵوێستی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجیتاڵ میدیای Mic لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەی وەرگرتووە، شاندی دەم پارتی بە نوێنەرایەتی باکوری کوردستان گەیشوونەتە رۆژئاوای کوردستان. 

سەبارەت بە لایەنەکانی باشوری کوردستان، بڕیارە دوو شاند لە باشوری کوردستانەوە بەشداری بکات کە بە وتەی فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنەکەسە بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic، یەکێک لە شاندەکان نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات. 

رۆژی 23ـی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پانێڵێکدا لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی سوریا دەکات، لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفرانسێکدا وتارێک پێشکەش دەکات. 

ئەگەرچی تاڵەبانی هیچ ئاماژەیەکی بە کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی بۆ یەکڕیزی نەکرد، بەڵام بەپێی  زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic ئامانجی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بەشداریکردنە لەو کۆنفرانسەدا. 

لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیانکردوەتەوە، بتوانن بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن و هۆکارەکەشیان بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی گێڕاوەتەوە، بۆیە بڕیارە لە رێگەی پەیامێکەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن. 

کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت و 300 ئەندامی دەبێت، لە کۆی گشتیی ئەندامەکان، 130 ئەندامی ئەنەکەسە، 130 ئەندامی پەیەدە و 40ـی دیکەش میوان دەبن، میوانەکانیش 20ـیان لە ئەنەکەسە و 20ـی دیکەشیان لە پەیەدە دەبن.