ئامانجی سەرەکی سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا
بۆ هەرێم بۆ قسەکردنبووە لەسەر رەوشی رۆژئاوای کوردستان، هەربۆیە مەزڵوم عەبدی هاتە
هەولێر و لەگەڵیدا کۆبووەوە، فەرەنسا مەبەستێتی کورد لە رۆژئاوای کوردستان یەک
بخات.
ئێوارەی 23ـی نیسان، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی
فەرەنسا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و نێچیرڤان بارزانی،
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە کۆبونەوەکەیاندا، بارزانی و وەزیری درەوەی فەرەنسادا، جەختیان لە سەرخستنی هەوڵەكان بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری
و یەكڕیزیی نێوان لایەنە كوردییەكانی سووریا کردەوە.
فەرەنسا بە ئەندازیاری یەکخستنی کورد لە
ڕۆژئاوای کوردستان دادەنرێت و مەبەستێتی کورد بە یەک دەنگ لەگەڵ دیمەشقدا پەیوەندی
هەبێت.
شەوی رابردوو، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی
هێزەکانی سوریای دیموکرات گەیشتە هەولێر و بە یاوەری ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبونەوە.
وەزیری دەرەوەی
فەرنسا پێش کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، کە وڵاتەکەی
بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات.
کۆبونەوەی
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و مەزڵوم عەبدی لەکاتێکدایە، بڕیارە 26ـى نیسان کۆنفرانسی (یەکخستنی
هەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوا) بەڕێوەدەچێت.
ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوێنێ گهیشته
بهغدا و دوای كۆبونهوهی لهگهڵ بهرپرسانی باڵای عێراق گهیشته ههولێر و ئەمڕۆیش
لە هەولێر، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی و کۆبووەوە و لەگەڵ قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە.
سبەینێ کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، بافڵ تاڵەبانی بەشداری دەکات، بەڵام بارزانی نوێنەر دەنێرێت.
بڕیارە رۆژی 26ـی نیسان کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرێوەبچێت.
ئامانجی کۆنفرانسەکە، یەکخستنی هەڵوێستی کوردە بە تایبەت هاوهەڵوێستی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجیتاڵ میدیای Mic لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەی وەرگرتووە، شاندی دەم پارتی بە نوێنەرایەتی باکوری کوردستان گەیشوونەتە رۆژئاوای کوردستان.
سەبارەت بە لایەنەکانی باشوری کوردستان، بڕیارە دوو شاند لە باشوری کوردستانەوە بەشداری بکات کە بە وتەی فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنەکەسە بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic، یەکێک لە شاندەکان نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.
رۆژی 23ـی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پانێڵێکدا لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی سوریا دەکات، لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفرانسێکدا وتارێک پێشکەش دەکات.
ئەگەرچی تاڵەبانی هیچ ئاماژەیەکی بە کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی بۆ یەکڕیزی نەکرد، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic ئامانجی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بەشداریکردنە لەو کۆنفرانسەدا.
لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیانکردوەتەوە، بتوانن بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن و هۆکارەکەشیان بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی گێڕاوەتەوە، بۆیە بڕیارە لە رێگەی پەیامێکەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن.
کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت و 300 ئەندامی دەبێت، لە کۆی گشتیی ئەندامەکان، 130 ئەندامی ئەنەکەسە، 130 ئەندامی پەیەدە و 40ـی دیکەش میوان دەبن، میوانەکانیش 20ـیان لە ئەنەکەسە و 20ـی دیکەشیان لە پەیەدە دەبن.