هەواڵ

دیجیتاڵ میدیای MIC نهێنییەکانی پشت دەستگیرکردنی راکان جبوری ئاشکرا دەکات

Mic
2025-04-21


کەرکووک-MIC:

حەوت رۆژە راکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکووک دەستگیرکراوە، ئەمڕۆ هەواڵی دەستگیرکردنی بڵاوبووەوە، هەرچەندە بەهۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیرکراوە، بەڵام زانیارییەکان ئاشکرای دەکەن کە مەبەست لە دەستگیرکردنی بێبەشکردنێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

ئەمڕۆ، هەواڵی دەستگیرکرنی راکان سەعید جبوری، پارێزگاری پێشووی کەرکوک بەوەکالەت بڵاوبووەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی بە دیجیتاڵ میدیای MIC، حەوت رۆژە دەستگیرکراوە و ئەمڕۆ براوەتە بەردەم دادوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دیجیتاڵ میدیای MIC راگەیاند، ئەمڕۆ 21ـی نیسان، راکان جبوری ئەمڕۆ براوەتە بەردەم دادوەر لە دادگای رەسافە لە بەغدا، تۆمەتەکانی رووبەڕووکراوەتەوە و دادوەر بڕیاریداوە، سێ رۆژ بەدەستبەسەرکراوی بیهێڵێتەوە.

کەریم شکور، ئەندامی لێژنەی دەستپاکی لەپەڕلەمانی عێراق لەسەر دەستگیرکردنی راکان جبوری بەمیدیاکانی گوتووە، هۆکاری دەستگیرکردنی راکان جبوری بەهەدەردانی سامانی گشتی بووە لەماوەی حکومڕانی خۆی لەئیدارەی کاتی کەرکووک دا.

بەپێی زانیارییەکانی MIC، کە لەبەدواداچوونێکدا دەستی کەوتووە، کەیسی دەستگیرکردنی جبوری جیا لەوەی لەسەر سکاڵای لایەنە کوردییەکان بووە، بەڵام لەبنەڕەتدا پەیوەندی بەململانێی سیاسی نێو باڵەکانی عەرەبی سوننەوە هەیە.

دیجیتاڵ میدیای MIC ئەوەشی زانیوە، کە کەنزیکی لەتورکیان و ململانێی نێوان بنەماڵەی وەسفی عاسی و محەمەد تەمیم لەلایەک و راکان جبوری لەلایەکی دیکە، هۆکاری دەستگیرکردنی پارێزگارە بەوەکالەتەکەی عەرەب بووە.

لەسەر دەستگیرکردنی، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بەوەکالەت، زاهیر ئەنوەر عاسی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و برای وەسفی عاسی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لەوەدەکات، دەستگیرکردنی راکان جبوری لەم کاتەدا بۆتێکدانی نێو ماڵی پێکهاتەی عەرەبییە لەکەرکووک.

بەرەی عەرەبی یەکگرتوو، کە وەسفی عاسیی سەرۆکایەتی دەکات بڵاویکردەوە، هێزە ئەمنییەکان یەکێک لە پەیجەکانی "فیتنە"یان داخست، کە مەبەستیان ئەو پەیجانەیە کە هێرشیان کردووەتە سەر وەسفی عاسی.

ماوەیەک لەمەوبەر کەسێکی نزیکی راکان جبوری، پەیجێکی فەیسبوکی داناوەو هێرشی توندی کردووەتە سەر وەسفی عاسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی بەرەی عەرەبی کە بەشدارییان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کوکووکدا کردووە، ئەوەیش لە رێگەی ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە سکاڵای تۆمارکردووەو ئاشکرایکردوو، کە ئەو پەیجە لەلایەن راکان جبوریەوە پشتیوانی دەکرێن.

راکان جبوری و وەسفی عاسی دوو کەسایەتی سیاسی سونەکانن لە کەرکووک و رکابەری یەکترین و ناکۆکی قوڵ لە نێوانیاندایە، هەر بۆیە وا لێکدەدرێتەوە کە دەستگیرکردنی پلانی وەسفی عاسی بێت و ئامانج لێی بێبەریکردنی بێت لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوە بچێت.

ئەگەر راکان جبوری دۆسیەی یاسایی لە دژی کرابێتەوە، ئەوا لەڕووی یاساییەوە گرفتی بۆ بەشداری لەهەڵبژاردن بۆ دروست دەبێت و ئەوکات رکابەرەکانی بە ئاسانی دەتوانن ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی کەرکووک لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.

بەپێی زانیارییەان، هەرچەندە لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارانی کورد راکان جبوری دەستگیرکراوە، بەڵام هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ ناکۆکی نێوان لایەنە عەرەبەکانی کەرکووک دەگەڕێتەوە، 

More News

Most Popular

هەواڵ

بارزانی بەشداری دەکات؟ …بافڵ تاڵەبانی بەشداری کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوا دەکات

Mic
2025-04-25

سبەینێ کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، بافڵ تاڵەبانی بەشداری دەکات، بەڵام بارزانی نوێنەر دەنێرێت. 

بڕیارە رۆژی 26ـی نیسان کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرێوەبچێت. 

ئامانجی کۆنفرانسەکە، یەکخستنی هەڵوێستی کوردە بە تایبەت هاوهەڵوێستی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجیتاڵ میدیای Mic لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەی وەرگرتووە، شاندی دەم پارتی بە نوێنەرایەتی باکوری کوردستان گەیشوونەتە رۆژئاوای کوردستان. 

سەبارەت بە لایەنەکانی باشوری کوردستان، بڕیارە دوو شاند لە باشوری کوردستانەوە بەشداری بکات کە بە وتەی فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنەکەسە بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic، یەکێک لە شاندەکان نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات. 

رۆژی 23ـی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پانێڵێکدا لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی سوریا دەکات، لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفرانسێکدا وتارێک پێشکەش دەکات. 

ئەگەرچی تاڵەبانی هیچ ئاماژەیەکی بە کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی بۆ یەکڕیزی نەکرد، بەڵام بەپێی  زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic ئامانجی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بەشداریکردنە لەو کۆنفرانسەدا. 

لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیانکردوەتەوە، بتوانن بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن و هۆکارەکەشیان بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی گێڕاوەتەوە، بۆیە بڕیارە لە رێگەی پەیامێکەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن. 

کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت و 300 ئەندامی دەبێت، لە کۆی گشتیی ئەندامەکان، 130 ئەندامی ئەنەکەسە، 130 ئەندامی پەیەدە و 40ـی دیکەش میوان دەبن، میوانەکانیش 20ـیان لە ئەنەکەسە و 20ـی دیکەشیان لە پەیەدە دەبن.