هەواڵ

پۆستی وەزیری شەهیدان و وەزیری رۆشنبیری لە دەرەوەی گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتین

Mic
2025-04-21


پۆستی وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان لەگەڵ پۆستی وەزیری رۆشنبیری لە دەرەوەی گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتین، پارتی دەیەوێت وەزیری شەهیدان بدات بە پارتی سۆسیال دیموکرات و وەزیری رۆشنبیریش بۆ تورکمانەکان.

دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێم دەستیپێکرد، تائێستا ئەو دوولایەنە نەگەیشتوون بە رێککەوتن لەسەر پۆستی چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان.

مایک زانیویەتی پۆستی وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان لەگەڵ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری لە دەرەوەی گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتین.

بەپێی زانیارییەکان، پارتی دەیەوێت وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان بدات بە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە خاوەنی یەک کورسییە لە پەرلەمانی کوردستان

هەروەها، پارتی وەزارەتی رۆشنبیری دەدات بە تورکمانەکان و لە ناو تورکمانەکانیشدا بە ئەگەری زۆرەوە پۆستەکە دەدرێت بە مونا قەهوەچی

هەفتەی پێشوو پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان کۆبونەوە و رایانگەیاند کۆبونەوەکانیان بەردەوام دەبن و وا بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە کۆبونەوەکانیان دەستپێبکاتەوە.

رۆژی 10ـى تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، پارتی 38 کورسی و یەکێتی 23 کورسی بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەی ئەو دوولایەنە دەتوانن پێکەوە حکومەت پێکبێنن، بەڵام تائێستا دیارنییە کابینەی 10ـى حکومەتی هەرێم کەی لەدایک دەبێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

بارزانی بەشداری دەکات؟ …بافڵ تاڵەبانی بەشداری کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوا دەکات

Mic
2025-04-25

سبەینێ کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، بافڵ تاڵەبانی بەشداری دەکات، بەڵام بارزانی نوێنەر دەنێرێت. 

بڕیارە رۆژی 26ـی نیسان کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرێوەبچێت. 

ئامانجی کۆنفرانسەکە، یەکخستنی هەڵوێستی کوردە بە تایبەت هاوهەڵوێستی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجیتاڵ میدیای Mic لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەی وەرگرتووە، شاندی دەم پارتی بە نوێنەرایەتی باکوری کوردستان گەیشوونەتە رۆژئاوای کوردستان. 

سەبارەت بە لایەنەکانی باشوری کوردستان، بڕیارە دوو شاند لە باشوری کوردستانەوە بەشداری بکات کە بە وتەی فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنەکەسە بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic، یەکێک لە شاندەکان نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات. 

رۆژی 23ـی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پانێڵێکدا لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی سوریا دەکات، لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفرانسێکدا وتارێک پێشکەش دەکات. 

ئەگەرچی تاڵەبانی هیچ ئاماژەیەکی بە کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی بۆ یەکڕیزی نەکرد، بەڵام بەپێی  زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic ئامانجی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بەشداریکردنە لەو کۆنفرانسەدا. 

لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیانکردوەتەوە، بتوانن بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن و هۆکارەکەشیان بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی گێڕاوەتەوە، بۆیە بڕیارە لە رێگەی پەیامێکەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن. 

کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت و 300 ئەندامی دەبێت، لە کۆی گشتیی ئەندامەکان، 130 ئەندامی ئەنەکەسە، 130 ئەندامی پەیەدە و 40ـی دیکەش میوان دەبن، میوانەکانیش 20ـیان لە ئەنەکەسە و 20ـی دیکەشیان لە پەیەدە دەبن.