دیجیتاڵ میدیای Mic پێشنیازێکی دیدارێکی یەکێتی بۆ گۆڕانکاری لە مەکتەبەکاندا ئاشكرا دەکات، سێ مەکتەب تێکەڵ دەکرێن و مەکتەبی کاروباری حیزبی دروست دەکرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجتاڵ میدیای Mic لە سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، دیداری یەکێتی پێشنیازێکی گەڵاڵە کردووە تایبەت بەکاری مەکتەبەکان، ئەویش تێکەڵکردنی مەکتەبەکانی رێکخستن، شەهیدان و رێکخراوەکانە.
بەپێی پێشنیازەکە، لە ئەنجامی تێکەڵکردنی ئەو سێ مەکتەبەدا، مەکتەبی کاروباری حزبی دروست دەکرێت، تەنها یەک کەس بەرپرسی دەبێت.
یەکێتی خاوەنی 11 مەکتەبە، سەرکەوت زەکی لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنە، بڵێسە جەبار فەرمان لێپرسراوی مەکتەبی شەهیدانە و بورهانی سەعید سۆفی لێپرسراوی مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکانە.
رۆژی 23ـی نیسان دووەمین دیداری یەکێتی ئەنجام دەدرێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەموو ساڵێک بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و ئاراستەكردن دیداری گشتی ئەنجام دەدات، کە سكرتارییەتی "سەرۆك مام جەلال" بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی وەک دەرئەنجامەكانی تەواوكاری كارەكانی كۆنگرە ڕێکیدەخات.
وەک لە پەیڕەوی ناخۆدا هاتووە، دیدار دەسەڵاتی گۆڕانکاری نییە، بەڵکو ئامانجی دیدار بریتیە لە دارشتن و هەڵسەنگاندنی هێڵە گشتییەکانی ستراتیژ و بەرنامەی کاری سیاسی یەکێتی و سەرجەم مەكتەب و دامودەزگاكان و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیازەکان بەمەبەستی بەرجەستەکردنیان بەشێوەیەکی کردەیی لە لایەن كۆمیتەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و سەرۆكەوە.
کارو چالاکی و پڕۆژەی سەرجەم ئۆرگانەکان لەو دیدارە بە راپۆرتێک پێشکەشدەکرێت، دواتر لیژنەیەک لەلایەن سكرتارییەتی "سەرۆك مام جەلال" کات و شوێن و بەشداربوانی ئەم دیدارە گشتییە دیاریدەکات.
یەکەم دیداری یەکێتی لە ساڵی 2022 لە سلێمانی بەڕێووەچوو، ساڵی دواتر حزبەکە کۆنگرەی پێنجەمی بەست و بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی حزبەکە هەڵبژارد.
سبەینێ کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، بافڵ تاڵەبانی بەشداری دەکات، بەڵام بارزانی نوێنەر دەنێرێت.
بڕیارە رۆژی 26ـی نیسان کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرێوەبچێت.
ئامانجی کۆنفرانسەکە، یەکخستنی هەڵوێستی کوردە بە تایبەت هاوهەڵوێستی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجیتاڵ میدیای Mic لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەی وەرگرتووە، شاندی دەم پارتی بە نوێنەرایەتی باکوری کوردستان گەیشوونەتە رۆژئاوای کوردستان.
سەبارەت بە لایەنەکانی باشوری کوردستان، بڕیارە دوو شاند لە باشوری کوردستانەوە بەشداری بکات کە بە وتەی فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنەکەسە بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic، یەکێک لە شاندەکان نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.
رۆژی 23ـی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پانێڵێکدا لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی سوریا دەکات، لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفرانسێکدا وتارێک پێشکەش دەکات.
ئەگەرچی تاڵەبانی هیچ ئاماژەیەکی بە کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی بۆ یەکڕیزی نەکرد، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic ئامانجی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بەشداریکردنە لەو کۆنفرانسەدا.
لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیانکردوەتەوە، بتوانن بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن و هۆکارەکەشیان بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی گێڕاوەتەوە، بۆیە بڕیارە لە رێگەی پەیامێکەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن.
کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت و 300 ئەندامی دەبێت، لە کۆی گشتیی ئەندامەکان، 130 ئەندامی ئەنەکەسە، 130 ئەندامی پەیەدە و 40ـی دیکەش میوان دەبن، میوانەکانیش 20ـیان لە ئەنەکەسە و 20ـی دیکەشیان لە پەیەدە دەبن.