هەواڵ

کۆمسیۆن رێگە نادات گۆڕان بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکات

Mic
2025-04-23



بەهۆی ئەنجامنەدانی کۆنفرانسی نیشتمانییەوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رێگەنادات بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هەڵبژاردن بکات، کۆمسیۆن ئامادە نییە وادەیەکیش بۆ بەستنی کۆنفرانسی گۆڕان دابنێت.

مانگی ئادار، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 5ـى نیسانی بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان "باڵی گردەکە" دیاریکرد، رۆژی 10ـى نیسانی بۆ کۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان "باڵی کوردسات" دیاریکرد.

باڵی گردەکەی گۆڕان لە وادەی خۆیداو بە بەشداری زیاتر لە هەزار و 300 کەس کۆنفرانسی نیشتمانی بەست و جڤاتی نیشتمانی هەڵبژارد و کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە دەستوری بزوتنەوەکەدا کرد، بەڵام کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئامادەی کۆنفرانسەکە نەبوو، ئەمەش وایکرد کۆمسیۆن دان بە کۆنفرانسەکەدا نەنێت.

پێش ئەوەی باڵی کوردساتی گۆڕان لە لەو وادەی بۆ دیاریکرابوو(10ـى نیسان) کۆفرانس ئەنجامبدات، کۆمسیۆن بە نوسراوی فەرمی وادەی کۆنفرانسەکەی هەڵوەشاندەوە و پێی راگەیاندن، چاوەڕێی دیاریکردنی وادەیەکی نوێبن.

ئێستا کۆمسیۆن کۆنفرانسی باڵی گردەکەی قبوڵ نەکردووە و وادەیەکیش بۆ کۆنفرانسی باڵی کوردساتیش دیاری ناکات، بەبێ ئەنجامدانی کۆنفرانسیش گۆڕان ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق بکات.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC، هەردوو باڵەکەی گۆڕان چاوەڕێ هەڵوێستی نوێی کۆمسیۆنن لەسەر ئەوەی داواکاری کامیان وەردەگرێت بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوەڕاستی ئەم مانگە دەرگای خۆ تۆمارکردنی ناوی قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان کردەوە، بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 5ـى ئادار کۆتا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان.

بەپێی یاسای حزبەسیاسییەکان، دەبێت ئەو  حزبەی بەشداری هەڵبژاردن دەکات وادەی ئەنجامدانی کۆنگرەی بەسەر نەچووبێت، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان دەمێکە وادەی بەستنی کۆنفرانسی بەسەرچوو.

تا کۆتایی ئەم مانگە ئەگەر باڵی کوردساتی گۆڕان کۆنفانسێکی قبوڵکراوی کۆمسیۆن نەبەستێت، یان کۆمسیۆن بە فەرمی کۆنفرانسی باڵی گردەکە قبوڵ نەکات، ئەوا بزروتنەوەی گۆڕان ناتوانێت ناوی خۆی تۆماربکات بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

More News

Most Popular

هەواڵ

لاریجانییەکان گەڕانەوە هەڕەمی دەسەڵاتی ئێران

Mic
2025-08-07


دوای چوار ساڵ دوورکەوتنەوەی لەسەر شانۆی سیاسی ئێران، جارێکی تر عەلی لاریجانی گەڕایەوە و بە فەرمانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دیاری کرا.

رۆژی دووی ئاب، میدیای نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گۆڕانکاری لە دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتدا دەکرێن و ئەگەری زۆرە عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی دەستنیشان بکرێت.

 بەپێی مادەی 176ی دەستووری ئێران، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتە دەتوانێت بەپێی ئەرکەکانی خۆی ئەنجوومەنی لاوەکی وەک ئەنجوومەنی بەرگری و ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵات پێکبهێنێت.

هەروەها، سەرۆکایەتی هەریەک لە ئەنجوومەنە لاوەکییەکان یان لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دەکرێت یانیش ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، کە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەستنیشان دەکرێت.

ئەمڕۆ بە فەرمی، عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی ئێران بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لاریجانی بە سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دیاری کرا.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فارس، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنەکە دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە و بەرپرسیارێتی چەند دۆسیەیەکی تایبەت و ستراتیژیی ئێرانی پێدەدرێت.

عەلی لاریجانی، سادق لاریجانی و محەممەد جەواد لاریجانی، باوکیان، ئایەتوڵڵا میرزا هاشم ئامۆلی لاریجانی، یەکێک بوو لە مەرجەعە گەورەکانی شیعە و هاوڕێی نزیکی ئایەتوڵڵا خومەینی، کە ئەمەش ڕێگەخۆشکەرێکی سەرەکی بوو بۆ چوونەناو کایەی سیاسیی کوڕەکانی.

ئەم بنەماڵەیە یەکێکن لە بنەماڵە هەرە بەهێز و کاریگەرەکانی دوای شۆڕشی 1979، کە هێزی خۆیان لە تێکەڵەیەکی دەگمەنی نێوان "ئاینی نەریتی" و "زانستی مۆدێرن" و "پەیوەندی سیاسی"دا وەرگرتووە.


چۆن یەک بنەماڵە، بۆ ماوەیەکی درێژ، سێ جومگەی سەرەکیی دەسەڵاتی ئێرانیان بەدەستەوە بوو؟ بنەماڵەی لاریجانی، کە زیاتر لە دوو دەیە وەک "کۆڵەکەکانی ڕاگرتنی نیزام" ناسرابوون، سێکوچکەیەکی دەسەڵاتیان پێکهێنابوو کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا وێنەی نەبوو.

گۆشەی یەکەمی سێکوچکەکە: عەلی لاریجانی، سیاسەتمەدارە پراگماتییەکە، بۆ ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی پەرلەمان بوو. ئەو دەسەڵاتی یاسادانانی لەژێر کۆنترۆڵدا بوو. کاری ئەو، ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان باڵە جیاوازەکان و بەڕێوەبردنی یاساکانی وڵات بوو.

گۆشەی دووەم: سادق لاریجانی، دادوەرە دەسەڵاتدارەکە، بۆ ماوەی 10 ساڵ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بوو، ئەو هێزی دادوەری و سەرکوتکردنی بەدەستەوە بوو. لە سەردەمی ئەودا، هەزاران نەیار و ناڕازی ڕووبەڕووی حوکمی قورس بوونەوە، ئەو پارێزەری ئاسنینی نیزام بوو لەناوخۆدا.

گۆشەی سێیەم: محەممەد جەواد لاریجانی، تیۆریست و مێشکی ئایدۆلۆژیم، ئەو بەرگریکاری فەرمیی ئێران بوو لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، بەتایبەت لە بواری مافی مرۆڤدا. کاری ئەو، داڕشتنی گوتاری فەرمی و پاساوهێنانەوە بوو بۆ کردەوەکانی نیزام.

سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێی توندڕەو، تۆمەتەکانی گەندەڵی، و گۆڕانی نەخشەی سیاسیی ئێران، هێزی لاریجانییەکانی کەمکردەوە، گەورەترین گورز، ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونی عەلی لاریجانی بوو بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2021، ئەمە نیشانەی کۆتایی سەردەمی زێڕینی ئەم بنەماڵەیە بوو.