هەواڵ

پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق بەر لێبوردنی گشتی کەوت و ئازادکرا

Mic
2025-04-20


کەرکووک - MIC

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق دوای 12 ساڵ زیندانی، بەر یاسای لێبوردنی گشتی کەوت و ئازادکرا.

ئەمڕۆ، ئەحمەد عەلوانی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی خۆپێشاندانەکانی رومادی دژی حکومەتی ئەوکاتی عێراق بەسەرۆکایەتی نوری مالکی دەکرد، ئازادکرا.

عەلوانی، سەرپەرشتی چەندین خۆپێشاندانی دژبە حکومەتەکەی مالیکی کردووە و لەبەرەبەیانی رۆژی 28ـی ئەیلولی 2013، هێزێکی سوات لە ناوچەی بوعەلوان لە ناوەڕاستی شاری رومادی هەڵیکوتایە سەر ماڵەکەی و دوای پێکدادنێکی هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانەکانی، پێنج لە پاسەوان و نزیکەکانی کوژران کە یەکیان برای بوو، عەلوانیش لەلایەن هێزەکانی سواتەوە بەتۆمەتی تێکدانی دۆخی عێراق و هاندانی تیرۆر دەستگیرکرا.

رۆژی 23ـی تشرینی دووەمی 2014، دادگای تاوانەکانی ناوەندی عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەحمەد عەلوانی پەرلەمانتاری پێشووی عێراقدا سەپاند، دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2013دا دانی بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست دوو سەربازی عێراقی نابوو.

ئازادکردنی ئەو پەرلەمانتارە بە پێی یاسای لێبوردنی گشتی عێراقە، کە لەسەرەتای ئەمساڵ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکرا.

ئەحمەد سلێمان عەلوانی، 27ـی نیسانی 1969 لەدایکبووە و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بووە لەبواری زانستی زەوی ناسی لەزانکۆی موستەنسڕیە لەبەغداد و ساڵی 2010 بووەتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری بووە.

More News

Most Popular

هەواڵ

بارزانی بەشداری دەکات؟ …بافڵ تاڵەبانی بەشداری کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوا دەکات

Mic
2025-04-25

سبەینێ کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، بافڵ تاڵەبانی بەشداری دەکات، بەڵام بارزانی نوێنەر دەنێرێت. 

بڕیارە رۆژی 26ـی نیسان کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرێوەبچێت. 

ئامانجی کۆنفرانسەکە، یەکخستنی هەڵوێستی کوردە بە تایبەت هاوهەڵوێستی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجیتاڵ میدیای Mic لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەی وەرگرتووە، شاندی دەم پارتی بە نوێنەرایەتی باکوری کوردستان گەیشوونەتە رۆژئاوای کوردستان. 

سەبارەت بە لایەنەکانی باشوری کوردستان، بڕیارە دوو شاند لە باشوری کوردستانەوە بەشداری بکات کە بە وتەی فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنەکەسە بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic، یەکێک لە شاندەکان نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات. 

رۆژی 23ـی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پانێڵێکدا لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی سوریا دەکات، لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفرانسێکدا وتارێک پێشکەش دەکات. 

ئەگەرچی تاڵەبانی هیچ ئاماژەیەکی بە کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی بۆ یەکڕیزی نەکرد، بەڵام بەپێی  زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic ئامانجی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بەشداریکردنە لەو کۆنفرانسەدا. 

لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیانکردوەتەوە، بتوانن بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن و هۆکارەکەشیان بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی گێڕاوەتەوە، بۆیە بڕیارە لە رێگەی پەیامێکەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن. 

کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت و 300 ئەندامی دەبێت، لە کۆی گشتیی ئەندامەکان، 130 ئەندامی ئەنەکەسە، 130 ئەندامی پەیەدە و 40ـی دیکەش میوان دەبن، میوانەکانیش 20ـیان لە ئەنەکەسە و 20ـی دیکەشیان لە پەیەدە دەبن.