چەند رۆژێکە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون لە سنوری پارێزگای
کەرکووک بڵاوبووەتەوە، تائێستا سێ کەس بەو ڤایرۆسە گیانی لەدەستداوە و چەند
کەسێکیش هەڵگری ڤایرۆسەکەن و لەژێر چاودێری وردی تەندروستیدان.
رۆژی 19ـى نیسان، یادگار
نورى تەمەن 22ساڵ و کارمەندى فریاکەوتنى نەخۆشخانەى کەرکوک
دوای چەندرۆژێک لە توشبوونی بە تاى خوێنبەربوون، گیانی لەدەستدا.
هەر ئەو رۆژە، سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق
رایگەیاند، ئەمساڵدا 14 حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە.
حاڵەتەکانی توشبوون و گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون
لە کەرکووک لە هەڵکشاندایە، بەپێی دوای ئامار سێ کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانی
لەدەستداوە و دوو توشبویش لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.
سامان یابە، وتەبێژی فەرمانگەی تەندرووستی کەرکووک MICـى راگەیاند، کۆی
گشتی حاڵەتەکانی تووشبوون بەڤایرۆسی تای خوێنبەربوون لە کەرکووک گەیشتووەتە شەش حاڵەت
و سێ کەس گیانی لەدەستداوە و یەک کەس چارەسەر کراوە و دوو کەسیش لەنەخۆشخانە ماوەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ خۆپارێزی لەو تای خوێنبەربوون
دوای لە هاوڵاتییان کردووە، خۆیان بەدووربگرن لە کڕینی گشتی بێ مۆر و چەندین
رێنمایی بۆ خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە بڵاوکردووەتەوە.
سبەینێ کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، بافڵ تاڵەبانی بەشداری دەکات، بەڵام بارزانی نوێنەر دەنێرێت.
بڕیارە رۆژی 26ـی نیسان کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرێوەبچێت.
ئامانجی کۆنفرانسەکە، یەکخستنی هەڵوێستی کوردە بە تایبەت هاوهەڵوێستی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجیتاڵ میدیای Mic لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەی وەرگرتووە، شاندی دەم پارتی بە نوێنەرایەتی باکوری کوردستان گەیشوونەتە رۆژئاوای کوردستان.
سەبارەت بە لایەنەکانی باشوری کوردستان، بڕیارە دوو شاند لە باشوری کوردستانەوە بەشداری بکات کە بە وتەی فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنەکەسە بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic، یەکێک لە شاندەکان نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.
رۆژی 23ـی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پانێڵێکدا لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی سوریا دەکات، لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفرانسێکدا وتارێک پێشکەش دەکات.
ئەگەرچی تاڵەبانی هیچ ئاماژەیەکی بە کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی بۆ یەکڕیزی نەکرد، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic ئامانجی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بەشداریکردنە لەو کۆنفرانسەدا.
لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیانکردوەتەوە، بتوانن بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن و هۆکارەکەشیان بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی گێڕاوەتەوە، بۆیە بڕیارە لە رێگەی پەیامێکەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن.
کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت و 300 ئەندامی دەبێت، لە کۆی گشتیی ئەندامەکان، 130 ئەندامی ئەنەکەسە، 130 ئەندامی پەیەدە و 40ـی دیکەش میوان دەبن، میوانەکانیش 20ـیان لە ئەنەکەسە و 20ـی دیکەشیان لە پەیەدە دەبن.