هەواڵ

رۆژی جیهانیی زەوی… گۆڕانی کەشوهەوا و بە بیابان بوون بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە

Mic
2025-04-22

22ـی نیسانی هەموو ساڵێک، جیهان یادی رۆژی جیهانیی زەوی دەكاتەوە،هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەنەوە کە ساڵ بە ساڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوای زیاتر لێ دەردەکەوێت.

 

 زۆربوونی رۆژە گەرمەکانی ساڵ، سووتانی دارستان و پاوانەکان، کەمبوونەوەی ماوەی باران و زیادبوونی رۆژانی خۆڵبارین، لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی گۆڕانی کەشوهەوان لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی وتەی وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، ناوچەکە و بەشێکی هەرێمی کوردستان ، چەند ساڵێکە تووشی بەرکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بووە، کە وشکە ساڵی یەکێکە لە دیاردە مەترسیدارەکان و پێویستە رێگەی زانستی گونجاو بگیرێتە بەر بۆ بەرەنگاربونەوەی و نەهێشتنی مەترسیەکان". 

بەپێی فەرمانگەی گۆڕانی کەشوهەوا ئێستا ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی چەندین کێشە و ئاڵەنگاری جیاواز بوەتەوە کە پێویستە هەرچی زووە بیر لە چارەسەرکردنی خێرایان بکرێتەوە. 

کەمبوونەوەی دارستانەکان، پیسبوونی ئاو، چارەسەرنەکردنی کێشەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک، پیسبوونی هەوا بەبیابانبوون و داخورانی خاک لەو کێشە سەرەکییەکانیانەن کە ئێستا روبەروی ژینگەی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە. 
هەموو ئەو کێشە ژینگەیانەی بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە، بوونەتە هۆکارێک بۆ دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەناویاندا زیادبوونی پلەکانی گەرما، وشکەساڵی و لافاو.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەم خۆکردە و هەم سرووشتییە، واتە هەم دەستکردنی مرۆڤ و هەمیش سرووشتییە کە رودەدات، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی خۆکردە بۆیە دەتوانرێت کاریگەرییەکانی کەمبکرێنەوە.

لەناوچوونی دارستان و نەمانی رووپۆشی سەوزایی یەکێکە لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی ژینگەیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە زۆرینەی خۆکردییە و دارستانەکان بە دەستی هاوڵاتییان دەسوتێنرێن. 

کاریگەرییەکانی سوتان و نەمانی  رووپۆشی سەوزایی بە شێوەیەکە، ساڵانە 100 کیلۆمەتر چوارگوشە لە خاکی عێراق و هەریمی کوردستان دەبنە بیابان، هەرێمی کوردستان رێگەی جیاواز بۆ روبەروبونەوەی گۆڕانکاری کەشوهەوا بەکاردەهێنێت،  بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتیی ژینگە، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی سەوزایی لە 15%ـەوە بۆ 18% بەرزبووەتەوە، له‌م ماوه‌یه‌ كار بۆ چاندنی 100 ملیۆن دار بەڕوو كراوه‌، ئێستا نزیكەی 200 هەزار دار بەڕوو چێنراون و پرۆژەکەش لەسەر ئاستی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی ساڵی رابردوو لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی رایگەیاند، کاری زۆرمان کردووە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشو هەواو پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی کوردستان و یەکەم ناوچەی عێراقین گازی بەفیڕۆدراو بۆ وزەی نوێ بەکاردەهێنینەوە

رۆژی جیهانی زەوی
22ـی نیسانی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانی زەوی دیارییکراوە، چیرۆكی ئەم رۆژە لەوەوە دێت كە لەهەمان بەروار و لەساڵی 1970دا ، نزیكەی 20 ملیۆن كەس لەتەواوی ئەمریكادا خۆپیشاندانیان كرد بەسەركردایەتی سێناتۆر گایلۆرد نیلسۆن بۆ دەرخستنی مەترسییەكانی پیسبوونی ژینگە بەهۆی كارگە پیشەسازییەكانەوە.

خۆپیشاندەران داوای دامەزراندنی ئاژانسی پاراستنی ژینگەو دەرچوواندنی یاساكانی پاراستنی ژینگەیان دەكرد كە لە دواجاردا كۆنگرێس هەردوو داواكەی پەسەند كردو ئەم رۆژەش لەئەمریكادا بوو بەرۆژی زەوی.

بەڵام لەدواییدا نەتەوە یەكگرتووەكان بە بڕیاری ژمارە 278/63 لە بەرواری 22ی نیسانی 2009 ، رۆژی 22ی نیسانی هەموو ساڵێكی كردە رۆژی زەوی بۆ گشت جیهان.

ئەم راگەیاندنەش دانپێدانانێكە بەو راستییەی كە زەوی و سیستمە ئیكۆلۆژییەكەی سەرچاوەی سەرەكیی ژیان و بژێویی گشت دانیشتووان و گیانلەبەرانە.

لە22ی نیسانی هەموو ساڵێكدا نزیكەی یەك ملیار كەس لە 190 دەوڵەتدا بۆنەی رۆژی زەوی بەرز و زیندوو رادەگرن لەڕێگەی چاندنی نەمام و پاككردنەوەی نێو شارو پەیوەندیكردن بەنوێنەرەكانیانەوەو زۆر چالاكیی دیكەی ژینگەپارێزانە.

ساڵانە لەم بۆنەیەدا تیشك دەخرێتە سەر كێشەو رێگرییە كۆن و نوێیەكان، بەتایبەت مەسەلەی دەركەوتنی زیانە زۆرەكانی گردبوونەوەی دانیشتووان لەشارەكانداو چۆڵكردنی گوندەكان، لەگەڵ دەركەوتنی زیانە گەورەكانی گۆڕان لەكەشوهەوادا.

More News

Most Popular

هەواڵ

بارزانی بەشداری دەکات؟ …بافڵ تاڵەبانی بەشداری کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوا دەکات

Mic
2025-04-25

سبەینێ کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، بافڵ تاڵەبانی بەشداری دەکات، بەڵام بارزانی نوێنەر دەنێرێت. 

بڕیارە رۆژی 26ـی نیسان کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرێوەبچێت. 

ئامانجی کۆنفرانسەکە، یەکخستنی هەڵوێستی کوردە بە تایبەت هاوهەڵوێستی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجیتاڵ میدیای Mic لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەی وەرگرتووە، شاندی دەم پارتی بە نوێنەرایەتی باکوری کوردستان گەیشوونەتە رۆژئاوای کوردستان. 

سەبارەت بە لایەنەکانی باشوری کوردستان، بڕیارە دوو شاند لە باشوری کوردستانەوە بەشداری بکات کە بە وتەی فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنەکەسە بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic، یەکێک لە شاندەکان نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات. 

رۆژی 23ـی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پانێڵێکدا لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی سوریا دەکات، لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفرانسێکدا وتارێک پێشکەش دەکات. 

ئەگەرچی تاڵەبانی هیچ ئاماژەیەکی بە کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی بۆ یەکڕیزی نەکرد، بەڵام بەپێی  زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic ئامانجی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بەشداریکردنە لەو کۆنفرانسەدا. 

لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیانکردوەتەوە، بتوانن بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن و هۆکارەکەشیان بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی گێڕاوەتەوە، بۆیە بڕیارە لە رێگەی پەیامێکەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن. 

کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت و 300 ئەندامی دەبێت، لە کۆی گشتیی ئەندامەکان، 130 ئەندامی ئەنەکەسە، 130 ئەندامی پەیەدە و 40ـی دیکەش میوان دەبن، میوانەکانیش 20ـیان لە ئەنەکەسە و 20ـی دیکەشیان لە پەیەدە دەبن.