روخانی رژێمی ئەسەد گەشە بە پەیوەندییەکانی رۆژئاوای کوردستان
و ئیسرائیل دەکات، قامیشلۆ نزیکبوونەوە لە تەلئەڤیڤ دژ بە ئەنقەرە بەکاردەهێنێت،
حکومەتەکەی ناتانیاهۆش دەیەوێت بە کوردەکان دژایەتی حکومەتەکەی شەرع بکات.
دوای روخانی رژێمەکەی بەشەر ئەسەد سەرۆکی سوریا لە 8ـی کانوونی
یەکەمی ساڵی رابردوودا، رێگایەکی نوێی بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل
و رۆژائاوای کوردستان کردەوە.
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لەناویاندا بینامین ناتانیاهۆ سەرۆک
وەزیرانی وڵاتەکە پشتیوانی پرسی کورد دەکات، بەرپرسانی رۆژئاواش پەیوەندییەکانیان
لەگەڵ تەلەئەڤیڤ رەتناکەنەوە.
ئیسرائیل و رۆژئاوای کوردستان لە پێشخستنی پەیوەندییەکانیاندا
پشتیان بە تیۆری "دژمنی دوژمنەکەم دۆستەمە" بەستووە و هەردوولایان تورکیا
بە مەترسی هاوبەش دەزانن.
ئیسرائیلییەکان تەنها تورکیا بە مەترسی نازانن، بەڵکو وەرگرتنی
دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرعیشەوە بۆ ئەوان جێگەی نیگەرانییە، چونکە رێگە خۆشکەرە
بۆ زیادبوونی هەژموونی تورکیا لە سوریادا.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەگەڵ بە گرنگ وەسفکردنی
پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان دەستی هەماهەنگیشی بۆ کورد درێژ کردووە،
کوردانی رۆژئاواش بە ئەرێنی وەڵامیان داوەتەوە.
ئەگەرچی رۆژئاوای کوردستان ئێستا بۆ راگرتنی هێرشەکانی سەری لەگەڵ
تورکیا لە گفتوگۆدایە، بەڵام گەرمکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بە هۆکاری
بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا دەزانن.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە
خواستی رۆژئاوای کوردستانی لە بەکارهێنانی کارتی ئیسرائیل دژ بە تورکیا نەشاردوەتەوە
و رایگەیاندووە، " هەر کێ بێت، پشتگیریمان بکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان و
پاراستنی دەستکەوتەکانمان، ئەو هێرشەی لەسەر گەلەکەمان هەیە، بیوەستێنێت بۆ ئێمە جێی
دڵخۆشییە".
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەریی
باکورو رۆژهەڵاتی سوریا کە ماوەی رابردوو بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل
قسەی کردووە، دروستکردنی پەیوەندی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ ئیسرائیل بە گرنگ ناوبردووە
و رایگەیاندووە، دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ بۆ ئێمە گرنگە.
ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای کوردستان لە دیداری سلێمانی باسی لەوەکرد،
"پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گرنگە، ئیتر هەر وڵاتێک بێت، ئەوەش تەنها لە
پێناو بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا و ناوچەکەدا".
پاراستنی کورد و ستاتۆی رۆژئاوای کوردستان، خاڵی یەکەمی
داواکاری بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستانە، ئیسرائیلییەکانیش زوو زوو خەخت لەو خاڵە دەکەنەوە.
ئەگەرچی ئیسرائیل و رۆژئاوای کوردستان پەیوەندیی و مامەڵەکانیان
وەک تاکتکی سیاسی و سەربازی لە دۆخی ئێستادا بەکاردەهێنن، بەڵام ئەو مامەڵەیە بە ژیرانە
وەسف ناکرێت.
رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە راپۆرتێکی شیکاریدا پێشنیازی کردووە،
ئیسرائیل بەدوای بەرژەوەندی هاوبەشدا بگەڕێت لەگەڵ تورکیادا، کە بەهەمان شێوەی ئیسرائیل،
ئێران بە مەترسی ناوچەیی و رکابەری مێژوویی خۆی دەبینێت.
سوریا مەیدانێکی نوێی روبەروبوونەوەی هەژموونی تورکیا و ئیسرائیلە،
رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست دابەشكردنی سوریا وەک چارەسەری کێشەکانی ئەنقەرە و تەلئەڤیڤ
دەبینێت، بەشێوەیەک کە ئیسرائیل باشووری سوریا کۆنترۆڵ بکات بە هاوکاری لەگەڵ دروزەکان،
تورکیاش بەشەکەی دیکەی سوریای دەبێت لەگەڵ هەندێک ناوچەی ئارامی لە چەک داماڵێنراو.
ئێران کە خۆی بە دوژمنی راستەوخۆی ئیسرائیل دەزانێت تا ئێستا بە
رونی هیچ هەڵوێستیکی فەرمی لەسەر پەیوەندییەکان نەوتووە، بۆیە دیار نییە چارەنوسی
پەیوەندییەکان بۆ کوێ دەچن.
زۆرینەی شیکردنەوەکان، نزیکبوونەوەی ئیسرائیل و رۆژئاوا بە
متمانە پێكراو نازانن، چونکە ئەو هێزانەی حکومی رۆژئاوای کوردستان دەکەن خۆیان بە
درێژکراوەی ئایدلۆژیایی پەکەکە دەزانن و پەکەکەش یەکەم شەڕی مەیدانی دژ بە ئیسرائیل
بووە.
پەکەکە ئیسرائیل و زایۆنیزم بە داگیرکەر و دوژمنی خۆیان دەزانن،
وەک هاوکارێکیش لە دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالانی رێبەری پارتەکەیان دەیناسێن.
سبەینێ کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت، بافڵ تاڵەبانی بەشداری دەکات، بەڵام بارزانی نوێنەر دەنێرێت.
بڕیارە رۆژی 26ـی نیسان کۆنفرانسی یەکڕیزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەرێوەبچێت.
ئامانجی کۆنفرانسەکە، یەکخستنی هەڵوێستی کوردە بە تایبەت هاوهەڵوێستی لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دیجیتاڵ میدیای Mic لە ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەی وەرگرتووە، شاندی دەم پارتی بە نوێنەرایەتی باکوری کوردستان گەیشوونەتە رۆژئاوای کوردستان.
سەبارەت بە لایەنەکانی باشوری کوردستان، بڕیارە دوو شاند لە باشوری کوردستانەوە بەشداری بکات کە بە وتەی فەیسەڵ یوسف وتەبێژی ئەنەکەسە بۆ دیجیتاڵ میدیای Mic، یەکێک لە شاندەکان نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.
رۆژی 23ـی نیسانی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پانێڵێکدا لە دیداری یەکێتی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی سوریا دەکات، لە میانی بەشداری کردنی لە کۆنفرانسێکدا وتارێک پێشکەش دەکات.
ئەگەرچی تاڵەبانی هیچ ئاماژەیەکی بە کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی بۆ یەکڕیزی نەکرد، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic ئامانجی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بەشداریکردنە لەو کۆنفرانسەدا.
لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتیانکردوەتەوە، بتوانن بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن و هۆکارەکەشیان بۆ دۆخی سیاسی و ئەمنی گێڕاوەتەوە، بۆیە بڕیارە لە رێگەی پەیامێکەوە بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن.
کۆنفرانسی نیشتمانیی کوردی لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە دەچێت و 300 ئەندامی دەبێت، لە کۆی گشتیی ئەندامەکان، 130 ئەندامی ئەنەکەسە، 130 ئەندامی پەیەدە و 40ـی دیکەش میوان دەبن، میوانەکانیش 20ـیان لە ئەنەکەسە و 20ـی دیکەشیان لە پەیەدە دەبن.