ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارەکانی کۆبوونەوە نائاساییەکەی تایبەت بە پەسەندکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی رێککەوتنەکە هەرێمی کوردستان دەستبەجێ دەست بە رادەستکردنی زیاتر لە 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەکات و مانگانەش 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی دەداتە بەغدا.
یەکەم: دۆسیەی رادەستکردنی نەوت
١- حکوومەتی هەرێم دەستبەجێ دەست دەکات بە ڕادەستکردنی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم بە کۆمپانیای بەبازاڕیکیرنی نەوت (سومۆ) بۆ هەناردە کردنی و وەزارەتی داراییی فیدراڵی، بەپێی یاسای هەموارکردنی یاسای بودجە، بە پێدانی پێشینەیەک بە حکوومەتی هەرێم بە بڕی ١٦ دۆلار (بە شێوەی عەینی یان بە پارە) بۆ هەر بەرمیلێکی وەرگیراو، پابەند دەبێت. بەو مەرجەی لە ئێستادا بڕی وەرگیراو لە ٢٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمتر نەبێت و، هەموو زیادبوونێکی بەرهەمهێنان دەخرێتە سەر ئەو بڕە، ئەمەش لە ڕێگەی لێژنەی پێوان و پێهەڵسەنگاندنی هاوبەشەوە ئەنجام دەدرێت. لە کاتی وەستانی هەناردەکردنیش، لەبەر هەر هۆکارێک بێت، تەواوی ئەو بڕەی باس کراوە ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکرێت.
(ڕوونکردنەوە: بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەرێم، ئاستی بەرهەمهێنان لە ئێستادا ٢٨٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. ڕۆژانەش ٥٠ هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ لە هەرێم تەرخان دەکرێت. ئەوەی دەمێنێت، واتە ٢٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەگەڵ هەر زیادبوونێکی بەرهەمهێنان لە داهاتوودا، بە مەبەستی هەناردەکردنی ڕادەستی سومۆ دەکرێت).
٢- ڕۆژانە بڕی ٥٠ هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم تەرخان دەکرێت، بەو مەرجەی حکومەتی هەرێم تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەم بڕە لە ئەستۆ بگرێت و داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان دوای دەرهێنانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتن بۆ گەنجینەی گشتیی فیدراڵی بگەڕێتەوە. هەر کاتێکیش هەرێم پێویستی پێی بێت، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێگای ئۆسووڵی بڕێک لە بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هەرێم دابین دەکات بەو مەرجەی لە بەرهەمی پاڵاوتنی ١٥ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا زیاتر نەبێت. لێژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێویستیی ڕاستەقینەی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەکان دەخەمڵێنن بە مەبەستی تەرخانکردنیان، بە مەرجێک لیژنەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بەرز بکەاتەوە بۆ بڕیاردان لە سەری.
دووەم: دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان
١- وەک پشکی مەزەندەکراوی سەرەتایی گەنجینەی گشتیی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەکان بۆ مانگی ئایار، حکوومەتی هەرێم بڕی (١٢٠) ملیار دینار وەک بەشی یەکەمی پارەدان ڕادەستی وەزارەتی داراییی فیدراڵی دەکات. بەو مەرجەی کە دوای تەواوکردنی وردبینی بەپێی بڕگەی (٢)ی خوارەوە ئەو پارەیە ساغ بکرێتەوە.
٢- تیمێکی کار لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم پێک دێت، بۆ پۆلێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و وردبینی و دیاریکردنی پشکی حکوومەتی فیدراڵی لەو داهاتانە، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەهاکانی تێکڕای داهاتە نانەوتییەکان بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەکانی کە لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی هەرێم لە کاتی جێبەجێکردنی یاسای بەرکاری بودجەی گشتی فیدراڵەوە پێشکەش کراون. پێویستە ئەم تیمە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتی خۆی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکات بۆ بڕیاردان لەسەری.
سێیەم: لێژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی خۆجێکردنی مووچە لە هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی پێک دەهێنرێت، بە مەرجێک ئەرکەکەی خۆی لە ماوەیەکدا تەواو بکات کە لە سێ مانگ زیاتر نەبێت و، لە کۆتایی ئەم ماوە باسکراوەدا تەنیا مووچە خۆجێیکراوەکان پارەدار دەکرێن.
چوارەم: تیمێک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم پێک دەهێنرێت بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە خەرجییەی کە زیاترە لە پشکی هەرێم لە خەرجیی ڕاستەقینە و، چۆنێتیی چارەسەرکردنی ئەو زێدەڕۆییە بەپێی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵانی (٢٠٢٣-٢٠٢٤-٢٠٢٥)، پێویستە لە ماوەیەکدا کە لە دوو هەفتە زیاتر نەبێت، ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بەرز بکاتەوە.
پێنجەم: وەک دەستپێکی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، وەزارەتی دارایی دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی/ کۆمپانیای سومۆ وەرگرتنی تەواوی بڕی نەوتی باسکراو لە بڕگەی یەکەم / ١ (٢٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ئێستادا) لە بەندەری جەیهان بەپێی یاسا پشتڕاست دەکاتەوە، دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم دەکات.
شەشەم: ئەو وادانەی لەم بڕیارەدا ئاماژەیان بۆ کراوە لە ڕۆژی پەسەندکردنی ئەم بڕیارە لە ئەنجومەنی وەزیراندا، دەست پێ دەکەن.
بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق تا نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرێت بەغدا پارەی مووچە رەوانە ناکات؛ زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان رێککەوتنی کرد.
بەپێی دەقی ئەو رێککەوتنە کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردوەتەوە، تا وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا سۆمۆ وەرگرتنی نەوت لە بەندەری جەیهان پشتراست نەکەنەوە، وەزارەتی دارایی پارە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.
بەپێی رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، 230 هەزاری بداتە بەغدا و 50 هەزاریشی لە ناوخۆدا بەکاربهینێتەوە.
ناردنی پارەی مووچە بە مەرجی رادەستکردنی نەوت لە کاتێکدایە زیاتر لە 24 کاتژمێرە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان رایگراوە.
عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان - ئەپیکور لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.
ئەگەرچی هەولێر و بەغدا رێککەوتنیان کردووە، بەڵام ناو بەناو هێرشی دۆرنییەکان دەست پێدەکەنەوە و کێڵە نەوتییەکان بە ئامانج دەگرن دیار نیە درۆنەکان رێگە بە دەستپێکردنەوەی نەوت دەدەن یاخود هێرش دەکەنەوە.
هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا کۆتایی بە هێرشی درۆنەکان بهێنێت، چونکە ئەو هێرشانە وەک کارتی فشار دژی هەرێمی کوردستان دەبینران تا نەرمی بۆ رێککەوتن بنوینێت و نەوتەکەی رادەست بکات.