هەواڵ

بەریتانییەکان بۆچی لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورد کۆبوونەوە؟

Mic
2025-07-30

بەریتانییەکان بە شاندێکی سەربازی و سیاسییەوە دۆخی ئەمنی و ئابورییان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد و رایانگەیاند، وەڵاتەکەیان ئامادەی هەموو هاوكارىی و پشتيوانييه‌كە بۆ پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

شاندێکی سەربازی و سیاسی بەریتانیا لە یەک رۆژدا بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، بافڵ تاڵەبانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە و دۆخی ئەمنی و ئابورییان تاتوێ کرد. 

هێرشە درۆنی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، هەڕەشەکانی داعش و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە گرنگترین تەوەرەکانی گفتوگۆ بوون.

شاندەکەی بەریتانیا کە پێکهاتبوون لە جێگرى ئه‌دميراڵ ئێدوارد ئالگرين، ڕاوێژكارى باڵاى به‌ريتانيا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئەفریقا و له‌ ژماره‌يه‌ك ڕاوێژكار و كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هەولێر، پەیامی پشتیوانی لەندەنیان بۆ هەولێر دووپاتکردەوە. 

نێچيرڤان بارزانى لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەکە داعشی وەک مەترسییەکی راستەقینە لە عێراق و سوریا ناوبرد، ده‌رباره‌ى هێرشه‌ درۆنييه‌كانيش بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئامانجگرتنى ژێرخانى وزه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان رایگەیاند، هەڕەشەن زيان بە ته‌واوى ئابووريى عێراق دەگەنن و پێویسته‌ ڕێگرى له‌و هێرشانه‌ بكرێت.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان یەکێکی دیکە بوو لەو سەرکردە سیاسییانەی کە لەگەڵ شاندەکەی بەریتانیا کۆبووەوە و ستایشی رۆڵی بەریتانیای لە شەڕی دژی داعش کرد و رایگەیاند، مەترسییەکانی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە.

پەیوەست بە هێرشە درۆنییەکان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی وتی، ئەو هێرشانە مەترسییەکی گەورەن و دەبێت رێگرییان لێبکرێت و نەهێڵرێت ئارامی وڵاتەکە تێکبدەن.

مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستانیش بە شاندەکەی راگەیاندووە، پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگیردرێت و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان مسۆگەر بکرێت.

بارزانی بە پێویستی زانیووە، رێگری لە هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت و کۆتاییان پێبهێنرێت. 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەکەدا راگەیاند،پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و هەموو لایەنەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.

قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان و بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لەگەڵ ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی سەقامگیری عێراق، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانە مەترسییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراقیش و هیواشی خواست ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە. 

More News

Most Popular

هەواڵ

بێ متمانەیی ناردنی مووچەی مانگی شەش زیاتر دوا دەخات

Mic
2025-07-31

بێ متمانەیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچەخۆران زیاتر دوا دەخات، حکومەتی هەرێم  بۆ ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ داوای گەرەنتی لە بەغدا دەکات.

بەپێی بەدواداچونێکی دیجیتاڵ میدیای MIC وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان  120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی ئامادەکردووە و چاوەڕێی فەرمانە بیخاتە سەر هەژمار بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.

حکومەتی هەرێمی کوردستان گومانی هەیە، لەوەی ئەگەر 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بنێرێت، بەغدا پارەی مووچەی مانگی شەش دەنێرێت، داوا گەرەنتی لە حکومەتی فیدراڵ کردوە.

میدیایەکی نزیک لە پارتی باس لەوە دەکات محمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێککەوتنەکە پاشگەزبووەتەوە و پرسی مووچە وەک کەرستەی بانگەشە بۆ هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت، بۆیە ئامادە نییە مووچە بنێرێت.

بەپێی زانیارییەکانی MIC لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەزۆرینەی دەنگ بڕیاردراوە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ بنێرن بۆ بەغداد، بەڵام یەکێک لە وەزیرەکان داوای کردوە گرنتی لە عێراق وەربگیرێت ئەوکاتە پارەکە بنێردرێت.

لەگەڵ داهاتی ناوخۆ، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی ڕۆژانەش ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق بکات.

لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی وەڵامی بەغدایە، ئەگەر بەغدا ڕەزامەندی بدات لەسەر ناردنی پارەی مووچەی مانگی شەش، هەولێریش داهاتی ناوخۆ دەخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، نەوتی بەردەستیش ڕادەست دەکات.

هەر بە پێی زانیارییەکان، نزیکەی مانگێک دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شەشی بۆ بەغدا ناردووە.

بەپێی دواین ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ و 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات و لەبەرامبەریشدا عێراق پارەی مووچەی هەرێم دەنێرێت.