هەواڵ

لەهەرێمی كوردستان نزیكەی 500 كەس سزای لەسێدارەدانیان هەیە و چاكسازییان بۆ دەكرێتەوە

Mic
2022-10-05

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، چاكسازییەكی نوێ بۆ ئەو كەسانە دروست دەكرێت كە بە ماددەی تیرۆر دەستگیركراون یاخود بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە. 
كوێستان محەممەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی دۆخی چاكسازییەكان، چڕی و زۆریی ژمارەی گیراوان لە چاكسازییەكان، بڕیاری لێبوردنی گشتی و پڕۆژەی قەرزی بچووك بۆ گەنجان، رایگەیاند: چاكسازییەكی نوێ دروست دەكەین بۆ ئەو كەسانەی كە بە ماددەی تیرۆر دەستگیركراون.
 وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی وتیشی: ئەو سێ چاكسازییەكەی گەوران هەریەكێكیان بۆ 900 كەس دروستكراون، بەڵام ئێستا ژمارەیان دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە زیادی كردووە، داوامان كردووە چاكسازییەكی دیكەی گەوران دروستبكرێت بۆ ئەو كەسانەی بە ماددەی تیرۆر دەستگیركراون یان بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە.
كوێستان محەممەد دەشڵێت: سەرۆكی حكومەت بڕیاری دروستكردنی چاكسازییەكەی داوە، بەڵام هێشتا شوێنەكە یەكلانەكراوەتەوە، هەروەها سێ چاكسازی ژنان و منداڵانیش هەن، شوێنی ئەوانیش بچووك و خراپە، بۆیە دەستمانكردووە بە دروستكردنی چاكسازیی ژنانی هەولێر، بڕیارە بۆ سلێمانی و دهۆكیش دروستبكرێت. 
سەبارەت بە دەركردنی لێبووردنی گشتی  كوێستان محەممەد رایگەیاند: لیژنەیەكی باڵا پێكهێندراوە و لە قۆناغی تاوتێكردندایە،لێبوردنی تایبەت لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و لێبووردنی گشتیش لە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە.
لەبارەی گیراوانی بادینانیشەوە وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی وتی: دۆسیەكانی گیراوانمان بۆ داواكاری گشتی ناردووە دادگا بڕیاردەدات ئازادكردنی مەرجدار دەیانگرێتەوە یان نا.
رۆژی 19-4-2021، وەزیری كار و كارورباری كۆمەڵایەتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: بڕیارمانداوە سێ نەخۆشخانەی دەروونیی تایبەت بە ژنان دروستبكەین. 
وەكو كوێستان محەممەد دەڵێت: لە سلێمانی بینای نەخۆشخانەكە ئامادەیە، لە هەولێریش نەخۆشخانەیەك هەیە، بەڵام پێویستی بە نۆژەنكردنەوەیە و وەزارەتی دارایی پارەی بۆ تەرخانكردووە، لە دهۆكیش بینای نەخۆشخانەیەك هەیە كە شارەوانی تێدایە، ئاگاداركراونەتەوە چۆڵی بكەن، چونكە باڵەخانەكە تایبەتە بە وەزارەتی تەندروستی و بۆ نەخۆشخانە دەروونییەكە تەرخانكراوە.
وتیشی: دەتوانم بڵێم ئەمساڵ بەدڵنیاییەوە لە سلێمانی دەكرێتەوە، بەڵام بۆ هەولێر و دهۆك كەوتووەتە سەر بیناكانیان.
 بەوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان، لە هەرێم شەش چاكسازی هەن كە سیانیان چاكسازیی گەورانن،لەكاتێكدا لە هەرێمی كوردستان تەنیا ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان هەیە و لە زینداندان، نزیكەی 500 كەسن.

More News

Most Popular

-18

ئایا لە منداڵدا مەڵاشوو دەکەوێت؟

Mic
2024-02-21

ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.