قوتابخانەکانی
ناوچەی لۆس ئەنجلۆس دەنگیان دا بە قەدەغەکردنی تەواوەتی بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان
لە قوتابخانە حکومییەکانی شارەکەدا.
ئەم بڕیارە لە
کاتێکدایە کە پارێزگاری کالیفۆرنیا کە پڕ دانیشتووترین ویلایەتی ئەمریکایە، هەوڵدەدات
بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە لە قوتابخانە قەدەغە بکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان
لەسەر تەندروستی دەروونی خوێندکاران.
لە لۆس ئەنجلۆس
کە دووەم گەورەترین ناوچەی خوێندنگەکانی وڵاتەکەی لەخۆدەگرێت، ئیدارەی قوتابخانەکان
دەبێت پلانێک دابڕێژن بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی مۆبایل و سۆشیال میدیا بە درێژایی
ڕۆژ.
ئەندامی دەستەی
کارگێڕی قەزاکە نیک مێلڤۆین کە پێشنیاری قەدەغەکردنی مۆبایلەکەی کردووە، وتی:
"ئەو قوتابخانانەی کە تاقیکردنەوەیان لەسەر قەدەغەکردنی مۆبایل کردووە بۆ ماوەی
ڕۆژێکی تەواو، ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر بەدەستدەهێنن: منداڵان دڵخۆشترن، قسە لەگەڵ یەکتر
دەکەن و ئەدای خوێندنیان باشتر دەبێت." ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆیە پێموایە
کاتی ئەوە هاتووە ئەم بیرۆکەیە وەربگرین.
لە بڕیارەکەدا
ئاماژە بە توێژینەوەکان کراوە کە ئاماژە بەوە دەکەن کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی مۆبایل
پەیوەندی بە زیادبوونی فشاری دەروونی، دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، کێشەی خەوتن، هەستی شەڕانگێزی
و بیرکردنەوەی خۆکوشتن لە هەرزەکاراندا هەیە.
هەروەها توێژینەوەکان
دەریانخستووە کە ئاستی قوتابخانەکان باشتر بووە بۆ ئەو خوێندکارانەی کە مۆبایلی زیرەک
بەکارناهێنن.
لە ئەمریکا کە
لانکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، نیگەرانی لە کاریگەریی ئەم پلاتفۆرمانە لەسەر ژیانی
گەنجانی ئەمریکی زیاتر دەبێت.
ڕۆژی دووشەممە، ڤیڤێک
مورتی، سەرۆکی پزیشکی وڵاتەکە، سەرنووسەری ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی واژۆکرد کە تێیدا
داوای کردبوو پەیامی هۆشداری ئاگادارکردنەوە لە مەترسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەر
تەندروستی بەکارهێنەران، هاوشێوەی ئەو پەیامانەی کە لەسەر پاکەتی جگەرە دادەنرێت.
مورتی داوای لە
پلاتفۆرمەکان کردووە هۆشداری ڕوون بڵاوبکەنەوە "بۆ ئاگادارکردنەوە لەو مەترسییە
بەرچاوانەی" کە پلاتفۆرمەکان "بۆ تەندروستی دەروونی هەرزەکاران"
دروستی دەکەن.
ئەو پزیشکە
ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بەسەربردنی زیاتر لە سێ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا لە سۆشیال میدیادا
ئەگەری تووشبوون بە نیشانەکانی پەیوەست بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە هەرزەکاراندا دوو
هێندە زیاد دەکات.
گاوین نیوزۆم،
پارێزگاری ویلایەتی کالیفۆرنیا ئەمڕۆ سێشەممە ئەم بابەتەی دەستپێکرد بۆ ئەوەی نیازی
خۆی بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان لە قوتابخانەکانی سەرتاسەری ویلایەتەکەدا
ڕاگەیاند.
ئەم پڕۆژە یاسایە
سەرەتا دەبێت ڕەزامەندی پەرلەمانتارە ناوخۆییەکانی ئەم ویلایەتە وەربگرێت کە دیموکراتەکان
زاڵن.
لە ئەمریکایەکی
جەمسەرگیریدا کە تادێت جەمسەرگیری زیاتر دەبێت، ئەم پرسە خاڵێکی دەگمەنە بۆ ڕێککەوتنی
نێوان هەردوو لایەن. بۆ نموونە لە ویلایەتی فلۆریدا کە لەلایەن نەیارەکەی نیوزۆمەوە
بەڕێوەدەبرێت، کە کۆماریخواز ڕۆن دیسانتیسە، ساڵی ڕابردوو ویلایەتەکە بەکارهێنانی
مۆبایلە زیرەکەکانی لە قوتابخانەکاندا قەدەغە کرد.
لە ئۆکلاهۆما،
کانزاس، ڤێرمۆنت، ئۆهایۆ، لویزیانا و پێنسیلڤانیا کار لەسەر پڕۆژەی هاوشێوە دەکرێت.
عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی کە بە "جەلادەکەی ئەنفال و نوگرە سەلمان" دەناسرێت، دوای نزیکەی 40 ساڵ دەستگیرکرا. داوا دەکرێت کەسوکاری ئەنفالکراوان سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار بکەن.
نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عێراق هەواڵی دەستگیرکردنی تاوانبارێكی شاڵاوەكانی ئەنفال بە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان راگەیاند.
عەجاج کە بە "جەلادەکەی ئەنفال و نوگرە سەلمان" دەناسرێت، ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتییە، خەڵکی شاری تکریتی پارێزگای سەلاحەدینە.
عەجاج لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، کە هەمان عەشیرەتی سەدام حوسێن سەرۆکی رژێمی پێشووی عێراقە و زۆرینەیان لە تکریت نیشتەجێن.
ناسناوەکانی "جەلادەکەی ئەنفال و نوگرە سەلمان" لەلایەن ئەو کوردانەوە داهێنراوە کە لە پرۆسەی ئەنفال و هەڵەبجەدا لەلایەن بەعسەوە دەستگیرکراون لە زیندانی نوگرە سەلمان زیندانی کراون.
لەو ماوەیەدا عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی سەرپەرشتیاری زیندانەکە بووە و بە توندترین شێوە ئازاری زیندانیکراوانی داوە.
عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی کە پلەی رائیدی ئەمن بووە لە سەردەمی بەعسدا چەندین پۆست و بەرپرسیارێتی سەربازی وەرگرتووە.
کاتی روخانی رژێمی بەعس ماڵی لە کەرکوک بووە، دوای روخانی رژێم رویکردووتەوە سوریا و لە گەڕەکی جەرمانەی دیمەشقی پایتەختی سوریا لە شوقەیەکدا ژیاوە.
عەجاج لە دەرەوەی عێراقەوە، چاودێری پرۆسەی روخانی رژێمی بەعس و دادگایکردنی بەرپرسانی پێشووی عێراقی کردووە و زانیوویەتی یەکێکە لەو کەسانەی ناوی وەک تاوانبار لە تاوانی ئەنفالدا هاتووە.
دوای دەستپێکردنی بەهاری عەرەبی و تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە سوریا گەڕاوەتەوە عێراق، چەند جوانکارییەکی بۆ روخساری کردووە تا لە عێراق نەناسرێتەوە، جوانکارییەکان ئەگەرچی هاوکاریی بوون لە دواخستنی دەستگیرکردنی بەڵام نەیانتوانی ببنە فریاد ڕەسی کۆتایی و رزگاری بکەن.
سێ کوڕی هەبووە، دووانیان بوونەتە چەکداری قاعیدە و لە شەڕێکدا لە ناحیەی (زلوعیە)ی پارێزگای سەڵاحەدین کوژراون، سێیەم کوڕی بە ناوی رائید کە کوڕە بچووکی بووە، ئەوەندە زانیاریی هەیە لەبارەیەوە کە لە سوریا لەگەڵ باوکیدا ژیاوە.
عەجاج دوو پاسەوانی تایبەتی هەبووە بەناوەکانی سەخر و شەوقی، چارەنووسی سەخر نادیارە، شەوقی لە ساڵی 2011 چووەتە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەری کردوە.
نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، داوای لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان کردووە، پەیوەندییان پێوە بكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو "تاوانبارە" بوەستنەوە.
ساڵی 1988، لە هەڵمەتێكی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا، بە هەشت قۆناغ پرۆسەی ئەنفالی كورد دەستیپێكرد.
زۆرینەی ئەو کەسانەی کە دەستگیرکران گواسترانەوە بۆ زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە و زۆرینەیان لەلایەن عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتیەوە ئەشكەنجە دران.
دوای كیمیابارانی هەڵەبجەش، ئەو هەڵەبجەییانەی ئاوارەی ئێران بوون و دواتر بەهۆی لێخۆشبوونێكی گشتیی رژێمی بەعسەوە گەڕانەوە و دواتر بۆ ماوەی چوار مانگ و 10 رۆژ لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون.
زۆرینە یان هەموو ئەم دەستگیرکراوانەش لەلایەن عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتیەوە ئەشكەنجە دران، هەر ئەوانیش رۆڵێکی گەورەیان لە ناسینەوە و دۆزینەوەی گێڕا.