زانست

دوای هاتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چ گۆڕانکارییەک ڕوویداوە؟

Mic
2024-06-30

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا خەریکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی جێ بە ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن، ڕۆژنامە، گۆڤار، سینەما و کتێب لەق دەکەن.
جاران سەرچاوەکانی دەستکەوتنی زانیاریی زۆر سنوردار بوون، چەند کەناڵێکی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک هەبوون، چەندین ماڵ تەنانەت تەلەڤزیۆنیشیان نەبوو. ئەو سەردەمە کاتی پێشکەشکردنی هەواڵەکان لە چەند کاتژمێرێکی دیاریکراودا بوو. بەڵام ئێستا دۆخەکە جۆرێکی دیکەیە و مرۆڤ بەردەوام زانیاری و هەواڵی نوێی بەرچاو دەکەوێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکان. بێگومان ئەو هەموو سەرچاوەی هەواڵەیش جۆرێک لە زۆری و بۆری لێ کەوتەوەتەوە و چەندین پەیج هەواڵی ناڕاست و چەواشەکەر بڵاو دەکەنەوە.
خەڵک ناچار نییە بۆ ماوەیەکی زۆر بە دیار شاشەی تەلەڤزیۆنەوە دابنیشێت تاکوو کاتی هەواڵەکان دێت، یان ڕۆژنامەیەک بە دەستەوە بگرێت و بیخوێنێتەوە. لەبری ئەوە چ کاتێک بیەوێت مۆبایلەکەی باخەڵی دەردەهێنێت و هەواڵەکانی بەدەست دەگات.
تەنانەت ئێستا تەلەڤزیۆنەکانیش وەک جاران نەماون و تەلەڤزیۆنی زیرەک بە ئینتەرنێتەوە دەبەسترێتەوە.
ئێستا وای لێ هاتووە بۆ کڕینی شتێک پێویست نەکات هەر لە جێی خۆت هەڵبستی و ڕاستەوخۆ بە ئۆنلاین لە ڕێگای پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوای دەکەی و بۆت دێتە بەر دەرگای ماڵەوە، لە کاتێکدا خەڵک پێشتر بۆ کڕینی شت بەرنامەیان دادەنا و دەچوونە بازاڕ و مۆڵەکان.
زۆربەی خەڵک ئێستا یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک یوتیوب، واتساپ، ئینستاگرام، فەیسبوک و سناپچات بەکار دەهێنێت.
لە بەرامبەریشدا کۆمپانیاکان سپۆنسەر لە زۆربەی ڕێکلامەکانیان دەدەن بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک بیانبینێت و ببێت بە جێی سەرنج بۆیان.
لە کاتێکدا پێشتر کارکردن مەیدانی و لە ئۆفیس بوو، ئێستا خەڵکانێکی زۆر بە ئۆنلاین و لە ڕێگای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کار دەکەن.
پێشتر ڕێکلام لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەکرا، ئێستا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکرێت.
جاران خەڵک کاتی بەتاڵی خۆی بە ئەنجامدانی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، سەیرکردنی تەلەڤزیۆن و خوێندنەوەوە بەسەر دەبرد، ئێستا کاتە بەتاڵەکانی بە یارییە ئۆنلاینەکان و بە دیار تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر دەبات.
جاران خەڵک سەردانی یەکتریان دەکرد و ڕووبەڕوو یەکتریان دەبینی یاخود پێکەوە بەشدارییان لە چالاکییەکاندا دەکرد، ئێستا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندییەکانیان ئەنجام دەدەن و ئاگایان لەیەکترە و یەکتری تاگ و مێنشن دەکەن.
جاران لە کۆبوونەوە و کۆنفرانس و گۆشەی ڕۆژنامە و گۆڤار و بەرنامەکانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن باسی سیاسەت دەکرا، ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیووەتەوە.
جاران پەیوەندییەکان لە ڕێگای تەلەفۆنی نۆرماڵەوە ئەنجام دەدران، ئێستا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.
جاران خەڵک لە ڕێگای هاوڕێ و خزم، یان بە هۆی خوێندن و کارکردنەوە زیاتر خەڵکی دەناسی، ئێستا زیاتر بە هۆی چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵک دەناسێت و تێکەڵیان دەبێت.
جاران خەڵک بۆ فێربوون و گەشەپێدانی خۆی و فێربوونی زمان دەیخوێند، بەشداری لە خولەکاندا دەکرد و کتێبی دەخوێندەوە، ئێستا لە ڕێگای پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، خولی ئۆنلاین، پۆدکاست و ڤیدیۆیی پەروەردەیییەوە گەشە بە خۆی دەدات و فێری زمانی بیانی دەبێت.
کاریگەرییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە جۆرێکن، هەڵسوکەوت و مامەڵەی زۆربەی خەڵکی گۆڕیووە. زۆربەی جار خەڵک هەوڵ دەدات بە شێوەیەک وێنای خۆی نیشان بدات، کە حەزی لێیە وا بێت نەک وەک ئەوە بێت کە هەیە.
لە کاتێکدا ناکرێت لایەنە ئەرێنییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نادیدە بگیرێت لەو ئاسانکارییانەی بۆ مرۆڤی کردووە، بەڵام بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر و خووگرتن و گیرۆدەبوون بە بەکارهێنانیان مەترسیدارە و پسپۆڕان بە پێویستی دەزانن ماوەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سنوردار بکرێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا چر دەکرێنەوە

Mic
2025-05-18


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی جەگی روسیا و ئۆکرانیاوە رایدەگەیەنێت، بەدوای ئاشتی‌ و کۆتاییهێنان بەشەڕێکی خوێناوییەوەین و هەروەها دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، کە سبەینێ 19ـى ئایار پەیوەندیی سەرۆکی روسیا و سەرۆکی ئۆکرانیاوە دەکات.

لە 24ـی شوباتی 2022، بە فەرمانی ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیا بڕیاری هێرشکردنە سەر خاکی ئۆکرانیا درا، ئەو جەنگە سێ مانگە بەردەوامە و زیانی گیانی و مادی گگەوری بەدوای خۆیدا هێناوە.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، روسیاو ئۆکرانیا یاریمان پێدەکەن، ئێمە هەوڵدەدەین هۆکارەکەی بزانین و جەختیکردەوە، کە دانوستانی نێوان روسیاو ئۆکرانیا بەبێ ترەمپ سەرناگرێت.

ڕوبیۆ لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس دەڵێت: تاکە ڕێگە بۆ پێشکەوتن لەم دانوستانانەدا ئەوەیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ چاوی بەڤلادیمێر پوتن هاوتا ڕوسییەکەی بکەوێت‌و گفتوگۆش لەگەڵ زێلێنسکی بکات.

ئاماژەی بەوەکردووە، ترەمپ بەئاشکرا پێشنیازیکرد کۆبونەوەیەکی جیا بەجیا بکرێت، ئێمە بەدوای ئاشتی ‌و کۆتاییهێنان بەشەڕێکی خوێناوییەوەین، بۆیە پێویستمان بەهەندێک ئارامی هەیە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ رایگەیاند، کە رۆژى دوشەممە 19ـى ئایار پەیوەندیی بەپوتنەوە دەکات، دواتر بەڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا.

مۆسکۆو کیێڤ هەینی ڕابردوو نوێنەریان نارد بۆ ئەسته‌نبوڵ بۆ یەکەم دانوستان لەماوەی نزیکەی سێ ساڵدا، دوای ئەوەی زێلێنسکی پێشنیازیکرد راستەوخۆ لەگەڵ پوتن کۆببێتەوە، بەڵام سەرۆکی ڕوسیا پێشنیازی ئۆکرانیای رەتکردەوەو لەبری ئەوە وه‌فدێكى دیپلۆماسی نارد.

ئەو خولەی دانوستانەکان بوەهۆی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وه‌فده‌كه‌ بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نزیکەی هەزار زیندانی لەنێوانیاندا.

لە ماوەی سێ ساڵی جەنگی روسیا و ئۆکرانیادا، بەگوێرەی ئاژانسی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم 12هەزار و 654 سڤیل، کە 669 یان منداڵن، لە ئۆکراینا کوژراون.

بەوتەی سەرۆکی ئۆکرانیا، لەو جەنگەدا، 46 هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون 320 ملیار دۆلار زیانی ئابووری بەر ئۆکراینا کەوتووە90  هەزار سەربازی رووسی کوژراون.

بەگوێرەی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR)، شەش ملیۆن و 906 هەزار ئۆکراینی ئاوارەبوونە و 20 هەزار منداڵی ئۆکرانیا رفێنراون.

لە ماوەی سێ ساڵی جەنگەکەدا،  رووسیا 25 هەزار و 600 هێرشی ئاسمانی و درۆنی کردووەتە سەر ئۆکرانیا و نزیکەی 11 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە دژی ئۆکرانیا نێردراونەتە رووسیا.

بەگوێرەی پەیمانگەی کایل بۆ ئابووریی جیهانی، ئەورووپا 74.9 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی و 66.3 ملیار دۆلار هاوکاریی دارایی و مرۆیی بە ئۆکراینا داوە. کۆی گشتی 141.24 ملیار دۆلارە.